ئاڤا بەدواداچوون بۆ کێشەیەکی هەزاران هەزار پێشمەرگەری دێرین دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا بەدواداچوون بۆ کێشەیەکی هەزاران هەزار پێشمەرگەری دێرین دەکات

ئاڤا نیوز

 

سەدان پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان لەڕێگەی ئاڤا میدیاوە داوا دەکەن بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکرێت، ئەویش کێشەی خانەنشینبوونیانە کە 10 ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی شەڕی داعش مامەڵەكانیان وەستاوە، دوای بەدواداچوون دەرکەوت ژمارەیان زیاتر لە 10 هەزار کەسە.

 

وێنە گەورەکە: نوێنەری زیاتر لە 500 پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان داوایان لە ئاڤا کرد بەدواداچوون بۆ هۆکارەی نەبەستنی مووچەیان بکات، ئەوان 10 ساڵ پێش ئێستا هەموو مامەڵەیەكی خانەنشینیان كردووە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر  خەبات و ماندووبوونیان مووچەیەكی مانگانەیان بۆ ببڕێتەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی داعش لە ساڵی 2014ەوە مامەڵەكانیان وەستاوە.

 

زانیاریی تایبەت: بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاڤا میدیا کە پەیوەندیی بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەوە كرد، دەركەوت ئەو بابەتە پەیوەندیی بە یەكەی 80ی پێشمەرگەوە هەیە.

 

لێدوانی فەرمی: لیوا ڕزگار قادر، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی یەكەی 80 بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئەو کێشەیە تەنیا ئەو 500 كەسە نین، بەڵكو زیاتر لە 10 هەزار كەس مامەڵەیان پێشكەش كردووە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەوانە پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بن، بۆیە دەبێت ئەوانە بەڵگەی پێویستیان هەبێت و بسەلمێنرێ کە پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بوونە.

 

لیوا ڕزگار قادر ئەوەشی گوت: لە ساڵی 2014ەوە مامەڵەی ئەو كەسانە وەستاوە، ئەوكات بەهۆی هاتنی شەڕی داعشەوە بوو، ئێستاش بەهۆی ئەوەی هەموو مامەڵەیەكی خانەنشینی لای ئێمە وەستاوە. هاوكات هەرێمی كوردستان ئێستا بودجەی پێویستی نییە بۆ ئەوەی مووچە بۆ ئەو ژمارە زۆرە پێشمەرگەیە دابین بکات. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەگەر لە سەرووی خۆیانەوە بڕیار بدرێت، بێ دوودڵی و وەستان دەست بە مامەڵەكانیان دەكەنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: