داونتاونی سلێمانی لە شوێنی سایلۆ کۆنەکە چی بەسەرهات؟ قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات

شەیری بکە لە:
داونتاونی سلێمانی لە شوێنی سایلۆ کۆنەکە چی بەسەرهات؟ قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات

شوێنی سایلۆی کۆنی سلێمانی. وێنە: تایبەت بە ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

سایلۆی کۆنی سلێمانی زیاتر لە 35 ساڵ بوو لە دەروازەی شار بوو، ڕووبەرەکەی 67 هەزار و 500 مەترە، بڕیاربوو بکرێتە پرۆژەیەکی گەشتیاری و نیشتەجێبوون بە ناوی "داونتاون" بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

چیرۆکی سەرەکی:  سایلۆی کۆنی سلێمانی لە ڕێککەوتی دووی شوباتی  2018  تەقێنرایەوە و مەرجی حکومەت بۆ ڕووخاندنی، دروستکردنەوەی سایلۆیەکی دیکە و کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی وەزارەتی بازرگانی بوو لە سلێمانی، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. قوباد تاڵەبانیش هۆشداری بە کۆمپانیای جێبەجێکار دەدات ئەگەر پڕۆژەکە تەواو نەکەن زەوییەکەیان لێوەردەگرێتەوە.

زانیاری زیاتر: شوێنی سایلۆکە بە 345 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، 11 ساڵە بە کۆمپانیای هیوا فاوندەیشن دراوە و تاپۆیش کراوە.

درێژەی راپۆرتەکە

 

زەوی پڕۆژەکە چۆن درا بە کۆمپانیای وەبەرهێنەر؟

پرۆژەی داونتاون لە شوێنی سایلۆی کۆنی سلێمانی لە ساڵی 2012، بە کێبڕکێ لە نێوان چەند کۆمپانیایەک درایە کۆمپانیای هیوا ڕەئوف، ئەمەش بەرامبەر بە چەند مەرج و ڕێنماییەک، کە کاتی خۆی شێوازێکی نوێی تەرخانکردنی زەوی بوو بۆ پرۆژەی وەبەرھێنان.

ھەرچەندە تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەم دوو پرۆژەیە کاتی پێچوو، بەڵام دوای ڕادەستکردنی زەوییەکانیان، ھەردووکیان لە کاتی خۆیاندا تەواوکران؛ بینای کۆمەڵگەی فەرمانگەکان لە 24-02-2016 و سایلۆی سەیدسادق لە 28-06-2016 وەرگرتنی کۆتاییان بۆکرا.

 

کەموکوڕییەکانی سایلۆکەی سەیدسادق لە کاتی خۆی

ڕەمەزان نامیق كەریم، سەرۆكی لیژنەی پلان‌ و پرۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كە خۆی خەڵكی سەیدسادقە ‌و لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆژەكەیە، کەموکوڕییەکانی سایلۆکە دەگەڕێنێتەوە بۆ:

-       سیاجێکی تەنکی هەیە و ڕۆژانە مەڕوماڵات دەچنە نێو سایلۆکە.

-       پاسەوانی تایبەت بە خۆی نییە.

-       لە کاتی وەرگرتنی گەنم فەرمانبەری پێویستی نییە.

-       کارەبای نیشتمانی نییە.

-       ئامێری ساردکەرەوەی تێدا نییە.

-       ئامێری یەدەگ لە بەشی تاقیگە و بەشە گرنگەکاندا نییە.

 

دوای تەواوبوونی ئەو دوو پرۆژەیە و ڕادەستکردنی بەشێکی زەوییەکە، دەست بە پرۆسەی لابردنی سایلۆی کۆنی سلێمانی کرا؛ لە پرۆسەکەدا تەکنیکی نوێ بەکارهێنرا کە بۆ یەکەمجار بوو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کاری لەو شێوەیە بەسەرکەوتوویی بکرێت، ئەویش تەقاندنەوەی بوو. کۆمپانیای هیوا ڕەئوف لەبارەی تێچووەکەیەوە دەڵێت: "زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار بووە".

 

کارگەی ئاردی سەفین و کێشەکانیان لەگەڵ داونتاون؟

سەبارەت بە ڕادەستکردنی ئەو بەشەی دیکەی زەوییەکە، کۆمپانیاکە بە دوو نووسراو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنان و دەستەی وەبەرھێنانیان ئاگادارکردووەتەوە، بەمەبەستی ڕادەستکردنی ئەو بەشەی دیکەی زەوییەکە کە کارگەی ئاردی سەفینی لەسەر بوو، ئەم کارگەیە بەربەستێک بوو بەرامبەر بە پلان، دیزاین و دواکەوتنی پرۆژەکە.

 

ئەم کارگەیە گرێبەستی بانەوایی (موساتەحە)ی ھەبوو، ماوەکەی لە ساڵی  2008ـەوە تەواوببوو، لەسەر پانتایی نزیکەی 10 هەزار مەتر دووجا قەرەبووکرایەوە بە زەوییەکی گەورەتر.

 

چەندینجار سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کارگەی ناوبراوی ئاگادارکردبووەوە لە ماوەی ساڵێکدا کارگەکە لاببرێت، بەڵام لە 15-08-2022 بەشێوەیەکی فەرمی کۆی زەوی پرۆژەکە رادەستی شارەوانی سلێمانی کرایەوە.

 

Traffic Study چییە؟

بەهۆی کارکردنی کۆمپانیای هیوا ڕەئوف لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ ئەو پرۆژەیە، چەند داواکارییەک خراوونەتەڕوو وەک ئامادەکردنی توێژینەوە و ڕێکخستنەوەی شەقامەکانی دەوروبەری پرۆژەکە، بە پێچەوانەی پرۆژەکانی دیکە بۆ ئاسانکاری ھاتووچۆ، سەرەڕای ئەوەی کە بەنیازن پرۆژەیەکی دۆستی ژینگە دروست بکەین کە ئەمەش لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زۆری پێویستە.

لە ماوەی ڕابردووشدا ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابەزاندن و ڕێکخستنەوە بۆری ئاوی دووکان - سلێمانی ئەو بەشەی بەردەم پرۆژەکە، لەسەر ئەستۆی کۆمپانیاکە بەمەبەستی نزمکردنەوەی  گردەی بەردەم پرۆژەکە تاوەکو سیمایەکی جوان بە دەروازەی شار و پرۆژەکە ببەخشێت.

 

ئێستا چی؟

پاش پێشکەشکردنی سایت پلانی پرۆژەکە و چەندین جاریش ئاگادارکردنەوە، بەڵام پڕۆژەکە دەستی پێنەکردووە،  ئێستا بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنان و شارەوانی سلێمانی کار بۆ پەسەندکردنی سایت پلان و نەخشەی کۆتایی و ڕێکخستنەوەی شەقامەکانی چواردەوری پرۆژەکە دەکرێت.

 

وەبەرهێنانی سلێمانی چی دەڵێت؟

لەبارەی ئەو پرسە بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "داواکاری گشتی لەسەر ئەو بابەتە هاتە سەر هێڵ، زیاتر لە ساڵێکە نووسراویان کردووە بۆ ئەنجوومەن و دەستەی وەبەرهێنان، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە، دواتریش ئەوان کۆمپانیاکەیان بانگکردووە و باسی لەوە کردووە ئەویش ستەمی لێکراوە".

گوتیشی: "دوای دە ساڵ بۆیان دەرکەوتووە زیاتر لە سێ هەزار مەتر بۆ پڕۆژەکە تاپۆ کراوە کە مافی ئەو نەبووە، بۆیە سایت پلانی نوێی پێشکەشکردووە، بەڵام شارەوانی ڕەزامەندیی نادات، ئێستا بە فەرمانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەموو لایەنەکان دەبێت پێکەوە ڕەزامەندیی بدەن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە دەستپێبکات".

 

تەلەفونەکەی قوباد تاڵەبانی...

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی باس لەوە دەکات کە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تەلەفۆنی بۆ هیوا ڕەئوف، خاوەنی کۆمپانیای وەبەرهێنی پڕۆژەی داونتاونی سلێمانی کردووە و پێی گوتووە: "ئەگەر ناتوانن پڕۆژەکە تەواو بکەن ئەوا زەوی پڕۆژەکەیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام زەوی پڕۆژەکە لەسەریان تاپۆ کراوە".

 

ئایا زەوی تاپۆکراو وەردەگیرێتەوە؟

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی گوتی: "دەسەڵاتمان هەیە ئەگەر ئەمجارە کەمتەرخەمی تێدا کرا، زەوییەکە وەربگرینەوە با تاپۆیشی هەبێت".

 

داونتاونی سلێمانی چییە؟

لەسەر ئەو زەوییەی دەکەوێتە بەرامبەر دادگای سلێمانی، كۆمەڵگەیەكی گەورەی (گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون) دروست دەکرێت بە ناوی پرۆژەی "داونتاون".

بەپێی ئەو پرۆپۆزەڵەی پەسەند كراوە، پرۆژەی "داونتاون" ئەمانە لەخۆدەگرێت: هەشت تاوەری نیشتەجێبوون، دوو هۆتێل، مۆڵێک و دوو باخچەی سەوزایی. تێچووی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە لەسەر زەوی سایلۆی كۆنی سلێمانی بە 250 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان