دەوڵەت لەنێو دەوڵەتدا.. حەشدی شەعبی هاوکێشەی سیاسیـی عێراق دەگۆڕێت
- ڕاپۆرت
- 13 کانوونی دووەم
ئاڤا دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی، چیتر لەنێو بازنەی داخراوی چالاکییەکانیاندا بانگەشە و پەیامە سیاسییەکانی خۆیان بڵاوناکەنەوە، بەڵکو ئەمجارە گوشار لە دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتی عێراق دەکەن هاوڕێ و هاوبیریان بن. گوشارێک رەنگە زۆر هاوکێشەی سیاسی لەسەر شانۆی حوکمڕانیی عێراق بگۆڕێت، چونکە گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی بەشێوەیەک گەورە و بەرفراوان بوون، ئێستا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەنێو دەوڵەتی عێراقدا رەفتار دەکەن. “راستییەکی مەترسیدار” کە زۆربەی سەنتەرەکانی توێژینەوە لە جیهاندا جەختی لێدەکەنەوە.
مەترسییە چاوەڕوانکراوەکە: تەمەنی حەشدی شەعبی لە 10 ساڵ نزیک دەبێتەوە، ئەو ئامانجەشی لەپێناویدا دروست بوو لە 4 ساڵی یەکەمیدا توانی جێبەجێیی بکات، کە بریتی بوو لە تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی ئەو ناوچە جوگرافیانەی بەهۆی لاوازیی سوپای عێراقەوە کۆنترۆڵی کردبوون.
بەپێی بانگەوازەکەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کە لە 13ی حوزەیرانی 2014دا داوای جیهادی کیفایەی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش، دەبوو دوای نەمانی مەترسییەکانی داعش، حەشدی شەعبی کۆتایی بە ئەرکەکانی بهێنێت، بەڵام دوای نەمانی مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە، هێشتا حەشدی شەعبی لە گەورەبوون و فراوانبوونێکی ناسرووشتی و پلان بۆداڕێژراودایە. ئێستا نەک خاوەنی هێزێکی سەربازی گەورە و پڕچەکی هاوچەرخە، بەڵکو لە چەندین ئاستی سیاسی و ئابووری و رێکخراوەیی و میدیاییەوە توانیویەتی هەژموونی خۆی لە چەندین کایەو پنتی جیاوازی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقیدا بسەپێنێت، بەشێوەیەک ئێستا وەکو سێبەری حکومەتی عێراق تواناو دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی هەیە.
هەندێ راپۆرتی سیاسی سەنتەرەکانی توێژینەوە لە جیهان، حەشدی شەعبی بە “ئیمپڕاتۆریەتێکی شاراوە” وەسف دەکەن و بەپێی ئەو داتاو زانیارییانەی لەبەردەستن، پێیانوایە “تواناو دەسەڵاتەکانی حەشدی شەعبی زۆر لە تواناو دەسەڵاتەکانی حکومەتی عێراق زیاترن”، تەنانەت تاوەکو ئەو رادەیە دەڕۆن کە “ئێستا حکومەتی عێراق رووخسارێکی فەرمیی حەشدی شەعبییە بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک سیاسەتی نافەرمی گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی”.
لە ئۆکتۆبەری 2021دا پەیمانگەی ئینلیل بۆ توێژینەوە راپۆرتێکی 100 لاپەرەیی لەسەر مەترسییەکانی گەورەبوونی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە. هەردوو توێژەری ئامادەکاری راپۆرتەکە مایکڵ نایتس و ئەلیکس ئەلمیدا لەمیانی راپۆرتەکەیاندا دەڵێن "حەشدی شەعبی بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە دەوڵەتێک لەنێو دەوڵەتی عێراقدا، چونکە هەموو زانیاری و داتا بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن، حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی نائاسایی گەورە دەبێت، رەنگە بگاتە ئاستێک هیچ دەسەڵاتێکی فەرمی و یاسایی لە عێراقدا نەتوانێت بەر بە هەژموون و دەسەڵاتەکانی بگرێت، بەتایبەتی ئەگەر بزانین بەشێکی گەورەی گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی نوێنەرایەتییەکی نافەرمی زامنکردنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکانی ئێران دەکەن لە عێراقدا".
وێنە گەورەکە: حەشدی شەعبی لە 70 گرووپی جیاواز پێکهاتوون، هەندێکیان پێشتر رێکخراوی سەربەخۆ بوون و لە چالاکیدا بوون، هەندێکی دیکەیان دوای فەتواکەی عەلی سیستانی لە ساڵی 2014دا دروست بوون. بەشێوەیەکی گشتی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بریتین لە :
* رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، خاوەنی 10 گرووپی چەکدارە، گرنگترینیان لیوای بەدر، لیوای کەربەلا و لیوای ئەلحوسێنە.
* حیزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، خاوەنی 4 گرووپی چەکدارە، گرنگترینیان کەتائیبی ریسالیوونە.
* ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆکایەتی جەلالەدین سەغیر، خاوەنی 3 گرووپی چەکدارە، گرنگترینیان سەرایای عاشورایە.
* رەوتی سەدری موقتەدا سەدر، خاوەنی گرووپی سەرایا سەلامە، کە لە سێ لیوای سەرەکی پێکهاتووە.
* کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی بە سەرۆکایەتی ئەبو حوسێن ئەلحمێداوی، خاوەنی 5 گرووپی چەکدارە، گرنگترینیان بزووتنەوەی نوجەبا و سەرایای جیهادە.
* عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، خاوەنی 3 گرووپی چەکدارە، گرنگترینیان کەتیبەکانی عەسائیبی ئەهلی حەقە.
* حەشدی عەتەبات، خاوەنی 4 گرووپی چەکدارە، گرنگترینیان فیرقەی عەباسی شەڕکەرە.
* مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، خاوەنی 7 گرووپی چەکدارە، گرنگترینیان کەتائیبی ئیمام عەلی، کەتائیبی سەیدولشوهەدا و سەرایای ئەلخوراسانییە.
* حەشدی کەمینەکان، خاوەنی 2 گرووپی چەکدارن، گرنگترینیان کەتائیبی بابلیونە.
وەلائییەکانی نێو حەشدی شەعبی: وەلائییەکان وشەیەکی تایبەتە لە شەقامی عێراقیدا بەکاردەهێنرێت و بەو گرووپانەی نێو حەشدی شەعبی دەوترێت، کە زیاتر وەلائیان بۆ فەیلەقی قودسی ئێران هەیە و بەیعەتیان بە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران داوە. ئەو گرووپانەی راستەوخۆ وەلائیان بۆ رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەیە، زۆرینەی گرووپەکانی حەشدی شەعبین و زیاتر لە 41 گرووپی نێو حەشدی شەعبی پێکدەهێنن. لەوانە: فەیلەقی بەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزووتنەوەی نوجەبا، حیزبوڵڵای عێراقی و سەرایای خوراسانی.
17 گرووپی دیکەی حەشدی شەعبی وەلائیان بۆ مەرجەعی باڵای شیعەکان عەلی سیستانی هەیە و پێیان دەوترێت حەشدی شوێنە پیرۆزەکان (حەشدی عەتەبات) وەکو: سەرایای عاشوورا و ئەنساری مەرجەعییە و چەند گرووپێکی دیکەی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و زۆرجاریش سەرایا سەلام هەر لەم چوارچێوەیەدا پۆلێن دەکرێن، بەڵام زیاتر بڕیار لە رێبەرەکەیان موقتەدا سەدر وەردەگرن.
12 گرووپی حەشدی شەعبی وەلائیان بۆ چەند مەرجەعیەتێکی دیکە هەیە، لەوانە سادق ئەلشیرازی و محەمەد یەعقووبی و کازم ئەلحائیری.
بەپێی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی فریدریش ئیربت، رێژەی وەلائی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بەمشێوەیە:
66٪ وەلائیان بۆ عەلی خامنەییە
26٪ وەلائیان بۆ عەلی سیستانییە
9٪ وەلائیان بۆ مەرجەعە جیاوازەکانی دیکەی شیعەیە
ژمارەکان وادەڵێن: حەشدی شەعبی 10 ساڵ لەمەوبەر کە دروست بوو، ژمارەیان تەنیا 60 هەزار چەکدار بوو، دوای 2 ساڵ، واتە لە 2016دا ژمارەیان زیادی کرد بۆ 140 هەزار چەکدار. بەپێی لێدوانێکی رۆژنامەوانی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ژمارەی کارمەند و چەکدارانی حەشدی شەعبی بە سەرجەم گرووپە جیاوازەکانییەوە لە ساڵی 2023دا گەیشتە 200 هەزار چەکدار، بەڵام لە راستیدا ژمارەیان زۆر لەوە زیاترە.
راپۆرتێکی پەیمانگەی واشنتن بۆ توێژینەوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نزیک، ژمارەی راستەقینەی کارمەند و چەکدارانی حەشدی شەعبی بە 238 هەزار چەکدار دەخەمڵێنێت، واتە زیاتر لە نیوەی ژمارەی هێزە چەکدارەکانی سیستمی بەرگریی عێراق بە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانەوە. ئەو راپۆرتەی پەیمانگەی واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، رێژەی زیادبوونی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا ساڵانە 20٪ بووە، لەکاتێکدا رێژەی زیادبوونی کارمەندانی وەزارەتی بەرگری 6٪ و وەزارەتی ناوخۆ 3٪ بووە.
لێکەوتەکان لەسەر بودجەی گشتی عێراق: رۆژی 26ی تشرینی دووەمی 2016 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ دوای بایکۆتی سوننەکان، یاسای ژمارە 40ی دەستەی حەشدی شەعبی پەسندکرد، بەوەش لە لایەک شەرعییەتی یاساییان پێدرا و لە لایەکی دیکەش سەرجەم گرووپە جیاوازەکانی نێو حەشدی شەعبی وەکو هێزێکی سەربازی سەربەخۆبوو دەستنیشان کرد.
بەپێی یاسای ژمارە 40 هەردوو مەرجی تەمەن و خوێندنی ئەکادیمی هەڵاوێرد کران بۆ ئەندامانی حەشدی شەعبی، بەوەش دەرگای بەڕووی زۆربەی سەرکردەکانی ئەو هێزانەدا کردەوە، ببنە خاوەنی پلەیەکی باڵای سەربازی، ئەوەش دەسەڵات و هێزێکی زۆری پێدان، بەوپێیەی بە ئاسانی توانییان هەژموونی خۆیان لە رووی سەربازی و سیاسییەوە لە زۆر ناوچەی جوگرافی عێراقدا بسەپێنن، بەتایبەتی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.
لە لایەکی دیکەوە، یاسای ژمارە 40 حکومەتی عێراقی پابەندکرد بودجە و پێداویستی دارایی و لۆجیستی بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی لەنێو بودجەی گشتی عێراق دابین بکات.
خەرجی حەشدی شەعبی لە بودجەی گشتی عێراقدا لە نێوان ساڵانی 2021 تاوەکو 2023 رێژەی 23٪ زیادیکردووە. لە بودجەی تەرخانکراوی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا (2023_2025)، ساڵانە گەیشتووەتە 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار، کە دەکاتە 2 ملیارو 700 ملیۆن دۆلار.
لەو کاتەوەی یاسای ژمارە 40ی حەشدی شەعبی پەسەندکراوە، بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو هێزە بەردەوام زیادیکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە بودجەی دامەزراوە سەربازییەکانی دیکەی عێراق کەمیان کردووە. بۆ نموونە لەکاتێکدا بودجەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی بەرگری بە ڕێژەی 26٪ و دەزگای دژەتیرۆر بەرێژەی 20٪ لە بودجەی گشتی 2021ی حکومەتی عێراقیدا کەمیان کردووە، کەچی بودجەی دەستەی حەشدی شەعبی 17٪ زیادیکردووە.
سەرباری هەموو ئەوانە، لەبودجەی سێ ساڵەی حکومەتی عێراقدا، خانەیەک بەناوی "خەرجییە نهێنییەکان بۆ دەستەی حەشدی شەعبی" زیادکراوە، بە بڕی ملیارێک و 500 هەزار دینار، کە بووە جێگەی سەرنجی زۆربەی چاودێران، بەوپێیەی زیادکردنی ئەو خانەیە شتێکی پێشبینینەکراو بوو، چونکە "خەرجی نهێنی" لە ساڵانی رابردوودا لە یاسای بودجەی گشتیدا، تەنیا بۆ دەزگا هەواڵگرییە فەرمییەکان دیاریکراوە.
کیتاب ئەلمیزان، توێژەرێکی عێراقییە، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی عەرەبی ئەلجەدید دەڵێت "ئەمە یەک مانای هەیە، ئەویش زیادکردنی رووبەرەکانی کارکردنی نهێنی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبییە، کە مەترسییەکی گەورە بۆ خودی دامەزراوەکانی حکومەت دروست دەکات".
لە هێزێکی سەربازییەوە بۆ هێزێکی ئابووری: یاسای ژمارە 40ی حەشدی شەعبی هیچ سیستمێکی دیاری نەکردووە بۆ شێوازی زیادکردن و دامەزراندنی کارمەندی نوێ لەنێو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، هەربۆیە ژمارەی کارمەند و هێزەکانی حەشدی شەعبی بە "رووبەرێکی زۆر بەپیت دادەنرێت بۆ گەندەڵی"، بەوپێیەی ئاسان دەتوانرێت ژمارەی وەهمی بۆ ئەو هێزانە زیادبکرێت. هەندێ توێژینەوە ژمارەی چەکدارە وەهمییەکانی نێو حەشدی شەعبی بە 82 هەزار چەکدار دەخەمڵێنن، کە بە زمانی شەقامی عێراقی بە "فەزاییەکان" ناسراوە. واتە مانگانە لە بودجەی عێراق 82 ملیۆن دۆلار بە "گەندەڵی" لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی حەشدی شەعبییەوە وەردەگیرێت، کە ساڵانە دەگاتە 984 ملیۆن دۆلار.
فایەق شێخ عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک جەخت لەو "گەندەڵییە بەرفراوانە" دەکاتەوە کە لەنێو حەشدی شەعبیدا روودەدات، لەوبارەیەوە نووسیویەتی "کەسیش ناتوانێ چاودێری و لێپێچینەوە بکات بەرامبەریان".
جگە لەو بودجە "گەورەیەی" لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ حەشدی شەعبی دابیندەکرێت، هاوکات پاسەوانی شۆڕشی ئێرانیش بودجەی تایبەتی هەیە بۆ ئەو هێزانە، بەوپێیەی زیاتر لە نیوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی وەلائی راستەوخۆیان بۆ رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی عەلی خامنەیی هەیە.
بەپێی نامەیەکی دزەپێکراوی ماڵپەڕی ویکیلیکس، کریستۆفەر هیڵ باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، نامەیەکی بۆ وەزارەتی دەرەوە ناردووە و ئاماژەی بەوە داوە، ئێران ساڵانە لە نێوان 100 بۆ 200 ملیۆن دۆلار دەداتە رێکخراوە شیعەکان لە عێراقدا. ئاژانسی رۆیتەرزیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە "تەنیا گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق مانگانە 1 ملیۆن و نیو بۆ 2 ملیۆن دۆلار لە ئێران وەردەگرن".
جگە لەو سەرچاوە داراییانە، حەشدی شەعبی سەرقاڵی بوونیادنانی سەرمایەی تایبەت بە خۆیەتی لەرێگەی ئەنجامدانی وەبەرهێنانەوە. بۆ ئەو مەبەستە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی عێراق لە ئێستادا خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەشدی شەعبی، ئەویش کۆمپانیای "ئەلموهەندیس"ە، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رێگەپێدانی یاسایی پێدراوە و لەسەر بودجەی گشتی عێراقیش بڕی 70 ملیۆن دۆلاری پێبەخشراوە، وەکو سەرمایەی بنەڕەتی کۆمپانیاکە.
دەوڵەتی قووڵ: بەهۆی بوونی سەرچاوەی دارایی بەردەست، حەشدی شەعبی تۆڕێکی بەرفراوانی کەناڵ و میدیای بینراویشیان دامەزراندووە. بە گشتی حەشدی شەعبی خاوەنی 27 کەناڵی ئاسمانین، لەو ژمارەیە 15 کەناڵیان بە ئاشکراو بێ هیچ پێچ و پەنایەک پشتیوانیی لە سیاسەتەکانی ئێران دەکەن و لە بەرهەمە میدیاییەکانیاندا سیمبول و هێما دیارەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، پەخش و بڵاودەکەنەوە.
ژمارەی کارمەندانی هەر یەکێک لەو کەناڵانە لە نێوان 50 بۆ 200 کەس دایە، هاوکات خەرجی ساڵانەی هەر کەناڵێکیش بەپێی گەورەیی کەناڵەکان لە نێوان 3 بۆ 5 ملیۆن دۆلاردایە. کۆی گشتی خەرجی ساڵانەی ئەو کەناڵانە بە زیاتر لە 81 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. زۆرینەی ئەو کەناڵانە سەر بە "یەکێتی کەناڵە ئیسلامییەکانن" کە رێکخراوێکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێرانە و لەلایەن ئەو رێکخراوەوە پلانی میدیاییان بۆ دادەڕێژرێت.
جگە لەوانەش، حەشدی شەعبی پرۆژەیەکی ستراتیژی دیکەشی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسەندکراوە، ئەویش دروستکردنی ئەکادیمیایەکی سەربازییە بۆ مەشق و راهێنانی هێزەکانی حەشدی شەعبی. هاوکات بەمدواییانە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق رەزامەندی دا بە کردنەوەی "زانکۆی ئەلشوهەدا" کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بڕیارە بکرێتە یەکێک لە ناوەندە ئەکادیمییە گەورەکانی عێراق، کە تایبەت دەبێت بە تەواوکردنی خوێندنی ئەکادیمی بۆ ئەندامانی حەشدی شەعبی و خانەوادەکانیان. هەروەها چەندین ناوەندی توێژینەوەی فیکری و ستراتیژیشیان کردووەتەوە، لەوانە ناوەندی توێژینەوەی هەدەف و ئوفوق، کە سەر بە گرووپی حیزبوڵڵای عێراقین و ناوەندی بەدر سەر بە فەیلەقی بەدرە.
دەیڤید شینکەر، بەڕێوەبەری سیاسەتە عەرەبییەکان لە پەیمانگەی واشنتن دەڵێت "لەو کاتەوەی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی دەستبەکار بووە، حەشدی شەعبی هێز و هەژموونی زۆر زیاتر بووە لە عێراقدا، بەشێوەیەک دەسەڵات و تواناکانیان ئەگەر زیاتر نەبن لە دامەزراوە حکومییەکان، ئەوا هاوتان لەگەڵیاندا، ئەوەش بۆ حوکمڕانییەکی دیموکراسی لە عێراقدا زەنگێکی مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەگەر بزانین زۆرینەی گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراقدا دەستەبەر دەکەن".
گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: گرووپەکانی حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق سوودمەند دەبن لە هەمان رێککەوتنی ئەمنی کە ئەمریکا بە بڕی 1 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار پێشکەشی سوپای عێراقی دەکات، بەپێی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لە نێوان ئەمریکا و عێراق لەساڵی 2011دا واژۆکراوە. هەربۆیە زۆرجار ئەو چەک و تەقەمەنی و کەرەستە سەربازییانەی ئەمریکا پێشکەشی سوپای عێراقی دەکات، دەچێتەوە دەستی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و لە دژی هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاریدەهێنن لە چوارچێوەی ئەو بەرەیەی ناویان لێناوە "بەرەی مقاوەمەت".
لە عێراقدا جگە لە تیمە دیپلۆماسی و کۆمپانیا بازرگانییە ئەمریکییەکان، زیاتر لە 2500 سەربازی شەڕکەر لە چەند ناوچەیەکی عێراق جێگیرکراون، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.
حەشدی شەعبی بە تایبەتی ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەیانەوێت ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق پاشەکشە بکات. هەربۆیە بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا. لە سێ مانگی رابردوودا 122 هێرشی جیاواز کراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق و هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، پنتاگۆنی سەرپشک کردووە لە وەڵامدانەوەی خێرا و تۆڵەسێن بۆ ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەو هێرشانە.
کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بەوشێوەیەی گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی داوای دەکەن، کارێکی نزیکە لە مەحاڵ، جگە لەوەی ئابووریی عێراق کە خۆی لە بنەڕەتدا فشەلە و تەنیا پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە، لەکاتی کشانەوەی ئەمریکادا بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو هەرەس دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر. ئەمە سەرباری ئەوەی کە خودی ئەمریکا ئامادەی ئەو هەنگاوە نییە و پلانی کشانەوەی نییە لە عێراق، بەتایبەتی لەژێر هیچ گوشارێکی ئێرانی و پرۆئێرانیدا. لەوبارەیەوە ئیلینا رۆمانۆفسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکسدا نووسسیویەتی "زۆر بەسادەیی لەوە دڵنیابن ئەمریکا لە عێراق ناکشێتەوە".
ئامانجەکانی دوای داعش: حەشدی شەعبی لەمێژە ئەو ئامانجانەی جێبەجێکردووە کە لەپێناویدا دروست بووە، کە ئەویش بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش بوو. هەربۆیە لە ساڵانی رابردوودا هەندێ چالاکیی دیکەی کرد، کە بوونە مایەی نیگەرانیی زۆری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
جگە لەوەی لە هەردوو راپۆرتی ساڵانەی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ بۆ ساڵەکانی 2017 و 2018 ئاماژە بە چەندین پیشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دراوە لەو ناوچانەدا، کە هێزەکانی حەشدی شەعبی چالاکیی سەربازیی تێدا دەکەن. هاوکات هێزەکانی حەشدی شەعبی بە بەرپرسیاری سەرەکی دادەنرێن لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی تشرین لە ساڵی 2019دا، کە نزیکەی هەزار خۆپێشاندەری مەدەنی کوژران و هەزارانی دیکەشیان بریندار بوون.
جگە لە ئەرکە سەربازییەکانیان، هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بە جێبەجێکردنی چەندین چالاکیی مەدەنییش کردووە، کە جێبەجێکردنیان لە ئەستۆی دامەزراوە مەدەنییەکانی حکومەتی عێراق بوون، لەوانە لابردنی زێدەڕۆیی لە بازاڕەکان و هەڵمەتی پاککردنەوەی رووبارەکان و بەشداریکردن لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی. رەنگە ئەم ئەرکانە بەشێکیان بۆ سەرقاڵکردنی ئەو هێزە زۆرە بن، کە لە ئێستادا ئاسایشی عێراق پێویستی پێیان نەماوە، بەتایبەتی ئەگەر بزانین مەترسی داعش و تیرۆر بەشێوەیەکی نیمچە تەواوەتی کۆتاییان پێهاتووە.
هەندێک لە چاودێران پێیانوایە راگەیاندنی "شەڕی بەرگری" وەک خۆیان دەڵێن دژی هێزەکانی ئەمریکا هەوڵێکی دیکەی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی بێت بۆ ئەوەی پاساوی بەردەوامبوونیان بە زیندوویی بهێڵنەوە. ئامانجێک رەنگە عێراق بەرەو خەرەندێکی ترسناک بەرێت.
حوکمڕانییەکی شاراوە: حەشدی شەعبی لە ئێستادا دەوڵەتێکە لە ناو دەوڵەتی عێراقدا، لە هەندێ ناوچەی باشووری عێراق دادگای تایبەت بەخۆیان هەیەو بەبێ فەرمانی دادوەری فەرمی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ هاووڵاتییان دەردەکەن. لە مانگی ئەیلوولی 2022 چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی هەڵمەتێکی ئەمنییان راگەیاند بەمەبەستی "راوەدوونانی بەعسییە نوێیەکان و گرووپە لادەرە ئایینییەکان". لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە 44 کەس لەلایەن حەشدەوە دەستگیرکران. لە بەیاننامەیەکدا کە مێژووی 9ی ئەیلوولی 2022ی لەسەرە، حەشدی شەعبی لەوبارەیەوە رایگەیاند "ژمارەیەک گرووپی لادەرییان دەستگیرکردووە، کە چەندین بڵاوکراوە و کتێبی دژ بە پیرۆزییەکانی گەلی عێراقیان پێبووە".
هەر لەو هەڵمەتەدا ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و کەسانی رۆشنبیریشیان لە هەندێ شاری باشووری عێراق دەستگیرکردووە، بە پاساوی نزیکییان لە ئایدۆلۆژیای حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە. هەندێ لە دەستگیرکراوەکان ئاماژەیان بەوەداوە ئەشکەنجەدراون و یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیش دوای ئازادبوونی گیانی لەدەست داوە و گومان دەکرێت بەهۆی ئەشکەنجەدا نی قورسەوە گیانی لەدەست دابێت.
ئیقبال دۆحان، کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە پزیشکی ڤێتێرنەریدا، یەکێک بوو لە دەستگیرکراوەکان لە پارێزگای دیوانییە و دوای دوو رۆژ لە ئازادکردنی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گیانی لەدەست دا.
سەجاد سالم، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەو رووداوەوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی "ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەستیانپێکرد پێشێلکارییەکی ئاشکرا بوو بەرامبەر دامەزراوە یاساییەکانی وڵات، چونکە لێپێچینەوە و دەستگیرکردنی خەڵک بەهیچ شێوەیەک لە دەسەڵاتی حەشدی شەعبدا نییە".
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 41 خولەک لەمەوپێش
حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی سەرژمێری درێژکردەوە
- بیروڕا
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی وەک باوک و خەمخۆر هۆشداری دا
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
21 تشرینی دووەم
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
21 تشرینی دووەم
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
20 تشرینی دووەم
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی دووەم
وردەکاریی پرۆسەی سەرژمێری؛ چ پرسیارێک دەکرێت؟