دوو بریکاری مۆساد نهێنی تەقاندنەوەی ئامێری پەیجەرەکان ئاشکرا دەکەن

شەیری بکە لە:
دوو بریکاری مۆساد نهێنی تەقاندنەوەی ئامێری پەیجەرەکان ئاشکرا دەکەن

ئامێری پەیجەر

ئاڤا نیوز

 

دوو کارمەندی پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل وردەکاری نوێ لەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی کوشندە دەخەنەڕوو کە ئیسرائیل پێش 10 ساڵ پلانی بۆ داڕشتووە و سێ مانگ لەمەوبەر لە ڕێگەی ئەو پلانەوە ئەندامانی حیزبوڵڵای لە لوبنان و سووریا کردە ئامانج.

 

وێنە گەورەکە: دوو بریکاری مۆساد کە بەم دواییە خانەنشین بوون، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ کەناڵی سی بێ ئێس نیوزی ئەمریکی باسی نهێنی تەقاندنەوەی ئامێرە پەیجەرەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاشکرا دەکەن.

 

‏دوای نزیکەی ساڵێک لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، لوبنان لە مانگی ئەیلوولدا تووشی شڵەژان بوو کاتێک هەزاران پەیجەر و ئامێری ڕاگەیاندنی ئەندامانی حیزبوڵڵا تەقینەوە.

لێدوانی فەرمی: ‏یەکێک لەو کارمەندانە کە ناوە ڕاستەقینەکەی ئاشکرا نەکراوە و بە ناوی خوازراوی "مایکڵ" قسەی بۆ کەناڵەکە کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پێش 10 ساڵ ئەوان کاریان لەسەر بۆمبڕێژکردنی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن کردووە.

 

بە گوتەی ‏مایکل پاتریی ئەو ئامێرانە لە دامەزراوەیەکی مۆساد لە ئیسرائیل دروستکراوە، بۆمبێکی تەقەمەنی تێدابوو. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات حیزبوڵڵا زیاتر لە 16 هەزار لەو ئامێرانەی کڕیبوو، هەندێکیان لە 18 ی ئەیلوولدا لە دژی ئەوان بەکارهێنران.‏

 

نهێنی کڕینی ئەو ئامێرانە لەلایەن حیزبوڵڵاوە

‏یەکێکی دیکە لە نهێنییەکانی پشت ئەو ئامێرە، نرخەکەی بوو، کە گران بوو، هۆکاری هەرزان نەبوونەکەی بە گوتەی مایکڵ ئەوەبوو ئیسرائیل نەیدەویست حیزبوڵڵا گومان بکات. هەروەها مۆساد پێویستی بەوە هەبوو ناسنامەی خۆی وەک فرۆشیار بشارێتەوە و دڵنیا بێت لەوەی کە ئەو ئامێرانە نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل، بۆیە ئەوان کۆمپانیای وەهمییان دامەزراند بۆ چوونە ناو زنجیرەی دابینکردنی ئەو ئامێرانە.

 

مۆساد چۆن زانیویەتی حیزبوڵڵا ئەم ئامێرانە دەکڕێت؟

ساڵی 2022 دەزگای مۆساد کار لەسەر پەرەپێدانی ئامێرە پەیجەرە بۆمبڕێژکراوەکان دەکات، بە گوتەی گابریێل بریکاری پێشووی مۆساد کە ئەویش ناوێکی خوازراوە، مۆساد زانیویەتی حیزبوڵڵا پەیجەر لە کۆمپانیای "گۆڵد ئەپۆلۆ" کە کۆمپانیایەکی تایوانییە دەکڕێت. ‏

 

بە گوتەی ‏گابریێل مۆساد پێویستی بەوەبوو پەیجەرەکان کەمێک گەورەتر بکرێن بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ بڕی تەقەمەنی شاردراوە. چەند جارێک لەسەر بووکەشووشە تاقی کراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی بڕی گونجاوی تەقەمەنی کە زیان بە شەڕکەرەکە دەگەیەنێت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە خەڵکی نزیکی بگەیەنێت.

 

یەکێکی دیکە لە پلانەکانی مۆساد زەنگی ئاگادارکردنەوەی گەیشتنی پەیامی پەیجەرەکان بووە، ‏بە گوتەی ئەو بریکارەی مۆساد ئەوان دەنگێکیان دەویست کە ئەوەندە خێرا بێت کە کەسێک ناچار بکات پەیجەرەکە لە گیرفانیان دەربهێنێت. هاوکات تاقیکردنەوەیان لەسەر ئەوەش کرد کە کەسێک ماوەی چەندی پێدەچێت تا وەڵامدانەوەی بۆ گەیشتنی پەیامەکە هەبێت، کە بە تێکڕا 7 چرکە بووە.

 

گابریێل ئاماژە بۆ پلانی گۆڕینی ئامێرەکان لەلایەن مۆسادەوە دەکات بە ڕاکێشانی سەرنجی ئەندامانی حیزبوڵڵا بۆ پەیجەرە نوێیەکان و دەڵێت، کاتێک ئامێرە پەیجەرە نوێیەکانی پیشانی بەڕێوەبەری مۆساد داوە، بە توڕەییەوە پێی گوتوون "هیچ کەسێک ئامێرێکی ئاوا گەورە ناکڕێت و لە ئاسوودە نابن بە بوونی ئامێرێکی وا لە گیرفانیان".

 

بەڵام دوای دوو هەفتە گابریێل بەڕێوەبەرەکەی ڕازی دەکات ئەو بە بڵاوکردنەوەی ڕێکلامی ساختە لە یوتیوب، لە ڕێکلامەکەدا باس لە تووندوتۆڵیی پەیجەرە نوێیەکان و تایبەتەمەندییەکانی دەکات وەکو دژە تۆز و دژە ئاوە و تەمەنی پاترییەکەشیان درێژە. هاوکات گەواهی ساختەیان لەسەر ئینتەرنێت بڵاو کردووەتەوە.‏

 

نهێنییەکی دیکەی پلانەکە بە گوتەی گابریێل، مۆساد کۆمپانیایەکی وەهمی دامەزراند، لەوانە یەکێکیان لە هەنگاریا، بۆ هەڵخەڵەتاندنی کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆی تایوانی بۆ کارکردن لەگەڵی. دەزگای مۆساد بە تەواوی پەیجەرەکانی دروستکرد و هاوبەشی مۆڵەتی لەگەڵ گۆڵد ئەپۆلۆ هەبوو. 

 

گابریێل دەڵێت: کاتێک ئەندامانی حیزبووڵڵا پەیجەرەکان دەکڕن، هیچ بەڵگەیەکیان نییە کە لە مۆساد دەکڕن. ‏بۆ پەرەپێدانی پلانەکەش، مۆساد خانمە فرۆشیارێکی کۆمپانیا تایوانییەکە بەکرێ دەگرێت کە پێشتر لەگەڵ حیزبوڵڵا مامەڵەی هەبووە، بەڵام ئەو نەیدەزانی لەگەڵ مۆساد کار دەکات. بەگوێرەی قسەی گابریێل، ئەو خانمە ژمارەیەک لە پەیجەرەکان بە دیاری پێشکەش بە حیزبوڵڵا دەکات. تا مانگی ئەیلوولی 2024، حیزبوڵڵا نزیکەی 5000 پەیجەری لە گیرفانیاندا هەبوو. ‏


‏ئیسرائیل کەی بۆمبە چێنراوەکانی چالاک کرد؟

پرسیار بۆ ئیسرائیل ئەوە بوو کەی دەبێت بۆمبە چێنراوەکان چالاک بکرێن. ئاماژە هەبوو کە لەوانەیە حیزبوڵڵا گومانی لەو ئامێرانە هەبێت، بۆیە سەرۆکی مۆساد مۆڵەتی دا و پلانی 17ی سێپتەمبەر لە کاتژمێر 3:30 خولەکی پاش نیوەڕۆ لە سەرانسەری لوبنان جێبەجێ کراو پەیجەرەکان تەقینەوە.


بە گوتەی مایکڵ ‏"ڕۆژێک پاش تەقینەوەی پەیجەرەکان، خەڵک لە لوبنان دەترسان تەنانەت فێنککەرەوەکان دابگیرسێنن، چونکە دەترسان بتەقێتەوە".

 

بۆ ڕۆژی دواتر، مۆساد ئامێرەکانی واکی تۆکی چالاک دەکات و چەند ئامێرێک لە پرسەی نزیکەی 30 کەس لەوانەی لە هێرشەکانی پەیجەردا کوژرابوون تەقینەوە.

 

زانیاریی زیاتر: بە گشتی لە دوو هێرشەکەدا نزیکەی 30 کەس کوژراون کە دووانیان منداڵ بوون. نزیکەی سێ هەزار کەسیش بریندار بوون. ‏

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ