سوودانی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی پشت لە هاوپەیمانەکانی دەکات

شەیری بکە لە:
سوودانی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی پشت لە هاوپەیمانەکانی دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

ئاڤا نیوز

سکانداڵەکان و سەرەگەورەکان دەتوانن سوودانی دووربخەنەوە؟ ئەمە بنکۆڵکارییەکی دەزگای میدیایی میدڵ ئیست ئایە و بەو دەرئەنجامە گەیشتووە، بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە دووبارە هەڵبژاردنەوەی شیاع سوودانی لە ڕێگەی ئەو کارە نایاساییانەی ئۆفیسەکەی ئەنجامیان داوە، مسۆگەرکراوە.

چیرۆکی سەرەکی: لە کۆتاییەکانی مانگی تەمموز، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە پشوودا بوو و پەرلەمانتاران دەستیان بە پشووی هاوینەیان کرد، زۆرینەیان لە ڕێگەی ژمارەیەکی نەناسراوەوە نامەیەکیان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی واتس ئەپەوە پێدەگات.

لە سەرەتادا، وادەرکەوت کە تەنیا وێنەی سکرینێکی هەواڵێکی خێرایە لە یەکێك لە کەناڵەکانی عێراق، کە باسی لەوە دەکرد چوار ئەندامی لیژنەی دارایی دەیانەوێت شکست بە تێپەڕاندنی بودجە بهێنن کە چەند ڕۆژێک پێشتر لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر درا بوو.

زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە نامەکە تێنەگەیشتن، چونکە بابەتەکە بۆ ئەوان دەگمەن بوو کە لە ڕێگەی نامەی واتس ئەپەوە وێنەیەکی لەو جۆرەیان بۆ بنێردرێت.

زانیاریی زیاتر: دوای سێ هەفتە لەو ڕووداوە، نامەیەکی دیکە لە هەمان ژمارەی نەناسراوەوە نێردرا، ئەمجارەیان بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە پەرلەمانتارانی عێراق بوو کە بابەتەکانی ناو نامەکە بووە هۆی شۆکبوونی ئەو پەرلەمانتارانە.

نامەکە ئەوەی لە خۆگرتبوو کە لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا لە نێوان سێ کەسایەتی ناسراوی سیاسی، ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کراوە، کە لەدوای دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە مانگی 12ی 2023 دوای تێوەگلانی لە تۆمەتی ساختەکاری.

ناوی کاندیدەکان نەهێنرابوو، بەڵکو تەنیا بە نازناوەکانیان باسکرابوو. ئەمەش هۆکارێک بوو تاوەکو لەلای لایەنەکانی دیکە بە نەناسراوی بمێننەوە.

یەکێکیان ئەحمەد عەبدوڵڵا، پارێزگاری سەڵاحەددین و سەرکردەی پارتی هەواداران بوو، کە بە سەرکردە ناسراوە. حەلبووسیش بە ساختەکار. (حەلبووسی سەرکۆنەی لادانی لە پۆستەکەی کرد و بە نایاسایی ناوی برد. پارتەکەشی کە پارتی تەقەدوومە ڕایگەیاند، حەلبووسی بووەتە قوربانی ئامانجی بەردەوامی سیاسی).

کەسی سێیەم کە بە ئەمیندار بانگ دەکرێت، قەیس خەزعەلی، فەرماندەی گرووپی چەکداری عەسائیب ئەهل ئەلحەقە، کە یەکێکە لە بە‌هێزترین گرووپە چەکدارەکان و بە سەرکردەیەکی یەکلاکەرەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دادەنرێت.

ئەمیندارەکە، سەرکردەکە و ساختەکارەکە

لە نامەکەدا نووسرابوو، هەریەک لە ئەمیندارەکە، سەرکردەکە و ساختەکارەکە ئامادەکارییان کرد بۆ کاندیدکردنی پەرلەمانتارێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە ناسراوە بە ساختەکردنی بڕوانامەکەی. کێشەکە لەوەدایە کە دادوەرەکە ڕازییە.

پەرلەمانتارەکە زیاد ئەلجەنابی بوو کە سەرکردەی پارتی دەستپێشخەرییە، جەنابی لەلایەن نەیارەکانیانەوە تۆمەتبار کرا بە ساختەکردنی بڕوانامەکەی، بەڵام دادوەر تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە، دادگاییەکە لەلایەن فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری سەرپەرشتی دەکرا.

دوای چەند ڕۆژێک کەسێک کە تاوانبار بوو بە ناردنی نامەکان دەستگیر کرا، بە ناوی عەلی مەتیری، کە ئەفسەر و شارەزای ئایتی بوو لە خزمەتگوزاری ئاسایشی نیشتمانی و لەلایەن ئۆفیسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتگیری دەکرا.

زۆری نەخایاند، لە 19ی ئابدا، کارمەندانی نووسینگەی سوودانی لە ئابڕوچوونێکی دیکەدا تێوەگلان.

دادگای تایبەت بە پرسی تیرۆر تۆڕێکیان لە کارمەندانی ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیر کرد، مستەفا سەنەد ئەو پەرلەمانتارەیە کە بەڵگەی داوەتە دادگا و ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بە کاری پیس تۆمەتبار دەکات، لەنێویاندا گوێگرتن لە تەلەفۆنی سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران، هاوکات سەنەد؛ محەممەد جوحی، کەسایەتییەکی کاریگەری نووسینگەی سوودانی بە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکە تۆمەتبار کرد. 

کەسایەتییە سیاسییە باڵاکان و بەرپرسانی باڵا لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە گوایە لە پێشێلکارییەکی ئەمنی نائاساییدا تووشی کێشە بوون کە گومانەکان خراونەتە سەر بازنەی نزیکی هاوپەیمان و ڕاوێژکارانی سوودانی، لەنێویاندا براکانی خۆی، حەیدەر و عەباس و ژمارەیەک ئامۆزای کە بۆ پۆستە باڵاکانی ئۆفیسەکەی دەستنیشان کراون.

هەروەها حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە مانگی ئەیلوولدا وتی، تا ئێستا گوێت لە سەردانیکەری شەوان بووە؟ محەممەد (جوحی) سەردانیکەری شەوانە بووە، دۆسیەکە زۆر گەورەیە. سەردانیکەری شەوان لە زمانی عەرەبی عێراقیدا بە کەسێک دەوترێت کە بەبێ بانگهێشتکردن دەستبخاتە نێو ژیانی تایبەتی کەسانی دیکەوە.

دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت

دوابەدوای دەستگیرکردنی عەلی مەتیری، یەکەم شت کە سەرنجی لێکۆڵەرانی دۆسیەکەی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بەسەرۆکایەتیی عەلی حوسێن جەفات کە دادوەرێکی باڵایە، بوونی ژمارەیەک وێنەی سیاسییەکان بوو لەسەر لاپتۆپەکەی، زۆربەیان بەشێوەیەک دیزاین کراون کە لە شاشەی پەخشێکی هەواڵی بەپەلەدا وەرگیراون.

سەرەتا وا دیار بوو ئەو جۆرە وێنانە بوون کە زۆرجار بۆ چەواشەکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان بڵاودەکرانەوە، بەڵام بەمزووانە لێکۆڵەران دەگەنە ئەنجامێکی جیاواز.

لەژێر لێپرسینەوەدا، عەلی مەتیری ئاماژەی بەوەدا کە لەژێر چاودێری جوحی کار دەکات. ئەو ئێوارەیە بە فەرمانی عەلی حوسێن جەفات، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی جوحی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و دەستگیریان کرد و دەستیان بەسەر مۆبایل و لاپتۆپ و کەرەستەی دیجیتاڵی دیکەدا گرت.

بەرپرسێکی باڵای ئاگادار لە هەڵمەتەکە ڕایگەیاند، جوحی و سەرۆکەکانی پێشبینیان نەدەکرد کە عەلی جەفات بوێری ئەوەی هەبێت لەناو ناوچەی سەوز دەستگیری بکات، هەروەها پێشبینیشیان نەدەکرد بەو خێراییە ڕووبدات.

جوحی، مەتیری و پێنج کەسی دیکە لەنێویاندا ئەفسەرانی ئەمنی و هەواڵگری کە لە نووسینگەی سوودانی کاریان دەکرد، دەستگیرکران و دواتر لێکۆڵینەوەی تووندیان لەگەڵدا کرا. تا کۆتایی مانگی ئاب، لێکۆڵەران وردەکارییەکانیان ئاشکرا کردبوو کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کردبوو کە پیلانێکی دوورمەودایە.

فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، دەرەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی باس کرد.

ئەوە بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وترا کە دەزگا هەوالگرییەکانی عێراق و نووسینگەی سەرۆکوەزیران و نووسینگەی سەرۆکی ئەرکان هەموویان لە خزمەت جوحی و تۆڕەکەیدا بوون.

زۆربەی سەرکردە سیاسییە باڵاکان و وەزیرەکان و پەرلەمانتاران و بەرپرسە باڵاکان هاک کرابوون و گفتوگۆکانیان تۆمارکرابوو. هەروەها سەرۆکی ئۆرگانە گشتییە گەورەکان، دادوەرەکان، بازرگانانی دیار و پیاوانی ئایینی کرانە ئامانج، لەوبارەیەوە سەرۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی وتی: ئەوە دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت و دامەزراوەکانیەتی.

هەروەها لێکۆڵەرانی دۆسییەکە دەیان نامەی دەنگی و سەدان نامەی کورتیان دۆزیوەتەوە کە خودی سەرۆکوەزیران بۆ جوحی ناردووە کە بە وتەی سەرۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی، پەیامەکان ڕێنمایی ئاشکرایان لەخۆگرتبوو بۆ بە ئامانجگرتنی هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان. میدل ئیست ئای پەیوەندی کرد بە سێ ڕاوێژکاری سوودانی کە سەرجەمیان بەرپرسی هەواڵگری ئاشنای لێکۆڵینەوەکانن، بوونی ئەو پەیامانە و ناوەڕۆکەکانیان پشتڕاست کردەوە. یەکێک لە ڕاوێژکارەکان ئاماژەی بەوە کرد، دۆخەکە کارەساتبارە و نازانین چۆن کۆتایی دێت.

گەر سوودانی بڵێت جوحی و گرووپەکەی بە ئاگاداری و ڕەزامەندی ئەو کاریان کردووە، ئەوا ئەمە گوناهە، ئەگەر بڵێت بەبێ ئاگاداری ئەو کارەکانیان کردووە، ئەوا ئەمە کارەساتە و پێشێلکارییەکی ئەمنی بێوێنەیە.

تا ئێستا سەرۆکوەزیران هیچ لێدوانێکی ئاشکرای لەسەر ئەو تۆمەتانە نەداوە، لە چەند هەفتەی دوای شکاندنی ئەو ئابڕوچوونە نووسینگەکەی، ئەو ڕاپۆرتانەی میدیا عێراقییەکانی ڕەتکردەوە سەبارەت بە بوونی گوایە تۆڕێکی سیخوڕی لەناو ئۆفیسەکەیدا بوونی هەبووە.

بەڵام ئابڕوچوونێکی نوێ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەسەر تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکان کە تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هاوپەیمانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوودانیدا وا دیارە داوای بەرتیل دەکەن، ئەوە پیشان دەدات کە ئاگربەستی نێوان سەرۆکوەزیران و ڕکابەرەکانی کۆتایی هاتووە.

بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە دووبارە هەڵبژاردنەوەی شیاع سوودانی لە ڕێگەی ئەو کارە نایاساییانەی ئۆفیسەکەی ئەنجامیان داوە مسۆگەرکراوە.

کاری کەسی بێت یان لەبەر بەرژەوەندییەکانی دیکە

هەروەها تۆڕەکە چووەتە ناو بازنەکانی هەواڵگری و ئاسایشی باڵا، بەپێی ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی زیانەکان کە لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیەوە ئامادەکراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە لیوا عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆ و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هەردووکیان کراونەتە ئامانج.

لەبری جوحی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەربازی سوودانی لیوا عەبدولکەریم ئەلسوودانی کە ئامۆزای سەرۆکوەزیرانە، وەک بەرپرسی تۆڕەکە ناساند. بەپێی هەڵسەنگاندنەکە، (ڕاپۆرتی خولیی)ش پێشکەش بە خودی سەرۆکوەزیران کراوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ڕایگەیاند، تا ئێستا هەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆڕەکە بۆ مەبەستی ناوخۆیی دروستکراوە نەک دەرەکی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی تۆڕەکە تووندکردنەوەی دەستی سوودانی بوو لەسەر ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکان بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە بۆ خولێکی دیکە سەرۆکوەزیران دەبێت.

دوو بەرپرسی باڵای کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق ڕایانگەیاندووە، پێدەچێت تۆڕەکە کۆمپانیاکانی پەیوەندییان بەکارهێنابێت بۆ دەستگەیشتن بە لۆگی پەیوەندییەکانی ئەوانەی کراونەتە ئامانجەکانیان.

لۆگی پەیوەندییەکان ئەو تۆمارانەن کە مێتاداتا سەبارەت بە پەیوەندی تەلەفۆنی و نامەکان لەخۆدەگرن. بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی تەلەفۆنی پەیوەندیکەر و وەرگر، کات، ڕێککەوت و ماوەی پەیوەندییەکان و داتای شوێن نیشان دەدەن.

یەکێک لە بەرپرسانی باڵای کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد، ئەوان سوودیان لەو ئاسانکارییانە وەرگرتووە کە ئەم کۆمپانیایانە پێشکەشی نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەکەن و داواییان لێکردووە.

لە 21ی تشرینی یەکەمدا، جەفات بانگهێشتنامەی بۆ عەلی ئەلموئەیەد، سەرۆکی CMC و بەرپرسێکی دیکەی CMC دەرکرد.

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، کاتێک لێپرسینەوە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی مۆبایل کرا، ئەوان بانگەشەیان کرد کە ڕێنمایی ڕوونیان لە کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق وەرگرتووە بۆ ئەوەی هاوکاری تەواو لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران بکەن، بۆیە درێغییان نەکرد لە پابەندبوون بە داواکارییەکانی جوحی و گرووپەکەی، ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی ئاماژەی بەوەش کرد، لێپرسینەوە لەگەڵ موئەیەد و بەرپرسەکەی دیکەدا کراوە و بە کەفالەت ئازادکراون.

ئامۆزا هەواڵگرەکان

سوودانی کە لە تشرینی یەکەمی 2022 بوو بە سەرۆکوەزیران، هەرگیز کەسی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان نەکردووە و لەبری ئەوە خۆی ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە.

بەڵام ئەو لیوا عەبدولکەریم ئەلسوودانی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەربازییەکەی وەک سەرپەرشتیاری گشتی دەزگاکە و ئەحمەد ئیبراهیم ئەلسوودانی، ئامۆزای وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی دەزگاکە دەستنیشانکرد.

لە کۆتایی مانگی ئابدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەردووکیان دەرچوو. سەرچاوەکان دەڵێن، هەردووکیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و بە کەفالەت ئازاد کراون.

ئەحمەد ئیبراهیم ئەلسوودانی دەستبەجێ دوای ئازادکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئاراستەی سەرۆکوەزیران کرد. تا ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی بەفەرمی قبووڵ نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، دەستی بە ئەرکەکەی نەکردووەتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ