نێچیرڤان بارزانی: کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکەین

شەیری بکە لە:
نێچیرڤان بارزانی: کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکەین

ئاڤا دیجیتاڵ

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی و حکومەتی عێراق کۆبووەوە. بەشێکی کۆبوونەوەکانی تایبەت بوون بە باسی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. بەپێی راگەیێنراوی کۆبوونەوەکان، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەری کێشەکان، بەتایبەت پرسی بودجە.

 

دوو رۆژە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و ئەمڕۆ، لەگەڵ د. عه‌بدولەتيف ڕه‌شيد، سه‌رۆكکۆمارى عێراق و حه‌يده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر و فالح فه‌يياز، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى ‌شه‌عبى و موحسین مه‌نده‌لاوى، جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق کۆبووەوە.

 

بۆچی گرنگە: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت پرسی بودجە و مووچە، هەناردەکردنەوەی نەوت و گرفتە کارگێڕییەکان.

 

زانیاری زیاتر: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فالح فه‌ياز، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى ‌شه‌عبى، جەختی لە هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى داعش بۆ سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كان و هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق و هاووڵاتييان کردەوە و بە مەترسییەکی رژد ناوی برد. بەپێویستیشیان زانی یەکگرتووبن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو مەترسی و هەڕەشانە ببنەوە.

 

بەتەنیشت ئەم هەواڵەوە: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا ئەم مانگە بڕی 615 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام هێشتا بڕیارە و پارەکە نەخراوەتە سەر حسابی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای گوت "هەر کاتێک پارەکە گەیشتە سەر حسابەکەمان، ئەوکاتە دەتوانین بڵێین بەغدا پارەی ناردووە".

 

باکگراوند: ناوەڕاستی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و ماراسۆنی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەستپێکرد. لەو کۆبوونەوانەدا سەرۆکوەزیران بارزانی بە راشکاویی هەڵوێست و نیەتپاکیی هەرێمی کوردستانی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە بەرپرسانی عێراق راگەیاند و داوای لێکردن، بەهیچ بیانوویەک بودجە و قووتی فەرمانبەران تێکەڵ بە بابەتە سیاسییەکان نەکرێت و هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچەیان پێبدرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان