هێرشی حەلەب لە 2024 و هاوسەنگی هێزەکان

شەیری بکە لە:
هێرشی حەلەب لە 2024 و هاوسەنگی هێزەکان

حەلەب بووەتە چەقی ململانێی وڵاتان، گرافیک؛ بڕوا ئیبراهیم

ئاڤا نیوز 

 

کەوتنی حەلەب و زاڵبوونی دەسەڵاتی تەحریر شام، ئاماژەی ڕوونە بۆ زیادبوونی هەژموونی تورکیا و ئیسرائیل، لاوازبوونی دەسەڵاتی کورد و سنوورداربوونی دەسەڵاتی ئەمریکا، ڕووسیا و ئێران لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چیرۆکی سەرەکی: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 28 و 29 11-2024،  ئەحرار شام  و کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن،  هێرشێکی بەرچاویان بۆ سەر حەلەب دەستپێکرد، ئەمەش تووندترین هێرشی ئیسلامییەکانە  بۆ  سەر ئەو شارە لە ساڵی 2016ەوە، بەپێی زانیارییەکان  پێشڕەوییەکانیان لە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای حەلەب کردووە،  تەنیا نەیانتوانیوە خۆیان لە گەڕەکە کوردییەکان بدەن، هەرچەندە ئامانجێکی سەرەکی هێرشەکە بە غەززەکردنی گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەبە ئەگەر خۆیان بەدەستەوە نەدەن، بەڕێکەوتن دەنا بە چەک ئەستەمە بتوانن بە ئاسانی بیگرن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە  28-1-2018  دەستەی تەحرير ئەلشام ( HTS ) لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی دیکەی ئیسلامی یەکیان گرت، کە  ئەوانیش، ئەحرارشام، جەبهەی فەتحی شام، بەرەی ئەنسارودین، جەیشی سوننە، لیوای حەق، جووڵانەوەی نورەدین ئەلزێنی  و چەندێکی دیکەش بوون، بە پشتیووانی تورکیا و ڕۆڵی ئەبوو جابر شێخ کە کەسی دووەمی  ئەحرار شام بوو،  دەستەکە پێکهات. 

 

ملیشیاکانی سەر بە ئێران و ڕۆڵیان لە شەڕەکەدا


ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی هێزەکانی  سەر بە ئێران، لەناویاندا، سوپای قودس، پاسداران، حیزبوڵلای لوبنان و ملیشیاکانی شیعەی عێراق لە سووریا کە سەرەڕای فراوانبوونی بەرەکانی پێکدادان،  بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ گرژییە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکیشی بۆ فشار و کەوکوژییەکانی ئیسڕائیل، بەتایبەتی لە سنووری حەلەب.

 
حکومەتی سووریا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا،  بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە.  لە ماوەی سێ ڕۆژی شەڕدا لانیکەم 27 هاوڵاتی مەدەنی لەنێویاندا منداڵ کوژراون، بەشەناوخۆییەکانی زانکۆکانی شاری حەلەبیش  کراونەتە ئامانج.

 

نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە کاریگەرییە مرۆییەکان دەربڕی و تورکیاش کە تێوەگلاوە لە پاڵپشتیکردنی هێرشەکە، سەرەڕای ئەوەی لەڕووی سەربازییەوە کاری خۆی دەکات، بەڵام وەک ئەرکی  تاکتیکی دەوڵەت بەفەرمی داوای کەمکردنەوەی گرژییەکەی کرد. ڕووسیا ئەو هێرشانەی بە پێشێلکردنی سەروەری سووریا زانی و بەڵێنی زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد دا.

 

 ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی ناسەقامگیریی بەردەوامە لە باکووری سووریا، کە بەهۆی داینامیکی ململانێی لەمێژینەی نێوان کوتلە لایەنگرەکانی تورکیا و ڕژێمی ئەسەد و ئەکتەرە دەرەکییەکانی وەک ڕووسیا و تورکیا، ئەمریکا و ئەوروپییەکان تیژ دەکرێت. تورکیا بە چەند هۆکارێکی ستراتیژی کە پەیوەست بوون بە هەردوو ڕەچاوکردنی ناوخۆیی و ناوچەییەوە هانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای دا.


یەکەم: نیگەرانییە ناوخۆییەکان لەسەر پەنابەرانی سووری و  پرسی ئاسایش، تورکیا هەوڵی دا قەیرانی پەنابەرانی سووریا لەگەڵ دیمەشق چارەسەر بکات،  قەیرانێک کە ئێستا ئابووری تورکیای هێندەی دیکە تەپاندووە، بە چەشنێک ناڕەزایی ناوخۆیی لێکەوتتەوە و پارتی دەسەڵاتداری ڕووبەڕووی دۆڕانێکی گەورەی شارەوانییەکان کردەوە، لە تەواوی تورکیا  نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری سووری هەبوون، سەرەڕای ئەوەی تورکیا دەیەوێت بۆ ئەو دیزاینە نوێیەی سووریا و کۆی ناوچەکە کە پێیوایە دوای لوبنان لەدەستی ئیسرائیل و ئەمریکادایە، لە ئێستاوە لە سووریا وەک لایەنێکی گەورەی حساب بۆ کراو بوونی هەبێت، هاوکات پێش هەڵبژاردنی داهاتوو ئامانجی دروستکردنی "ناوچەیەکی ئارام"ە لە باکووری سووریا بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی سوورییەکان.  

 

دووەم: گرنگتر لەوە نییە کە ئامانج لەم هەموو کەین و بەینە پرسی کورد و لاوازکردنی گرووپە کوردییەکانە. تورکیا لەم ماوەیەدا هەوڵێکی زۆری دا لەگەڵ پرسی پەنابەرەکان لەسەر پرسی کوردی سووریاش لەگەڵ بەشار ئەسەد سەودایەک بکات، بەتایبەتی کە تورکیا یەپەگەی کوردی سووریا وەک درێژکراوەی پەکەکە لەقەڵەم دەدات، تۆی خوێنەریش دەزانی کەوایە، گرووپێک کە لەلایەن ئەنقەرەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە، ئەسەد بۆ ئەمەش ملی نەدا. 

 

هاندانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا یارمەتی تورکیای دا بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتی یەپەگە و تەنانەت تا ئێستاش هێرشی هەوایی دەکاتە سەر ژێرخانی ناوچەکانی کورد لە سووریا. ئەمەش بەشێک بوو لە ئامانجی فراوانتری ئەنقەرە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری و دەسەڵاتی پەکەکە، بەتایبەتی دوای داڕمانی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵیاندا لە ساڵی 2015 دا، گومانی تێدا نییە، ئەگەر ڕووسیا و ئەمریکا زوو فریا نەکەون، هەمان هێرش بۆسەر کورد دەستپێدەکەن. 

 

سێیەم: پاڵپشتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ڕێگەی بە تورکیا دا خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە ململانێی سووریا و جیۆپۆڵەتیکی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووپات بکاتەوە، بە ئەسەدیش بڵێت مادام ئامادەنیت وەڵامم بدەیتەوە، ئەوا بەشێوەیەکی دیکە وڵامت بۆ دەنێرم، هەرچەندە دیاریش نییە باجەکەی چی دەبێت. بۆیە ئەمە ماناکەیەتی ( تورکیا بە پاڵپشتیکردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان خۆی وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد جێگیر کرد کە ئێران و ڕووسیا پشتیوانییان لێی کرد و لەم دواییانەیش ئەسەد هەموو دەستپێشخەری و بانگەوازەکانی ئەردۆغانی بۆ دانوستاندن ڕەتکردەوە.

 

چوارەم: تورکیا بێ درێغی پەنابەرانی سووریای وەک کارتێک دژی  یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی ناتۆ بەکارهێناوە.  هۆشداری داوە لە کردنەوەی ڕێگای کۆچ بۆ ئەوروپا و هەوڵی داوە هاوکارییەکانی لە سووریا بۆ کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوا کەڵک وەربگرێت، لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا ئەوروپا ناچارە سەبارەت بە هەمان پرس خۆیان بگەێننە تورکیا.

 

بۆیە، هاندانی تورکیا بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ستراتیژییەکی فرەڕەهەندی هەیە،   کە ئامانجە ئەمنی و دیمۆگرافی و جیۆپۆلەتیکی و سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی لەپشتەوەیە. حەلەب کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داینامیکی نێوان هێزەکانی ڕوسیا،  ئەمریکا و کورد لە سووریا هەیە و تەحەدای نوێ بۆ ڕۆڵ و کاریگەری سێقۆڵییان لە ناوچەکەدا دروست دەکات. لێرەدا کاریگەرییە سەرەکییەکان دەخەینەڕوو.

 

 ڕووسیا لە سووریا و هێرشی حەلەب


سەرتا ڕووسیا وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕژێمی ئەسەد ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبێتەوە، سەرەڕای تەنگ دەستییەکەی  ناچارە هەوڵی پاراستنی ناوچەکانی ژێردەستی حکومەتی سووریا بدات.  هێرشەکان ڕووسیا ناچار دەکەن سەرچاوەی سەربازی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی یاخیبووانی سەر بە تورکیا بەتایبەتی بۆ حەلەب تەرخان بکات، ئەمەش گریمانەی ئاڵۆزی زیاتری بۆ تەواوی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ دەکرێت، ڕووسیا مافیەتی گومان لە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ بکات کە بەرەیەکی دیکەی لە زیانی ڕووس و بەرژەوەندی ئیسرائیل کردووەتەوە.


بۆیە ئەم هێرشانە پەیوەندی هەستیاری  نێوان ڕووسیا و تورکیا لەبارەی بەڕێوەبردنی (ناوچەی کەمکردنەوەی  ململانێکان- ئیدلب) جارێکی دیکە بە جۆرێکی دیکە ئاراستە دەکەنەوە کە بۆ ئەمە دەبێت تەماشای کاردانەوەی ڤلادیمیر پووتین بین کە  ڕەنگە مۆسکۆ هاندانی تورکیا بۆ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن وەک پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوو، بەتایبەتی سەبارەت بە ئیدلب سەیر بکات.

 

ئەمریکا لە سووریا وهێرشی حەلەب


بۆ ڕۆڵی ئەمریکا دەبێت بە  کورد یان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستپێبکەین  کە هاوپەیمانی ئەمریکان و لەبەردەم مەترسی نوێدان،  ئەگەر بێت و هێزەکانی سەر بە تورکیا زیاتر زاڵ بن ڕەنگە کورد بکەونە بەردەم هێرشی ئیسلامییەکان. ئەمریکا ئەمە بە مەترسی دەزانێت و پێیوایە محەممەد جۆلانی کە لە 29ی مانگ و ڕۆژێک دوای هێرشەکە چووە ناو حەلەبەوە و پێشتر سەرکردیەکی قاعیدە و دواتر داعش بووە، لە مانادا هەر داعشە و دەبێتە مەترسی بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەوێوە بۆ عێراق و دواتر وەک پێشوو بۆ سەر جیهان. 

بۆیه هەر لە ئێستاوە هێرشەکە کردەوەی هاوسەنگی ئەمریکا سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە کوردی سووریا  ئاڵۆزتر دەکات، هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا کە هاوپەیمانێکی ناتۆیە دەخاتە بەردەم پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و میکانیزمی نوێ. ئەمەش دەتوانێت کاریگەری ئەمریکا لەسەر داینامیکی ململانێکان لە سووریا لاواز بکات.


کورد لە سووریا و هێرشی حەلەب

جارێکی دیکە لە سووریا بارودۆخێک دروست بوو کە هێزە کوردییەکان ناچار دەکات سەرنج و هەوڵ و توانایان بۆ بەرەیەک بڕوات کە لە زیان زیاتر هیچ دەرفەتێکی بۆ کورد و چەسپاندنی دەسکەوتەکانی تێدا نییە. کوردی سووریا  بەردەوام  ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوامی داعش و لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەبنەوە. مەترسی پارچە پارچەکردنی کۆنترۆڵی کوردی  بەسەر بوارە ستراتیژییەکان و کەمکردنەوەی توانای دانوستاندنیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیانی لێ دەکرێت. 

بۆ کورد برسییەتی زیاتر، زیانی گیانی و ئاوارەبوونی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانەوە دەتوانێت متمانەی ناوخۆیی بە حوکمڕانی کوردی لە سووریا  لەناوببات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە شەرعیەت و کۆنترۆڵی سیاسییان لە ناوچەکەدا تێکبدات.

کاریگەری فراوانتر

یەکەم: پەرەسەندنی ئەم دواییەی  تووندوتیژییەکان لە سووریا، ئاسۆیەک بۆ ئاگربەستێکی سەقامگیر لانی کەم لە ئێستادا ناهێڵێتەوە.

دووەم: هەڵوێستی تورکیا و  هێزەکانی تەحریر شام،  ڕەنگە پاڵ بە ڕووسیا و ئەمریکا و گرووپە کوردییەکانەوە بنێن کە هاوبەشی و هاوپەیمانییە ستراتیژییەکانیان لە سووریادا جارێکی دیکە  پێدابچنەوە.

سێیەم: هێرشی کتوپڕی سەرحەلەب،  جەخت لەسەر نابووتی و لێکهەڵوەشاوەیی هێزی سەربازی  سووریا دەکاتەوە، هێزێک کە ساڵانێک لەدوای مسر لە ئاستی عێراقدا حسابی عەرەبی و هەرێمی لەسەر دەکرا.

ئیسرائیل و هێرشی سەر حەلەب

یەکەم: گریمانەی سوودمەندبوونی ئیسرائیل و زیانی ئێران و بەرەی مقاوەمە دەکرێت، ئیسرائیل هەوڵ دەدات پێگەی ئێران لە سووریا سنووردار بکات، بەتایبەتی بوونی سەربازی و گواستنەوەی چەک بۆ حیزبوڵڵا، کە تەنانەت دوای ئاگربەستیش بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت.

دووەم: سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل سوودمەندە لەو ئاژاوەگێڕییە بەردەوامەی لە سووریادا هەیە، بەو پێیەی ڕێگری لە سەرهەڵدانی ڕژێمێکی دژەجووی بەهێز دەکات. بۆ ئیسرائیل مانەوەی حکومەتێکی لاوازی ئەسەد باشترە کە نەتوانێت مەترسی سەربازی بۆ ئیسرائیل دروست بکات.

سێیەم: ئامانجی ئیسرائیلە سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان شەرعیەت بە سووریا نەدات، جۆلان لەڕووی ستراتیژییەوە خاکێکی گرنگە و لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە، بەمەش کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکەدا زیاتر چەسپاندووە.

چوارەم: هەرچەندە ئیسرائیل هەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیا دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی ڕاستەوخۆ، بەڵام ئاگاداری پشتیوانی مۆسکۆیە بۆ ڕژێمی ئەسەد کە ناڕاستەوخۆ ئێران و بەرەی مقاوەمە بەهێز دەکات.

ئامانجی ئیسرائیل لە سووریا ئەمەیە، کردەی سەربازی ئەنجام دەدات، لەڕووی دیپلۆماسیش ڕۆڵێک بە خۆی دەدات، ئەمانەیش لە چوارچێوەی ئاسایش و بەرژەوەندییەکەیدا، بێ ئەوەی بەتەواوی بگلێتە جەنگەکەوە.

 لە مڕۆدا توانای ڕووسیا،  ئێران و بەرەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی ئەسەد لە سووریا بەراورد  بە نۆ ساڵ لەمەوبەر پتر سنووردارە، ئەمەش بەهۆی هەردوو جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، ئێران و ئیسرائیل.

 
سنووردارکردنی ڕووسیا

یەکەم: ڕووسیا بەهۆی جەنگە قورسەکەی لە ئۆکراینا فشارێکی گەورەی ئابووری و سەربازی لەسەرە. هەرچەندە پووتین سەرکردەیەکە و پێشبنی نەکراوە چی دەکات! لەگەڵ ئەوەشدا،  توانای ڕووسیا بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی یان پێشکەشکردنی پشتیوانییەکی بەرچاو بۆ ئەسەد کەم دەکاتەوە بەراورد بەوەی  لە لووتکەی شەڕی ناوخۆی سووریادا بۆ ئەسەدی کرد.

دووەم: تێچوی جەنگی ئۆکراینا،  گەمارۆ و تەحەددای ئابووری توانای ڕووسیای سنووردار کردووە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان لە سووریادا. ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای پاڵپشتی بۆ سووریا بە هەمان ئاستی پشتگیری ئاسمانی و لۆجستیکی هەیە.


سنووردارکردنی  ئێران

یەکەم: ئێران بە چەشنێک لەژێر باری گەمارۆکان و داڕزان و داڕووخانەی ئابوورییەکەیدایە، توانای هاوکاری لۆجستیکی فراوانی بە سووریا بە ئاستی پێشوو نییە.
 

دووەم: بەراورد بە 12 ساڵی پێشوو، ئێستا ئێران لە عێراق، یەمەن، لوبنان و غەزە تێوەگلاوە، بەمەش گرنگیدانی بە سووریا کەم بووەتەوە. بەتایبەتی لە سووریا و بە دیاریکراوی لە حەلەب ڕووبەڕووی زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل ببوو، تەنانەت دوایین هەڕەشەی بنیامین نەتانیاهۆ لە بەشار ئەسەد کە گوایە یاری بە ئاگر دەکات، جورئەتی زۆری بە تورکیا و محەممەد جۆلانیدا ئۆپەراسیۆنەکە پێش بخەن.

سێیەم: ڕۆڵی ئێران لە سووریا تا دێت لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەییدا ناشیرین دەبێت، ڕووسیاش جەنگی ئایدۆلۆژی ئێران و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل بە پەسند نازانێت، بۆیە دەرفەت نەماوە ئێران بتوانێت وەبەرهێنانی گەورە لە ئەسەددا بکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ