ڕێکارێکی بانکی ناوەندی لە ساڵی 2025دا بەهای دۆلار بەرز دەکاتەوە

شەیری بکە لە:
ڕێکارێکی بانکی ناوەندی لە ساڵی 2025دا بەهای دۆلار بەرز دەکاتەوە

لۆگۆی بانکی ناوەندی عێراق - وێنەی دۆلاری ئەمریکی

ئاڤا نیوز

 

دوای 20 ساڵ لە فرۆشتنی ڕاستەوخۆی دۆلار بە بازرگانان و کۆمپانیاکان کە بەمدوایانە بە پەنجەرەی ئەلیکترۆنیش دەناسرا، لە سەرەتای ساڵی تازەوە ئەو پرۆسەیە بە تەواوی ڕادەگیرێت و سیستمێکی تازە جێگەی دەگرێتەوە، سەرەڕای دڵنیاییەکانی بانکی ناوەندیش، بەڵام پێشبینی بەرزبوونەوەی دۆلار بەشێوەیەکی کاتی دەکرێت.

 

وێنە گەورەکە: لەدوای ساڵی 2003ەوە حکومەتی عێراق بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی نرخی دراو و هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی کەمدەرامەت تا بتوان پێداویستییەکانیان دابین بکەن، دۆلاری بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە بازرگانان دەفرۆشت تا کاڵا لە دەرەوە هاوردە بکەن، بەم دوایانەش ئەو ڕێکارە گوومانی چەندین دۆسیەی گەندەڵی و هاوردەکردنی کاڵای وەهمی و بەقاچاغبردنی دۆلاری بۆ وڵاتانی دراوسێ دروستکردبوو.  

 

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە ڕۆژی 2ـی مانگی داهاتووەوە بانکی ناوەندی پەنجەرەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە فرۆشتنی دۆلار دادەخات، لەمەودوا بانکە عێراقییەکان لە ڕێگەی بانکی نێوەندگیر و بەبێ دەستوەردانی بانکی ناوەندی پارەی کاڵاکانیان ڕەوانەی دەرەوە دەکەن.

 

بەوتەی سەرچاوەکە، بانکە سزادراوەکان لە سیستمە تازەکەدا بەشدارییان پێناکرێت و دراویان پێنادرێت، هاوکات ئەو بانکانەی عێراقیش کە پەیوەندییان لەگەڵ بانکێکی نێوەندگیری ئەمریکادا نەبێت، ناتوانن لە پرۆسەی ناردنی پارەی کاڵای بازرگانان بە دۆلار سوودمەند ببن، بانکی ناوەندیش بانکەکان دابەش دەکات بەگوێرەی ئەو دراوە بیانییانەی کە بانکەکان کاری حەواڵەی پێ دەکەن.

 

سەرەتای ساڵی 2023 بانکی ناوەندی ڕێکاری نوێی بۆ ڕێكخستنەوەی پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی گرتەبەر بەجۆرێک چاودێری پێشوەختەی خستەسەر ڕاست و دروستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و هاوردەکردنی کاڵاکان. بانکی ناوەندی عێراق خۆی دەڵێت، لە بنەڕەتدا ئەوە ئەرکی ئەوان نەبووە، بۆیەش ئێستا کە 95%ی کۆی حەواڵەی دەرەکی بە سیستمە تازەکە ئەنجام دەدرێت، ئەوان بە قۆناغ لەو بابەتە دەکشێنەوە و حەواڵەی دەرەکی لە نێوان بانکەکانی عێراق و بانکە دەرەکییە متمانە پێکراوەکان ئەنجام دەدرێت، لەم نێوەندەشدا کۆمپانیای نێودەوڵەتی تایبەت بە وردبینی، پێشوەخت وردبینی بۆ ڕاست و دروستی هەموو ڕێکارەکان دەکات.

 

سیستمە تازەکە چۆن کار دەکات؟

بەگوێرەی سیستمە تازەکە پێویستە بازرگانان پارەی ئەو کاڵایانەی هاوردەی دەکەن لە بانکەکانی عێراق بە دینار دایبنێن، بانکە عێراقییەکەش گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ بانکێکی دەرەکیدا هەیە و ئەو بانکەش لەگەڵ بانکە ئەمریکییەکاندا لێکۆڵینەوە لە ڕاستیی و دروستی ڕێکارەکانی هاوردەکردنی کاڵاکان دەکەن، دوای دڵنیابوونەوەش پارەکە بۆ لایەنی فرۆشیار دەنێردرێت.

 

ڕۆڵی بانکی ناوەندیی چی دەبێت؟

ڕۆڵی بانکی ناوەندی لەم بابەتەدا زیاتر تەرخانکردنی دۆلار دەبێت بۆ هەموو ئەو هەژمارە بانکییانەی کە هەموو ڕێکارەکانیان بەیاسایی تێپەڕاندووە، وەک شارەزایانیش دەڵێن بە دەستبەکاربوونی سیستمە تازەکە، بانکی ناوەندی چیتر بەرپرس نابێت لە بابەتی ساختەکاریی بەڵگەنامەکان و بەقاچخبردنی دراو، بەوەش دوور دەبێت لە هەموو سزا گریمانەکراوەکانی ئەمریکا کە ڕەنگ بێت بۆسەر ئابووری عێراق مەترسیدار بێت.

 

لێدوانی فەرمی: 26ی ئەم مانگە کاردۆ کەمال، پسپۆڕی ئابووری ئاڤا لە گەشتی هەواڵەکانی زەنگی بازاڕدا ڕایگەیاند، ناڕوونی و ترس هەیە لەو سیستمە تازەیەی بانکی ناوەندی کە بڕیارە لە سەرەتای ئەمساڵدا کاری پێبکات، بۆیەش پێشبینی دەکرێت بەهای دۆلار بەرزببێتەوە، چونکە خەڵک زیاتر دۆلار لای خۆی هەڵدەگرێت و خواست لەسەری زیاتر دەبێت.

 

لەلایەکی دیکەوە: نوار سەعدی، مامۆستای ئابووری نێودەوڵەتی باوەڕی وایە سیستەمە تازەکە لایەنی ئەرێنی هەیە وەک زیادبوونی شەفافیەت لە مامەڵەی بانکەکان و کەمبوونەوەی پشت بەستن بە بانکی ناوەندی وەک بانکێکی نێوەندگیر، لایەنی نەرێنیشی ئەوەیە لەوانەیە بەشێوەیەکی کاتی جۆرێک لە نائارامی لە بازارە داراییەکاندا دروست بکات، بۆیە گرنگە بانکی ناوەندی بەبەردەوامی ڕێنمایی ڕوون دەربکات و پەیوەندی بەردەوامیشی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت بۆ ڕێگری لە هەر کێشەیەک کە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە دروستببێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ