سبەی تەرازووی پێداچوونەوە بۆ بەغدا دەنێردرێت

شەیری بکە لە:
سبەی تەرازووی پێداچوونەوە بۆ بەغدا دەنێردرێت

وێنەی (هەژماری من - دیناری عێراقی) گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز

سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار لە قۆناغی کۆتایی دایە و نزیکە لە تەواو بوون، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ بەغدا دەنێردرێت".

وێنە گەورەکە: لەپاڵ ئامادەکردنی لیستی مووچە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکە بەچڕی کار لەسەر ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوە "میزان موراجەعە" و کۆکردنەوە و ناردنی داهاتی ناوخۆی مانگی سێ دەکات، بۆ ئەوەی بەزووترین کات لە بەغداوە پارە بنێردرێت و لە کۆتایی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار بکرێت.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاڤا زانیویەتی داهاتی ناوخۆ کۆکراوەتەوە، ئەم مانگە نزیکەی 49 ملیار دینار ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

زانیاریی تایبەت: سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی بە ئاڤای وت، سبەی پێنجشەممە میزان موراجەعە بۆ بەغدا دەنێردرێت کە لیستی خەرجی و داهاتی مانگی سێی وەزارەتەکان دەگرێتەوە و یەکێک لە پابەندییەکانی کوردستان بەرامبەر بەغدا بۆ ناردنی مووچە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بڕیارە لەگەڵ ناردنی لیستی مووچە، هەفتەی داهاتوو شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی سەردانی بەغدا بکات بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیار و تێبینییەک ئەگەر لەسەر لیستی مووچە هەبێت. 

شەیری بکە لە: