ئاڤا گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن لە بەشێکی پەیمانگە ناحکومییەکان ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


لەسەر داواکاریی قوتابیان لە چەند پەیمانگەیەکی ناحکومی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، ئاڤا بەدواداچوونی کرد و دەرکەوت لە بەشێکیان گەندەڵی دەکرێت، بە سسیتەمی فەیس ئایدی وەزاەرەت پابەند نابن و خشتەی ڕێکوپێکی دەوامکردنی قوتابیانیان نییە، جیاکاریش لەنێوان قوتابیان دەکرێت و تەنانەت لە پەیمانگەیەک لە بەرامبەر چاوپۆشیکردن لە دەوامنەکردنی قوتابییان، (وەکو بەرتیل) پارەی زیاتریان لێ وەرگیراوە.


وێنە گەورەکە: 
لە هەرێمی کوردستان
72 پەیمانگەی ناحکومی سەر بە وەزارەتی پەروەردە هەیە و خوێندن تێیاندا پێنج ساڵە، ژمارەیەك قوتابیی بەشێک لە پەیمانگەکان گلەیی و گازندەیان لە شێوازی بەڕێوەبردن و سیستەمی دەوامکردنی پەیمانگەکان هەیە.


گلەییەکان چین: ئاڤا قسەی لەگەڵ قوتابیانی زیاتر لە 10 پەیمانگە کرد و بەگشتی گلەییەکان سێ جۆرن: 


یەکەم: لە ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 واتا لە پارەوە، وەزارەتی پەروەردە سیستەمی فەیس ئای دی (چوونەژوورەوە بە ڕووخسار)ی بۆ پەیمانگەکان داناوە، بۆ ئەوەی دەوامیان بە ڕێکوپێکی تێدا بکرێت و نەهاتوو (غیابات) کۆنترۆڵ بکرێت.  هەرچەندە پەیمانگەکان ئەم سیستەمەیان داناوە، بەڵام وەکو پێویست جێبەجێی ناکەن، لەم پەیمانگەیانە قوتابی هەیە هەفتەی ڕۆژێک دەوام دەکات، یان دەچن فەیس ئای دی دەکەن، بەڵام بەشداری لە وانەکان ناکەن،  ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی قوتابییەکان دەبێت.


دووەم: هەر لەم پەیمانگایانە جیاکاری لەنێوان قوتابیان دەکرێت، بەشێک لەو قوتابیانە پەیوەندییان بە ئاڤاوە کردووە و دەڵێن: قوتابی وا هەیە کە کارمەندی شوێنێکی گرنگە، یان واستەی هەیە، تەنیا بۆ تاقیکردنەوە دەیانبینن، واتە نیوەی ساڵ چەند ڕۆژێک تاقیکردنەوە دەکەن، ئیتر ناچنەوە دەوام تاوەکو سەری ساڵ، ئەوکار بەهەمان شێوە تەنیا بۆ تاقیکردنەوە دەچن.


سێیەم: هەر لەم پەیمانگایانە، گەندەڵییەکی سەیر دەکرێت، قوتابیان گلەیی ئەوە دەکەن کە دوو جۆر كرێی خوێندن هەیە، یەكێكیان ئاساییە و ئەوەیە كە قوتابی بەشداربێت لە سەرجەم وانەكان، ئەمە ساڵی بە ملیۆنێکە. هی دووەمیان بە ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە، بۆ ئەمەیان قوتابی تەنیا تاقیکردنەوە دەکات و لەبەرامبەر ئەو 500 هەزار دینارە زیادەی داویەتی، چاوپۆشی لە دەوامنەکردنی لێ دەکرێت، قوتابییەکان دەڵێن: ئەمە دەبێتە بڕوانامە فرۆشتن، پارە بدە، دەوام مەکە و بڕوانامەت پێدەدرێت.


بەدواداچوونی تایبەت: ئاڤا نیوز بەدواداچوونی بۆ یەکێک لەو پەیمانگایانە کرد کە گلەیی لەسەر بوو سەبارەت بە نرخ، ناوی بەڕێوەبەری پەیمانگەكە و دەنگەكەشی لای ئێمە پارێزراوە، پرسیارمان لێ کرد ئایا ئەم بابەتە ڕاستە؟ ئەویش بە هەموو شێوەیەك ڕەتی كردەوە و وتی: "شتی وا نییە و هەر كەسێك یان هەر قوتابییەك بەڵگەی هەیە با بێت بیخاتە بەردەممان، ئێمە هەموو کارێکمان بە وەسڵە و شتی وامان نەبووە، هەر كەسێكیش زانیارییەكی وای بە بەڵگەوە هەیە با ئاشكرای بكات و ئێمە ئاگامان لێ نییە".


چیرۆکی دوو قوتابی وەکو نموونە بە ئاڤا دراوە، کە ملیۆنێک و 500 هەزار دیناریان لێ وەرگیراوە، ئاڤا دەنگیشی تۆمار کردوون کە دەڵێن هاوڕێی خۆیانن. پرسیارمان کرد کارەکە چۆن کراوە؟ بەڵگەمان بۆ بنێرن، ئەوانیش بەمشێوەیە ڕوونکردنەوەیان دا: کارەکە بە هەماهەنگی (تەنسیق) لەنێوان قوتابییەکان و ئیدارەی پەیمانگەکە یان پەیمانگەکان دەکرێت، چونکە گومانیان هەبوو وەرگرتنی بەرتیلی لەم شێوەیە لە پەیمانگەی دیکەش هەبێت، ژێر بە ژێر ڕێک دەکەون و ئەوانیش بە نەهاتوو هەژماریان ناکەن (غیابیان نادەن).

ئەو قوتابیانەی پارە زیادەکەیان داوە گلەییان نییە و بە ئارەزووی خۆیان کارەکەیان کردووە و لە بەرژەوەندییانە، بەڵام هاوپۆل و هاوپەیمانگەکانیان گلەیی دەکەن و دەڵێن ناحەقییە. هەر لەم پەیمانگایانە قوتابی زیرەکیش هەیە، ڕۆژانە بە دەوام پابەند دەبێت، خۆی ماندوو دەکات و نمرەی بەرزیش دەهێنێت.



لێدوانی فەرمی: سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە بە ئاڤا نیوزی وت: "هەر پەیمانگەیەك بەگوێرەی مۆڵەتەكەی نرخی بۆ دیاركراوە، هەر كامێكیان سەرپێچی بكەن لە نرخ یان لە هەر بابەتێكی دیكە ئەوا بەدڵنیاییەوە سزا دەدرێت، سزاكەش لە سزای داراییەوە دەستپێدەكات کە تاوەکو 150 ملیۆن دیناریش دەڕوات، تا ئاستی لێسەندنەوەی مۆڵەت و داخستنی پەیمانگەكە. وەزارەتی پەروەردە دەڵێت هەر كەسێك گلەیی یان سكاڵایەك یان بەڵگەی سەرپێچییەكی هەیە، بەزووترین كات بیگەیێنێتە دەستمان و هەر زوو بەدواداچوون دەكەین".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ