مەترسیی و ڕێگەچارەكانی دابەزینی ئاستی ئاو لە هەولێر

شەیری بکە لە:
مەترسیی و ڕێگەچارەكانی دابەزینی ئاستی ئاو لە هەولێر

وێنە- سۆشیال میدیا

 ئاڤا نیوز


لە هەندێک ناوچەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەماوەی 20 ساڵدا بڕی 70 ملیار مەتر سێجا ئاو لەچینەکانی زەویدا نەماوە و بە قوڵایی زیاتر لە 200 مەتر سێجا دابەزیوە، ئەمەش کۆمەڵێک مەترسی هێناوەتە پێشەوە.


بۆچی گرنگە: ئاو  دەتوانێ فاکتەری جەنگ و ململانێ بێت، لە هەمان کاتدا دەتوانێ فاکتەری ئاشتی و هاوکاری و دەستلەملانێش بێت، ئێستا ناکۆکی قووڵی بەشێک لە وڵاتانە بە جۆرێک گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی شەڕ. لە کۆنیشەوە مرۆڤ بەردەوام هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ئاوییەکانی داوە.


ژمارەکان وادەڵێن: بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی هەولێر، ئەو بەشەی حەوزی ئاوی ژێر زەوی دەشتی هەولێر کە دەکەوێتە سنووری ناحیەکانی بەحرکە و قوشتەپە و شەمامک، لەماوەی 20 ساڵدا بڕی 70 ملیار مەتر سێجا ئاو لەچینەکانیدا نەماوە و بە قووڵایی 200 مەتر دابەزیوە، هەروەها لە حەوزی گوێر لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا 27 بۆ 49 مەتر سێجا ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە.


هەرچی لە حەوزی  ئاوی ژێر زەوی چیای سەفینیشە 25.52 مەتر سێجا ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، لەم ئامارانەشدا دەردەکەوێت کە بە بەراوردکارییەکی 20 ساڵە لە هەموو حەوزەکانی ئاوی ژێر زەویی سنووری پارێزگای هەولێر، ئاستی ئاو لەدابەزین بەردەوامە.


لێدوانی فەرمی: نەزیر خەیلانی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی هەولێر بە ئاڤا نیوزی گوت: پێشتر لە ناوەندی شاری هەولێر ئەگەر بە لێدانی قووڵایی 300 مەتر ئاوی خاوێن بەدەست بهاتەیە، ئێستا دەبێت 400 مەتر هەڵبکەنرێت، لە هەندێک شوێنی وەکو قوشتەپە نزیکەی 700 مەتر دەبێت هەڵبکەنرێت.


ئایا بیر لێدانی نایاسایی ڕاگیراوە؟ 


 بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی هەولێر دەڵێت، بیر لێدانی نایاسایی بەردەوامی هەیە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا و تا ئێستا نزیکەی 430 ئامێری بیر لێدانی نایاسایی دەستی بەسەرداگیراوە و بەشێکی زۆری  بە شێوەی ئاسنی ووردە فرۆشراوەتەوە.


ڕێگەچارەکان چین؟


لە سنووری پارێزگای هەولێر زێی گەورە هەیە، بەڵام وەک پێویست بۆ کاری گەشتیاری و کشتوکاڵی و تەنانەت کارەباش سوودی لێنەبینراوە و بەنداویش بۆ گلدانەوەی ئاوەکەی بوونی نییە.


لەسەر ئەو زێیە هەرسێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی یەک و دوو و سێ هەیە کە لە 60% ئاوی شاری هەولێر دابیندەکەن، لە 40% کەی دیکەش لە ڕێگای هەزار و 700 بیرەوە دابین دەکرێت. بەو دوو سەرچاوەیە ڕۆژانە سەروی 650 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتیان دابیندەکرێت، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی هەولێر لێدان و زیادکردنی ژمارەی بیرەکان بە مەترسیدا دەزانێت و داوا دەکات پەلە بکرێت بۆ دروستکردنی پڕۆژەی ئیفراز چوار.


 کەی پڕۆژەی ئیفراز چوار دروست دەکرێت؟


ماوەی زیاتر لە نۆ ساڵە باسی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 4 دەکرێت لەسەر هەمان زێ لەلایەن کۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی، بەڵام تا ئێستا تەنیا نەخشەی پڕۆژەکە هەیە و کاری تێدا نەکراوە، بە تەواو بوونی دەتوانرێت واز لە سەدان بیر بهێنرێت و مەترسی زیاتر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی کەمبکرێتەوە.
 
لە ئێستادا ئاستی ڕووباری زێی گەورە 2.60 سانتیمە، پێشبینی دەکرێت بۆ وەرزی هاوین بۆ  1.20 سانتیم دابەزێت.


چارەسەرەکان
1.پێویستە هەرچی زووترە پەلە بکرێت لە دروستکردنی چەندین بەنداوی بە نرخ لە تەواوی هەرێمی کوردستان، کەوا بەشێکیان کاری نەخشەسازیشیان تەواو بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پڕۆژەی بەنداو بایەخی تایبەتی پێدراوە و بەنداوی گۆمەسپان بەشێکی زۆری کارەکانی تەواو بووە کە دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە کوردستاندا.
2.  پڕۆژەی ئیفراز چوار کارەکانی تەواو بکرێن.
3.  بەکارهێنانی ڕێگای هاوچەرخ بۆ ئاودێریی کشتوکاڵی.
4.  کەمکردنەوەی لێدانی بیری یاسایی و نایاسایی.
5.  تووندکردنی ڕێکارەکانی بەفیڕۆدانی ئاو لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان