كورد داوای "بایكۆتی" هەڵبژاردنەكانی ئێران دەكات

شەیری بکە لە:
ساتی دەنگدانی دەنگدەرێک لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017ـی ئێران - وێنە: ئاژانسی تەسنیمی ئێران

ساتی دەنگدانی دەنگدەرێک لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017ـی ئێران - وێنە: ئاژانسی تەسنیمی ئێران

ئاڤا نیوز

 

چوار حیزبی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕێگەی ئاڤا نیوزەوە، داوای "بایكۆتی" هەڵبژاردنەكان دەكەن و داوا لە هاووڵاتیانی شارە كوردییەكان دەكەن "بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن".

 

ڕۆژی هەینی داهاتوو لە ئێران هەڵبژاردن دەكرێت، بڕیارە نوێنەری پەرلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شوورا و یاسادانان لە ئێران هەڵبژێردرێن، 61 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، حیزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان داوا لە هاووڵاتیان دەكەن بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن، چونکە هەڵبژاردن لە ئێراندا "هیچ شتێک ناگۆڕێت".

 

"خەڵک بیری نەچووەتەوە ئێران چۆن خەڵکی بێتاوان دەکوژێت"


عارف باوەجانی، سەرۆكی پارتی سەربەستی كوردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: ئەم هەڵبژاردنەی لە ئێران بەڕێوەدەچێت هیچ گرنگییەكی نییە و داوا لە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین هەڵبژاردنەكانی ئێران بایكۆت بكەن، بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی ئێران واتە داننان بە دەسەڵاتی سیاسیی ئێران ئەمەش هیچ ڕەوایەتییەكی نییە و دەبێت نەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

 

ڕاشیگەیاند: تەنیا كورد نییە، ئازاری و بەلوجی و زۆربەی هەرە زۆری فارسەكانیش بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا ناكەن، چونكە گەلانی ئێران هێشتا سەركوتكردنی بزووتنەوەی ژینا ئەمینی و كوشتنی كۆڵبەران و لەناوبردنی خەڵكی بیرنەچووەتەوە، هەروەها خەڵكی بیری نەچووەتەوە كە چۆن ئێران هێرش دەكاتە سەر باشووری كوردستان و خەڵكی بێتاوان دەكوژێت. 

 

"هەڵبژاردنی ئێران تەنیا نمایشە"

 

ئارام موودەریسی، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵە و ئەندامی كۆمیتەی ڕێكخستنەكان، لە لێدوانێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا نیوز گوتی: كۆمەڵە بەردەوام لەگەڵ ئەوەدابووە لە ئێران هەڵبژاردنەكان بایكۆت بكرێن و خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن، داواشمان لە خەڵک هەر ئەوە بووە، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانەی نەكردووە و لەگەڵ داخوازی خەڵكدا نەبووە، هەر لەبەر ئەوە داوا لە تەواوی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن.

 

گوتیشی: ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات تەنیا نمایشێكە و هیچ شتێک نییە بەناوی هەڵبژاردنێكی ڕاست و دیموكراسیانە، خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لافیتەكان دەدڕێنێت، وێنەی بەربژێرەکان لادەدات، ئەمە پرۆسەیەكی نادیموكراسیانەیە لە ڕاستیدا پەرلەمانی ئێران هیچ گرنگییەكی نییە و توانای دەنگدان و تێپەڕاندنی پرۆژەیەكیشی نییە.

 

زیاتر لە چوار ملیۆن كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە

 

ئاشتیاكۆ پوور كەریم - سەرۆكی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا نیوز ڕایگەیاند: بەشداریکردنی كورد لە هەڵبژاردنەكانی ئێراندا واتە داننان و قبووڵكردنی ئەو دەستەڵاتەی لە ئێراندا هەیە کە "خاكی كوردستانی داگیركردووە"، بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان واتە قبووڵكردنی ئەو ناداپەروەرییەی كە ئێران هەیەتی دژی گەلی كورد.

 

گوتیشی: "هەرچی لە ئێران هەبێت بۆ گەلی كورد گرنگ نییە، چونكە كورد لە ئێراندا بەدوای سەربەخۆییە چارەسەری كێشەی كوردیش تەنیا سەربەخۆییە، بۆیە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا لەلایەن ئێرانەوە واتە داننان بە داگیركاری و ئەو دوژمنكارییەی كە ئێران بەرامبەر بە گەلانی ئێران دەیكات"، لەو چوار چێوەیەشدا داوامان لە گەلی خۆمان كردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن.

 


لە هەموو پارێزگا و شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەڵبژاردن دەكرێت

 

دیموکرات لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە پەیامی هەیە


حەسەن قادری زادە، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتیی دیموکرات قسەی بۆ ئاڤا نیوز کرد و داوا دەكات، خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنەكان نەكەن، چونكە ئەو كەسانەی كە هەڵبژێردراون سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ دەكەن و هیچ بۆ خەڵكی شارە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناکات.

 

 قادری زادە دەڵێت، دەبێت حیزبەكان و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان یەكڕیز و یەکدەنگبن، یەک بەرنامەیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن كورد لە  ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەبەرن، خەڵكی كوردستان و خەڵكی ڕۆژهەڵات بەتەواوی بێزارن لەو دەسەڵاتە و بڕوامان وایە دەبێت دەسەڵاتێكی نوێ لە ئێران هەبێت و كورد تێیدا یەكدەنگ و یەکڕیز بێت.

 

15 هەزار و 200 کاندید ڕکابەری لەسەر 290 کورسی پەرلەمان (ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی) دەکەن، کە هەر چوار ساڵ جارێک ئەندامەکانی هەڵدەبژێردرێن، ئەنجوومەنی پارێزەران کە پیاوانی ئایینین، داوای 49 هەزار کەسیان بۆ خۆکاندیدکردن پەسەند کردووە، ئەمە یەکەمجارە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ساڵی 1979ـەوە، ئەم ژمارە زۆرە کاندیدە هەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: