ژیان بۆ ناوچە قەدەغەکراوەکانی سنووری ئامێدی دەگەڕێتەوە

شەیری بکە لە:
دیمەنێکی ناحیەی شیلادزێ لە سنووری قەزای ئامێدی - وێنە: تایبەت بە ئاڤا

دیمەنێکی ناحیەی شیلادزێ لە سنووری قەزای ئامێدی - وێنە: تایبەت بە ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

دوای چەندین ساڵ لە قەدەغەکردن و دابڕانی هەزاران هاووڵاتی لە گوند و ناوچەکانیان بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە، بەپێی پلانێک ژیان دەگەڕێتەوە ناوچە قەدەغەکراوەکانی سنووری ئامێدی کە 33 ساڵە چۆڵکراون، قۆناغی یەکەمی پلانەکەش کەوتە واری جێبەجێکردن.

 

شەڕی تورکیا و پەکەکە هۆکاری چۆڵکردنی گوندەکانە


ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی جموجوڵی پەکەکە و نزیکبوونەوەی لە سەنتەری شار و گوندە ئاوەدانەکانی سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، بیانووی بە تورکیا داوە هێرش و بۆردوومانی سەر ئەو شوێنانە بکات، ئەم گرژی و ئاڵۆزییانەی نێوانیان جگە لەوەی بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدان هاونیشتیمانی، هەزاران خەڵکیش ناچاربوون ماڵ و حاڵیان بەجێبێڵن و ڕوو لە شارەکان بکەن بۆ پاراستنی گیانیان، کە لەو سنوورەدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 گوند چۆڵکراون.

 

سەرۆک بارزانی بەڵێنی دا ژیان بۆ ناوچە چۆڵکراوەکان بگەڕێنێتەوە


لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو (2023) سەرۆک بارزانی بە سەردانێکی چەند ڕۆژە شاری دهۆک و هەموو قەزاکانی ئەو پارێزگایەی بەسەرکردەوە و لەگەڵ چین و توێژەکانیان کۆبووەوە و یەکێک لە داواکانی خەڵکی ئامێدیش ئاساییکردنەوەی ژیان لە سنوورەکانیان بوو، ئاڤا زانیویەتی لەوکاتەدا سەرۆک بارزانی گوتوویەتی، "ئێمە هەر دەگەڕێینەوە گوندەکانمان، ژیانیان بۆ دەگەڕێنینەوە. نابێت کەس ڕێگەمان لێ بگرێت".

 

لێكتێگەیشتنێک هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا


بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا نیوز، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژە لەگەڵ عێراق و تورکیا لەسەر هێڵن بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان لەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە چۆڵکراون،  بەتایبەت سنووری ئامێدی کە ئێستا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، عێراقیش پاڵپشتی ئەم داوایەی هەرێمی کوردستانی کردووە، بڕیارە بە سێ قۆناغ پێشمەرگە و پاسەوانانی سنووری عێراق بچنە ئەو ناوچانەوە، ئاسایشی ناوچەکە دەگرنە دەست، بۆ ئەوەی لەمەودوا نەبنە گۆڕەپانی هیچ ململانێیەک.

 

یەکەم هەنگاو بۆ ژیانەوەی ناوچە قەدەغەکراوەکان

 

ڕۆژی چوارشەممە 21-02-2024، یەکەم قۆناغی جێبەجێکردن دەستیپێکرد و هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە چەکی قورسەوە 13 کیلۆمەتر بەرەو ناوچەی نێروە و ڕێکان بەڕێ کەوتن و لە چەند شوێنێک بارەگا دادەنێن.


سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، دوای لێکتێگەیشتنەکان، هێزێکیان لە ناحیەی شیلادزێوە و لە ڕێگەی گەلی باڵندەوە بەرەو ناوچەی نێروە و ڕێکان ڕۆیشتوون، سەرەتا تاوەکو ڕووباری "ئاڤا مارک" (ئاڤا مارک؛ یەکێکە لە گەورەترین ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و پێش گەیشتنی ئاڵۆزییەکانی تورکیا و پەکەکە، ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕووی تێدەکرد و دەیان هەلی کاری بۆ خەڵکی ناوچەکە دابینکردبوو)، ئەو هێزانە لە سێ خاڵی سەربازیدا لە ناوچەکانی (کۆچکا، لۆفەکانی گوندی سیدان و هاوینەهەواری ئاڤا مارک) جێگیر دەبن.

 

قۆناغی دووەم و سێیەم


چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێزێکی دیکەی پاسەوانی سنووری عێراق زیاتر بەرەو ناوچە قەدەغەکراوەکان بڕۆن تاوەکو کۆتایی ڕێگەی چەمجی دەچن کە  لە گەلییەوە بۆ ئەو ناوچەیە نزیکە 31 کیلۆمەترە.


بە چوونی ئەم هێزە ژیان بۆ 85 گوندی چۆڵکراو لە هەرسێ ناوچەی ڕێکان و نێروە و دوسکی ژووری دەگەڕێتەوە، دوای 33 ساڵ خەڵک دەتوانن بچنەوە سەر باخ و گوندەکانیان.


ئاڤا نیوز زانیویەتی، دوای ئەم قۆناغانە هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەکشێنەوە، هێزەکانی پێشمەرگە دچنەوە ئەو ناوچانە، دوای دابینکردنی ئاسایشێکی تەواو، وردە وردە دەست بە ئاساییکردنەوەی ژیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکرێتەوە.


دوای ئەم قۆناغەش بڕیارە هێزەکان زیاتر بچنە قوڵایی ئەو ناوچانە، بەشێوەیەک تاوەکو لووتکەی گوندی ئەرتیس و ئۆرەمار لەسەر سنووری باکوور و هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 40 کیلۆمەترە دەڕۆن.

 

گرنگی ناوچەکە


قەزای ئامێدی لە حەوت ناحیە پێکهاتووە لەوانەش، ئامێدی، سەرسنگ، بامەڕنێ، شیلادزێ، کانی ماسێ، چەمانکێ و دێرەلووک، خاوەن چەندین سەرچاوەی ئاو و چیای بە پیتە. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: