پرۆژەی "ڕووناکی" بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری ڕادەگەیێنرێت

شەیری بکە لە:
پرۆژەی "ڕووناکی" بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری ڕادەگەیێنرێت

وێستگەیەکی کارەبای هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

 

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "ڕووناکی" ڕادەگەیێنێت و ئامانجیش لە پرۆژەکە ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 چاکسازییەکی گشتگیر لە سێکتەرەکانی کارەبا بکات بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

 

پێدراوە ڕاستییەکان: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی کارەبا 1340 مێگاوات زیادیکردووە و گەیشتووەتە 3817 مێگاوات، هاوکات ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 7689 مێگاوات.

 

لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: ملیاران دۆلارمان بۆ ژێرخانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، هاوکات پلانی کارەبای 24 کاتژمێری لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر دەستیپێکردووە، لە ماوەی چەند مانگی داهاتووش تەواوی هەولێر کارەبای 24 کاتژمێری دەبێت و لە دوو ساڵی داهاتووشدا لە تەواوی کوردستان کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێر.

 

سەرۆکوەزیران ئاماژە گوتی، "پێش سێ مانگ، وەک قۆناغێکی ئەزموونی بۆ ئەم پڕۆژەیە، 'گەڕەکی شادی' هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت. ئەمڕۆ سەردانی چەند ماڵ و خاوەنکارم کرد و زۆر ڕازی بوون لەوەی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێریيان بۆ دابینکراوە".

 

زانیاریی زیاتر: سەرۆکوەزیران گوتیشی "لە قۆناغی دووەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، لە بەیانیيەوە 'گەڕەکی نازناز' و دواتریش 'گەڕەکی بەختیاری' دەچنە سەر کارەبای 24 کاتژمێری".

 

خاڵە ئەرێنییەکان: بنەمایەکی سەرەکی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە ڕوودەکاتە هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و دڵنیایییان پێدەدات لەوەی بەتەواوەتی پارێزراون لە گرانبوونی نرخەکان. هەربۆیەش ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات.

 

بابەتە ستراتیژییەکان: پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی تەواو نیشتیمانییە و بەدەستی کاری نیشتیمانی و حکومەت بەڕێوەدەبرێت. کۆمپانیای کەرتی تایبەت تیایدا بەشدار نییە. لەسەر شێوازی پریپەید ناڕوات، بەڵکو شێوازی پۆستپەید جێبەجێ دەکات. لەمەودوا شتێکیش نامێنێت بەناوی پسوولەی دووەمی مۆلیدە و هاوشێوەی جاران هاووڵاتی لەکۆتایی مانگ تەنیا یەک پسوولەی کارەبای نیشتیمانی بۆ دێتەوە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هاوتەریب لەگەڵ شاری هەولێر، ئێستا ئامادەکارییەکان دەستیانپێکردووە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری بگەینرێتە هەریەک لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی و بەرپرسانی ئەم ناوچانە هەماهەنگییان لەگەڵ کراوە، بەمشێوەیە دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵدا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

 

قۆناغی ئەزموونی چۆن دەستیپێکرد؟

  • لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی دا، مانگی حەوتی ئەمساڵ دەستکرا بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ دانیشتووانی گەڕەکی شادی. ئێستاش دانیشتووانی گەڕەکی شادی پێ دەنێتە سێیەمین مانگی سوودمەندبوونیان لەم پڕۆژەیەدا.
  • کۆی گشتی نزیکەی 30 هەزار هاووڵاتی و 2 هەزار شوێنی بازرگانی لەم گەڕەکەدا سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییەکانی کارەبای 24 کاتژمێری.
  • لە گەڕەکی شادی نرخێکی ئەزموونی تاقیکرایەوە کە ئامانج لێی پاراستنی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بوو (یاخود ئەو هاووڵاتییانەی دەست بە کارەباوە دەگرن). ئەمەش دەرفەتێکە بۆ هاووڵاتیان کە پارەیەکی کەمتر بدەن بە بەراورد بەو کاتەی کە هەردوو پارەی نیشتیمانی و مۆلیدەی دەدا. لە ئەنجامی ئەمەشدا، زۆرینەی دانیشتووانی گەڕەکی شادی بینیویانە کەوا پارەیەکی کەمترییان لە بەرامبەر وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکی باشتر داوە.

 

سوودەکانی پرۆژەی ڕووناکی

بۆ هاووڵاتیان:
خێزانەکان ئازادی زیاترییان لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەبێت. پێویست ناکات بەرنامەی ڕۆژانەیان پەیوەست بکەن بە کاتی هەبوونی کارەبا، کە ئەمەش بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە.

 

بۆ بازرگان و فرۆشتگاکان:
شوێنە بازرگانییەکان بە سوود وەرگرتن لە کارەبای بەردەوام باشتر خزمەتی کڕیارانیان دەکەن و ئاستی کارەکانییان باشتر دەبێت. هاوکات هۆکارێکیشە بۆ زیادبوونی داهات و جووڵەی بازرگانی بۆ بزنس و فرۆشگە و کارگەکان.


نەمانی پشتبەستن بە مۆلیدەکان

* لەڕێگەی کارەبای نیشتمانی هاووڵاتییان مامەڵە لەگەڵ مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان ناکەن، پشتبەستن بە مۆلیدەکان نامێنێت و لە کۆتایی مانگ تەنها یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دەچێت.

* بۆ حاڵەتە کورت و نەخوازراوەکانی پچڕانی کارەبا، بڕیار وایە هەماهەنگی پێویست بکرێت و بەردەوام کراوە بۆ ئەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان وەک سەرچاوەی یەدەگی کارەبا کاربکەن. ئەمەش دڵنیایی لە بەردەوامی کارەبای 24 کاتژمێری دەدات.
* هەروەها تیمەکان بەردەوام خەریکی هەڵسەنگاندنن بۆ ژێرخانی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پچڕانە کورت و نەخوازراوانەی جاروبار ڕوودەدەن تاوەکو بنبڕ بکرێن.

* کەمبوونەوەی پشتبەستن بە مۆلیدەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی سەلامەتی و کەمبوونەوەی حاڵەتی نەخوازراوەکانی وەک سوتان بەهۆی کارەبا، و دەبێتە هۆی پاکبوونەوەیەکی سەرتاسەری ژینگەی هەرێمی کوردستان.

 

نرخ و پارەدان چۆنە لە پرۆژەی ڕووناکی؟
لە قۆناغی ئەزموونی پڕۆژەکە لە گەڕەکی شادی، زۆرینەی هاووڵاتییان بەڕێژەی زیاتر لە 70% یان پارەیەکی هاوشێوەی جاران یانیش کەمترییان دابوو، ئەمە پێشکەوتنێکی گرینگە بە بەراورد بە ڕابردوو کە پارەی هەردوو کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدەکانیان دەدا.

بە مەبەستی ئامادەکردنی هاووڵاتییان بۆ کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ئەوەی ئەزموونێکی باشییان هەبێت لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە، داشکاندنی 50% لە یەکەم مانگ پێشکەشکراوە و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ هاووڵاتییان هەبووە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە ڕێژەی بەکارهێنانیان.

- گۆڕانی مانگانەی نرخ بەهۆی کەمی کارەبا، گرانبوونی گازوایلی مۆلیدە و گۆڕانی وەرز نامێنێت، یەک نرخی جێگیر جێبەجێ دەکرێت. لە ئێستاشدا، شیکاری بۆ دیاریکردنی نرخەکان دەکرێت.
- پرۆسەیەکی شەفاف هەیە بۆ تۆمارکردنی زانیاریی هاووڵاتییان. لە ڕێگەی ئەم زانیارییانەوە، پرۆژەی ڕووناکی بە هاووڵاتی دەڵێت بەکارهێنانەکەت چەندە و چۆن دەتوانی بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە کارەباکەت بەکاربهێنیت، لە هەمووی گرینگتر سوومەند دەبێت لە داشکاندن دوابەدوای خۆ تۆمارکردنی لەم پرۆژەیەدا.
- ئەم پرۆژەیە لەسەر شێوازی پریپەید ناڕوات، بەڵکو شێوازی پۆستپەید جێبەجێ دەکات. لەمەودوا شتێکی تریش نامێنێت بەناوی پسوولەی دووەمی مۆلیدە و هاوشێوەی جاران هاووڵاتی لەکۆتایی مانگ تەنها یەک پسوولەی کارەبای نیشتیمانی بۆ دێتەوە و فەرمانبەری حکومەت سەردانی دەکات پارەکە کۆدەکاتەوە.
- گرینگە بگوترێت کەوا لە قۆناغی ئەزمونیدا، نرخە نوێکان جێبەجێکرابوون کە ئەمەش دەرخەرێکی گرینگ بوو لە دیاریکردنی نرخێکی شایستە و گونجاو لەگەڵ توانای هاووڵاتیان. ئەو تێبینییانەی بەدیکران وادەکات نرخێک دیاربکرێت کە پارێزگاری لە هاووڵاتییانی کەمدەرامەت دەکات.

 

پێوەری زیرەک و تۆمارکردنی زانیاریی
* هەبوونی ژێرخانی پێوەری زیرەک پێویستە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن چاودێریی بەکارهێنانی کارەبای خۆیان بکەن و بەرپرسیارانە بەکاری بهێنن. حکومەتیش دەتوانێت خواستی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێم ببینێت و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکە بدات.

* وەک پێشتریش باسکرا، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بەردەوام ئاگانامەی SMS دەربارەی بەکارهێنانی کارەبا و خەرجی پسوولەکەت پێبگات، گرینگە زانییاریەکانی پێشكەشی تیمەکانی پرۆژەی ڕووناکی بکات لەو کاتەی پرۆژەکە دەگاتە گەڕەکەکەیان.

* گرینگە هاووڵاتییان بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن لە هاوکاریکردنی تیمە پەیوەستەکان کە بەرپرسن لە چاککردنەوە و بەهێزکردنی ئەم ژێرخانە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ