چیرۆکی ڕاکردنی زیندانییەکەی گەرمیان لەنێوان مەلیکە و تاکسیدا

شەیری بکە لە:
چیرۆکی ڕاکردنی زیندانییەکەی گەرمیان لەنێوان مەلیکە و تاکسیدا

ئاڤا نیوز

دوو پۆلیس بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و تاکسییەک چوار زیندانی لە سلێمانی بەرەو گەرمیان دەگوزانەوە، لە ڕێگاش یەکێک لە زیندانییەکان فێڵیان لێدەکات و ڕادەکات.
    
چیرۆکی سەرەکی: زیندانییەکە بە ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەتۆمەتی خواردنی پارەی خەڵک لەلایەن پۆلیسی گەرمیانەوە داواکراو بووە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی کۆیە دەستگیرکراوە و ماوەیەک لەوێ زیندانی کراوە، پێویست بووە بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن بگوازرێتەوە بۆ گەرمیان. ئەمەش لەڕووی ڕێککاری پۆلیسی بە دوو قۆناغ دەکرێت، سەرەتا پێویست بووە بگوازرێتەوە سلێمانی، دواتر بۆ گەرمیان، پرۆسەکە لە کۆیە بۆ سلێمانی بێ کێشە بەڕێوەچووە.


زانیاریی زیاتر: ڕۆژی چوارشەممە 13-11-2024، دوو پۆلیسی گرتن و گواستنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت دەچن  زیندانییەکە لەسەر شەقام لە سلێمانی لە پۆلیسەکانی کۆیە وەردەگرن. 

"لەگەڵ دەستی خۆتان سێ زیندانی دیکەش بهێننەوە"

بەڵام لە ڕێگا لەلایەن ئەفسەرانیانەوە تەلەفۆنیان بۆ کراوە و فەرمانیان پێ کراوە، سێ زیندانی دیکەش لە سلێمانی لەگەڵ خۆیان ببەنەوە گەرمیان. سێ زیندانییەکە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ئازادبوونیان پێویست بووە ببرێنە گەرمیان و  تەنیا هەفتەیەک بۆ 10 ڕۆژ حوکمەکەیان مابووە.

دوو پۆلیسەکە بە ئەفسەرەکانیان وتووە ئێمە تەنیا ئۆتۆمبێلێکمان پێیە، هی خۆمانە و تایبەت نییە بە گواستنەوەی زیندانییان، بۆیە ناتوانین چوار زیندانی پێکەوە بگوازینەوە، ئاڤا زانیویەتی ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری مەلیکە بووە، کە جگە لە شوفێر تەنیا چوار سەرنشین هەڵدەگرێت، بەڵام ئەفسەرەکان پێیان دەڵێن ئیشەکە جێبەجێ بکەن. فەرمانەکە جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە ڕێگاکە دوورە و دوو کاتژمێر و نیوی پێدەچێت، قورسە بە دوو پۆلیس کە یەکێکیان پێویستە شۆفێری بکات چاودێری چوار زیندانی بکرێت.

 

تاکسییەک بەکرێ دەگرن

دوو پۆلیسەکە تاکسییەک بەکرێ دەگرن، دوو لە زیندانییەکان لەگەڵ مەلیکەکە سەردەخەن و پۆلیسێک چاودێرییان دەکات، پۆلیسێکیش دوو زیندانییەکەی دیکە لەگەڵ خۆی لە تاکسییەکە سەردەخات، بەڵام لە ڕێگا لەو دوو زیندانییەی لەگەڵ تەکسییەکە سەرکەوتوون یەکێکیان ڕادەکات، ڕاکردووەکەش زیندانییەکەی کۆیە بووە.


زیندانییەکە چۆن ڕایکردووە؟

لە سنووری ناحیەی زەڕایەن زیندانییەکە بە شۆفێرەکەی وتووە تەندروستی تەواو نییە، گەددەی تێکهەڵدێت و فشاری خوێنی بەرزبووەتەوە،  داوای کردووە ئۆتۆمبێلەکە بووەستێنن، هەر لەگەڵ وەستانیان لەدەستی پۆلیسەکان ڕایکردووە. ئاڤا نیوز پرسی ئایا کەلەپچەکراو بووە یان نا، بەڵام ئەو وەڵامەی دەستنەکەوت، دوای سێ کاتژمێریش لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراوەتەوە.


ڕووداوەکە هەرایەکی گەورەی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ناوەتەوە، چونکە لە ماوەی 10 مانگدا ئەمە دووەم زیندانییە لەو فەرمانگەیە ڕادەکات.

بۆچی بە ئۆتۆمبێلی تایبەت گوازراونەتەوە؟

ئەمە پرسیارە بێوەڵامەکەیە، لەکاتێکدا گواستنەوەی زیندانییان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت سەتا سەت پێچەوانەی یاسایە، جگە لەمەش پۆلیسی گەرمیان چەندین ئۆتۆمبیلی حکومی تایبەت بە گواستنەوەی زیندانی هەیە و نەسریەی مانگانەی نزیکەی 30 ملیۆن دینارە، بەڵام وەکو ئاڤا زانیویەتی بەنزینی پێویست بۆ ئۆتۆمبێلەکان دابین ناکرێت. هەروەها هەر پۆلیسێک ئۆتۆمبێلی خۆی بەکاربهێنێت لەبەرامبەردا هیچ بڕە پارەیەکی وەکو پاداشت پێنادرێت، تەنانەت پارەی بەنزینەکەیشی نادرێتەوە.

بەڵکو تێچووی گواستنەوە و بەنزین دەخرێتە سەر ئەستۆی زیندانییەکە و 100 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، ئەمەش نایاسییە و پێشتریش کەیسێکی دیکەی هاوشێوە هەر لە گەرمیان هەبووە و ئێستا لە دادگای سەربازییە.

پۆلیسی گەرمیان لەسەر ڕووداوەکە چی دەڵێت؟

ئاڤا نیوز پەیوەندی بە عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان کرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ وردەکارییەک لەبارەی ڕووداوەکە باس بکات و تەنیا گوتی، "ئەنجوومەنێک بە بەشداریی ژمارەیەک ئەفسەری پلەباڵا بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت سزا دەدرێت".

ئاڤا زانیویەتی دوو پۆلیسەکە ڕێککاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەستبەسەر کراون. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: