هەڵبژاردنەکانی ئێران؛ چاکسازی لە کارەکانی ناوخۆ و وێنەی دەرەوە

شەیری بکە لە:
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران

ئاڤا نیوز


چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران داوای کرد بۆ چارەسەری کێشەکان هەمووان بەشداری لەهەڵبژاردن بکەن، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانیش داوا دەکات زۆرترین کەس بەشداریی هەڵبژاردن بکەن بۆ گەیاندنی پەیام بۆ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.


خامنەیی هەڵبژاردنەکانی بە ڕووداوێکی گرنگ لە قەڵەم دا و گوتی، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن دەیانەوێت کەمترین خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.

 

هەڵبژاردنی ئێران سەرەتای مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، بۆ هەڵبژاردنی 290 ئەندامی پەرلەمان، لەگەڵیشیدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان بەڕێوەدەچێت کە 88 زانای ئایینی لەخۆدەگرێت، دەبێت جێگرەوەی ڕێبەری باڵای ئێران بۆ هەشت ساڵی داهاتوو دیاری بکەن، ئەگەرهاتوو عەلی خامنەیی داوای دەستبەرداربوونی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پۆستەکەی کرد.

 

هاوکێشەی پیلانگێڕی

 
ئەوە جاری یەکەم نییە ڕێبەری باڵا پێش هەڵبژاردن بە چەند هەفتەیەک باسی هاوکێشەی پیلانگێڕی بکات. لە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە عەلی خامنەیی داوای کرد ئەوانەی " کەسانی تایبەتن" هەڵبژاردنێکی قەرەباڵغ بەڕێوەببەن. گوتیشی، پلانی دوژمنان ئەوەیە ڕێگری بکرێت لە ڕۆڵی کاریگەری کەسە تایبەتەکان لە کۆمەڵگە و گومان لەسەر ئەو ڕۆڵەیان دروست بکەن، جەختی کردەوە کە ڕووی دەمی لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگەیە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی  قسەکانی خامنەییان وەکو دوایین هۆشداری بۆ بەشدارانی پرۆسەی سیاسی لێکدایەوە.

 

ئەم هەڵبژاردنە، یەکەم هەڵبژاردنی دوای سەرکووتکردنی خۆپێشاندانەکانی شارەکانی ئێرانە، دژی کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی 2022، خامنەیی و بەرپرسانی باڵای ئێران هێزە ڕۆژئاواییەکانیان بە پشتگیریی خۆپێشاندانەکان تۆمەتبارکرد.

 

خامنەیی ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە سەرۆکە پێشووەکانی ئەمریکا داوای لە ئێرانییەکان کرد بەشداری هەڵبژاردنی ڕابردوو نەکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێ هاوکارییەکی باشی ئێرانی کرد، خەڵکێکی زۆر بەگوێیان نەکرد و هانیدان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، هەر لەبەرئەوەیە کە ئەمریکییەکان ئەو شێوازە قسەکردنە بەکارناهێنن و شێوازی دیکە بەکاردەهێنن بۆ پاشگەزکردنەوەی خەڵک لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.

 

هەڵبژاردنی باشتر


خامنەیی بەرگری لە پرۆسەی شیاندنی بەربژێرەکان کرد لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە، ئەو ئەنجوومەنە خامنەیی خۆی نیوەی ئەندامەکانی دیاری دەکات، نیوەکەی دیکەشی سەرۆکی دادگە دیارییان دەکات، هەروەها خامنەیی خۆی سەرۆکی دادگە دیاری کردووە.


خامنەیی بە پێویستی دەزانێت کە باشترین هەڵبژێردرێت، هەموو ئەوانەی پەسەندکراون، باشن، بەڵام دەبێت لەنێویاندا باشترین هەڵبژێردرێت، داواشیکرد، بیڕێزیکردن و ناوزڕاندنی یەکتر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن نەکرێت.


قسەکانی خامنەیی هاوکاتن لەگەڵ تێپەڕبوونی 14 ساڵ مانەوەی زۆرەملێی میر حوسێن موسەوی کەسایەتیی چاکسازیخوازەکان و مەهدی کەڕوبی هاوپەیمانی کە تانەیان دا لە ڕاست و دروستی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2009.


حوسێن کەڕوبی کوڕی مەهدی کەڕوبی ڕایگەیاند، باوکی پابەندە بەبێدەنگی و هیچ قسەیەکی نییە لەسەر هەڵبژاردنەکان، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانیش هیچ باسی حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری پێشوو، عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان ناکەن و ڕۆڵیان پێنەدراوە.
حوسێن کەڕوبی بە ئاژانسی ئیلنای ڕاگەیاند، هیچ هەڵوێستێکی نییە لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.


ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور داواکاری حەسەن ڕۆحانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان ڕەتکردەوە، سێ ساڵ پێش ئێستاش لاریجان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دوورخستەوە.


دامەزراوەکانی ئێران ئامادەکاری دەکەن بۆ هەڵبژاردن، بەتایبەتیش هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان. کەیومەرس حەیدەری فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای ئێران ڕایگەیاند، هەموو یەکەکانی هێزی وشکانی ئامادەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

 

ستراتیژیەتی ڕۆژئاوای ئاسیا


موسحن ڕەزایی فەرماندە لە سوپای پاسداران دەڵیت، ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە کە دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەو وڵاتانەی کە هیوای زۆریان هەیە ئێران تێکبشکێت.


لە ئەدەبیاتی سوپای پاسداران ڕۆژئاوای ئاسیا، عێراق، سووریا، لوبنان، فەلەستین دەگرێتەوە، ئەو وڵاتانەی کە ئێران ڕەتی دەکاتەوە دەستوەردان لە کاروباریان بکرێت.

ڕەزایی بە ئاژانسی تەسنیمی ڕاگەیاند، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە ڕابردوودا کە ڕووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، هەندێک جار ئەو ڕووداوانە یەکناگرنەوە لەنێوان بەرژەوەندیی نیشتمانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئێران لەناوخۆ و دەرەوە ئامانجی ستراتیژی هەیە، ئەو مەرجانەش دەگەڕێنەوە بۆ پێگەی جیۆستراتیژی ئێران.


بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی هەرێمی ئێران ڕەزایی دەڵیت، ڕای گشتی سەرقاڵە بە دۆسییە ناوخۆییەکان، وەکو گرانی و هەڵئاوسان، بەڵام ڕووداوێکی پڕ لە سوودیان پشتگوێ خستووە، ئەمڕۆ چارەنووسی ڕۆژئاوای ئاسیا دیاری دەکرێت، بەتایبەتیش دوای ڕووداوەکانی غەززە کێبڕکێ لەنیوان وڵاتان هەیە، ئێرانیش لەنێوان ئەو گەلانەدا کورسی خۆی دۆزیوەتەوە و پێویستە لەسەری تووند جێگیری بکات.


ڕەزایی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەوەی کە ئەمرۆ لە ڕۆژئاوای ئاسیا ڕوودەدات گرنگە، پەیوەندیشی بە هەڵبژاردنەکانەوە ئەوەیە کە کەسانی ڕەشبین دەیانەوێت ببینن کە دوای 45 ساڵ ئایا گەل لەگەڵ حکومەتە یان نا؟ پێی وایە کە گرنگە ئەمریکی و ئەورووپییەکان ئەوە ببینن کە دوای 45 ساڵ سەرەڕای سزاکان و جەنگ و کوشتن، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا بەهێزە، لەسەر بنەمای ئەو بەهێزییەش رێگەی ڕاست هەڵدەبژێرێت و کاتی زیاتر بە فێڕۆ نادات.


ڕەزایی دەشڵێت، دەزانن کە ستراتیژییە ئەمریکی و ئەوروپییەکان گفتوگۆی ئەوە دەکەن ئاراستە و شێوازی دوژمنایەتییان لەگەڵ ئێران بگۆڕن، داعش، فەلەستین، ئاشتی لە ڕۆژئاوای ئاسیا بەبێ ئێران چارەسەر نابێت، داواش دەکات، دەنگ بدەن بەوانەی کە دەیانەوێت، بەڵام پێویستە لەسەر گەل بەفراوانی بەشداری لەهەڵبژاردن بکات و دەنگ بدات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: