بۆچی حکومەتی ئەسەد بەخێرایی ڕووخا و بەرگری نەکرد؟

شەیری بکە لە:
بۆچی حکومەتی ئەسەد بەخێرایی ڕووخا و بەرگری نەکرد؟

چەند چەکدارێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا

ئاڤا نیوز

دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە ماوەی 12ڕۆژدا، ئەو حکومەتەی 13 ساڵ شەڕی داعش و شەڕی ناوخۆی دژی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن  کرد، پرسیارێک زۆر دەکرێت بۆچی بەخێرایی ڕووخا و بەرگری نەکرد؟

 

چیرۆکی سەرەکی: بە 12 ڕۆژ حکومەتێکی 53 ساڵی لە سووریا ڕووخا کە زۆرترین ستەم و چەوسانەوەی لە سەر خەڵکەکەی خۆی ئەنجام دەدا و لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە بە ئاسانی ڕووخێنرا، ئێستا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن سەرقاڵی دروست کردنی حکومەتێکی کاتین.

 

سوپایەکی ماندوو

بەدرێژایی 13 ساڵی ڕابردوو کە سوپا لە شەڕی داعش و گرووپە چەکدارەکاندا بووە، ماندوو و هیلاک بووە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژران، ئابووری و ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی تەواو داڕماوە، هەروەها لە ساڵەکانی سەرەتای شەڕەوە، شارەزایان دەڵێن، بەهۆی جیابوونەوە و کوژران و هەڵاتن لە خزمەتی سەربازی، وایکردووە سوپای سووریا نیوەی هێزەکەی لەدەستبدات کە زیاتربوو لە 300 هەزار سەرباز.

 

لێدوانی فەرمی: دەیڤد ڕیگۆلیە ڕۆز، لە پەیمانگای فەرەنسی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیژی دەڵێت، لە ساڵی 2011 سوپای سووریا بەشێکی زۆر لە سەرباز و کەرەستە سەربازییەکانی لەدەستداوە، سەربازەکانیش مووچەیام کەم بوو، هەروەها بەشێکی زۆری گەنجەکان سووریا لە ترسی سەربازی بە ناچاریی وڵاتەکەیان جێهێشت.

 

هۆکارە زانراوەکان: هەرچەندە چوارشەممەی ڕابردوو ئەسەد فەرمانی کرد ئەو سەربازانەی لە خزمەتی سەربازیین، 50%ی مووچەکانیان زیاد بکرێت، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئابووریی وڵاتەکە هیچ کاریگەرییەکی نەبوو. هۆکارێکی دیکەش ئەوە بوو، هاوپەیمانەکانی وازیان لێهێنا کە هەمیشە ئەسەد پشتی زۆری پێدەبەستن، بەتایبەت ڕووسیا و ئێران.

 

بۆچی ئێران و ڕووسیا پشتیان لە ئەسەد کرد؟

ئەسەد بەهۆی پشتیوانی ڕووسیا و ئێرانەوە توانی زۆرینەی ئەو خاکەی کە لە دوای ساڵی 2011 لەدەستی دابوو،  لە ساڵی 2015 کۆنترۆڵی بکاتەوە، ئەوکات ئاراستەی شەڕ لەبەرژەوەندی ڕژێمی ئەسەد گۆڕا، بەڵام هێرشەکەی مانگی ڕابردووی گرووپە چەکدارەکان لەکاتێکدا هات، ڕووسیا نوقمی شەڕی ئۆکراینا ببوو، هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمجارەی ڕووسیا شکستیان هێنا لە تێکشکاندن و ڕاگرتنی گرووپە چەکدارەکان.


سەبارەت بە ئێرانیشەوە، ڕاوێژکارەکانی بەردەوام لەسەر ئەرز هاوکاری سوپای سوریایان کردووە، گرووپە شیعیەکانیش بەهەمان شێوە، بەڵام ئێران و گرووپە چەکدارەکانیش بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنان لەم ساڵانەی دواییدا گورزی گەورەی بەرکەوت بەهۆی شەڕی غەززەوە.

 

 حیزبوڵڵای لوبنان هەزاران چەکداری ناردووە

لە 2013 حیزبوڵڵای لوبنانی هەزاران چەکداری ناردووە بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد، ئەو ڕۆژی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان مانگی ڕابردوو ڕاگەیێنرا، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان دەستپێکرد، هەروەها حیزبوڵڵا زۆرینەی چەکدارەکانی لە سووریاوە گواستبوویەوە بۆ باشووری لوبنان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئیسرائیل، ئەوەش ڕۆڵی لاواز کردبوو لە سووریا.

 

لەلایەکی دیکەوە: سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵا دەڵێت، سەدان چەکداری حیزبوڵڵا لەشەڕی دژ بە ئیسرائیل کوژران، بێ ئەوەی ئەنجامیشی هەبێت. هەروەها ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا و بەشێک لە سەرکردەکانیشی کوژران، بۆیە حیزبوڵڵا چەکدارەکانی لە دەوروبەری دیمەشق  و حومسەوە کشاندەوە.

شەیری بکە لە: