دوای دوو ساڵ ئایندەی شەڕ لە ئۆكراینا چی دەبێت؟

شەیری بکە لە:
دوای دوو ساڵ ئایندەی شەڕ لە ئۆكراینا چی دەبێت؟

دیمەنێكی ئۆكراینا- وێنە: AFP

ئاڤا نیوز

 

دوو ساڵە شەڕێکی بەردەوام وێرانکەر لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینادا هەیە، تادێت ڕووسیا بەرەو پێشەوە دەچێت و ئۆکرایناش پاشەکشەدەکات و زیانە گیانی وماددیەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن.


ئەڤدیڤکا، شارێکی ئۆکراینایە، وەک ئەوەی هیچ بەهایەکی نەمابێت بۆ وڵاتەکە، سووپا کشایەوە و ڕووسیا بە چەند سەربازێکی کەمەوە لەسەر باڵەخانە گەورەکانی شارەکە ئاڵای هەڵکرد و کریملینیش دەڵێت "ناوەستین دەچینە پێشەوە تابتوانین ئەوەی دەمانەوێت بەدەستی بهێنین".


لە ماوەی دوو ساڵی سەرەتای شەڕدا، هەر 30 خولەک جارێک ڕووسیا هێرشێکی کردووەتە سەر ناوچەیەک لە ئۆکراینا و لەگەڵ ئەوەشدا ئۆکراینا وەڵامێکی تا ڕادەیەک مامناوەندی داوەتەوە.


سەرەتا وا بڕیاربوو شەڕەکە هێزی پیادە بیکات، بەڵام زۆر بە خێرایی جەنگەکە لە سەربازی زەمینییەوە گۆڕدرا بۆ مووشەک و درۆن و فڕۆکە شەڕکەرەکان.


لە کاتێکدا شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراینا ڕۆژی 24-2-2024 دەچێتە ساڵی سێیەمەوە و دوو ساڵ تێدەپەڕێنێت،  ڕووسیا دیسانەوە هێرش دەکاتە سەر  شارەکانی سەر هێڵی پێشەوەی نزیک لە سووپاکەیان، ئەو هێرشانە لە کاتێکدا دێن کە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کیێڤ خاوبوونەتەوە، واتە کۆگاکانی چەکی ئۆکراینا تادێت بچووکتر دەبنەوەو خاڵی دەبنەوە و بێچەک دەبن، پەیتا پەیتا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا داوا لە ئەمریکا و ئەوروپا دەکات چەکیان پێبدەن.


بەریتانیا چی دەڵێت؟


وەزارەتی بەرگری بەرتانیا ، ڕایگەیاند "هێزەکانی ڕووسیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانیان لە چەند خاڵێکی هێڵی پێشەوە چڕکردووەتەوە، پێدەچێت مەبەستیان درێژکردنەوەی هێرشەکان بێت بۆ سەر ئۆکراینا و نەیانەوێت هیچ وەستانێک بکەن لە وڵاتەکەدا".


ڕووسیا بەنیازی چییە؟


سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند: هێزەکانی ڕووسیا بەتەواوی کۆنترۆڵی ئەڤدیڤکایان کردووە و بە پێشکەوتنێکی ستراتیژی ناوزەد کردووە، لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا دانی بەوەدانا کە هێزەکانی کشاونەتەوە، بەڵام وتی هەنگاوێکی تاکتیکی بووە.


سەبارەت بە کشانەوەکە لە 17ی شوبات زێلێنسکی لە میونشن گوتی: ڕزگارکردنی ژیانمان بەڕای من بڕیارێکی درووستە،چاوەڕێی چەکی گونجاو دەکەین، تا بتوانین جەنگێکی دروستی پێبکەین".


لەدەستدانی ئەڤدیڤکا دوای ئەوە هات چەند مانگێک بەرپرسانی ئۆکراینا زەنگی ئاگادارکردنەوەیان سەبارەت بە کەمبوونەوەی چەک  و کۆگاکانی سوپای ئۆکراینا ڕاگەیاندبوو، ئەمریکا لانیکەم 44.9 ملیار دۆلاری بۆ کیێڤ دابینکردووە، بەڵام ئەگەر کۆنگرێس تا کۆتایی بەهار یان سەرەتای هاوین پاکێجێکی نوێی هاوکاری پەسەند نەکات، ئەوا ڕەنگە دۆخی ئۆکراینا خراپتر بێت.


بەپێی ڕاپۆرتێکی حکومەت، تا مانگی کانوونی دووەمی 2023، بەریتانیا بەڵێنی داوە نزیکەی 7.1 ملیار پاوەند، واتە نزیکەی نۆ ملیار دۆلار بۆ هاوکاری سەربازیی. هەروەها یەکێتی ئەوروپا بەڵێنی دابوو نزیکەی 5.6 ملیار یۆرۆ، واتە نزیکەی 6.1 ملیار دۆلار، هاوکاری بگەیەننە ئۆکراینا.


بەڵام بەڵێنی دارایی بۆ تەقەمەنی و چەک کەم بووەتەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕەکە، ئەنجوومەنی ئەوروپا سەرەتای ئەم مانگە 50 ملیۆن یۆرۆی وەک هاوکاری بۆ ئەو وڵاتە پەسەند کرد، هەرچەندە ئەو پارەیە نەک بۆ تەقەمەنی بەڵکو بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەتی ئۆکراینا تەرخانکرابوو، ئەمەش ڕێگەی پێدرا پارەی مووچە و خزمەتگوزارییەکان بدات.


ئەو دۆخە مەترسیدارەی ئێستا زێلێنسکی و سەرکردەکانی دیکەی کیێڤ باسی دەکەن، زۆر دوورە لە شێوازی دەستپێکردنی ساڵی دووەمی جەنگی سەربازیی وڵاتەکە. هێزەکانی ئۆکراینا بەهاری ساڵی ڕابردوو هێرشێکی دژە هێرشیان دەستپێکرد کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا، بەڵام بێئەنجام بوو.

 

هێرشە دژە هێرشەکە سەرەتا هێواش هێواش زەبری هەبوو. لە نزیک دۆنێتسک هەندێک دەستکەوتی لێکەوتەوە بۆ ئۆکراینا، هەرچەندە قوربانییەکی زۆری ئۆکراینا بەدوای خۆیدا هێنا و سەرکەوتوو نەبوو لە بڕینی پردی وشکانی ڕووسیا بۆ باشووری وڵاتەکە.ڕووسیا پلانی شەڕەکەی گۆڕی لە بری ئەوەی هێرشبکاتە سەر سەربازەکان هێرشی کردە سەر کۆگاکانی چەک ئەمەش ئیفلاسی سەربازیی لە وڵاتەکە درووستکرد و سوپا هاواری لێهەستا.


هەروەها ڕوسیا بەردەوام بوو لە هێرشە دوورمەوداکانی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون. بەیانیان زوو هێرشی دەکردە سەر کیێڤ و خارکیڤ.


دەرئەنجام


جەنگ بەردەوامە، ڕووسیا دەڵێت ئێمە وازناهێنین و بەردەوام دەبین، زێلێنسکیش داوای هاوکاری دەکات، ئەمریکا و ئەوروپا و بەریتانیاش هاوکارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە کەم کردووەتەوە، کۆگاکانی چەک لە ئۆکراینا بەتەواوەتی بەرەو چۆڵبوون دەچن، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێدەچێت ئاڵای رووسیا لە کیێڤ بشەکێتەوە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان