نەخۆشی ئۆتیزم لە کوردستان؛ بەهەڵە دەستنیشانکردنی منداڵ مەترسیدارە

شەیری بکە لە:
نەخۆشی ئۆتیزم لە کوردستان؛ بەهەڵە دەستنیشانکردنی منداڵ مەترسیدارە

دوو ڕاهێنەر قسە لەگەڵ دوو منداڵی تووشبووی ئۆتیزم دەکەن - سەرچاوە، سۆشیاڵ میدیا

ئاڤا نیوز

 

پسپۆران بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان بە مەترسیدار دەبینن، بەڵام لەمە مەترسیدارتر بەهەڵە دەستنیشانکردنی منداڵانە وەک تووشبوو.

چیڕۆکی سەرەکی:
لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 260 تووشبووی ئۆتیزم هەیە و تا دێت ژمارەکە بەرزدەبێتەوە، هەرچەندە
تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکی بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە دیاری نەکراوە، بەڵام پسپۆڕان ئاماژە بە هەندێک هۆکار دەکەن کە کاریگەرییان لەسەر زۆربوونی ژمارەی تووشبووان هەیە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: چەند ساڵێک لەمەوبەر لە هەر 100 منداڵێک کەس وەک تووشبووی ئۆتیزم دیاری دەکرا، بەڵام ئێستا ژمارەکە بەرزبووەتەوە و لە هەر 90 منداڵێک یەکێکیان تووشبووی ئۆتیزمە، بەرزبوونەوەی ژمارەکەش بەشێکی پەیوەندی بە هەڵە دەستنیشانکردنەوە هەیە.

 

لێدوانی فەرمی: د. کازم گزال، پسپۆڕی تەندروستیی دەروونی و کەسایەتی بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: ئۆتیزم وەکو شڵەژانێکی دەروونیی دەماریی سەیر دەکرێت کە دووچاری منداڵان دەبێتەوە، ئەم شڵەژانە دەمارییەش کە دروست دەبێت، کاریگەریی لەسەر تێکچوونی پەیوەندییەکانی منداڵان دەبێت لەگەڵ کەسانی دەوروبەری، هاوکات گۆڕانکاری لە ڕەفتارەکانی دروست دەکات و ناتوانێت پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ خەڵک و دەورووبەری دروست بکات.

 

لەلایەکی دیکەوە: دانا شوانی، مامۆستای زانکۆ و کۆمەڵناس بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی نیشانەکانی ئۆتیزم لە کەسێکدا زیاتر زەقببنەوە، ئەوەش بەهۆی دابڕانیەتی لە فەزای کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ منداڵانی تر و خێزانەکانیان، کە وا دەکات گەشە نەکات، لێرەدا منداڵەکە فرەجووڵەیە و مێشکی بەسەر زمانی جیاواز دابەش بووە، ئەمە وادەکات ئاستی ئۆتیزمەکەی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، هاوکات بەپێی ئەزموونی کارکردنم لەو بوارە، بۆم دەرکەوتووە بەشێکی زۆری ئەوانەی بە ئۆتیزم دیاریکراون، لەڕاستیدا تووشبووی ئۆتیزم نین".

دانا شوانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی ئۆتیزم بە مەترسیدار دەبینێت، بەڵام لەمە مەترسیدارتر ئاماژە بە هەڵە دەستنیشانکردنی منداڵان دەکات وەک تووشبوو. وەک خۆی باسی دەکات بەشێکی پەیوەندی بەوە هەیە کە ژمارەی ئەو ناوەندانەی ڕاهێنان بە تووشبووان دەکەن زیاتر تایبەتن و بازرگانی بە منداڵانەوە دەکەن.

 

گۆشەیەکی دیکە: هەبوونی منداڵی ئۆتیزم لە خێزاندا هەندێجار بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە و جیابوونەوەی هاوژینان. کۆمەڵەی ئۆتیزمی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی ئۆتیزم، ئاماری جیابوونەوەی هاوسەرانی بەم هۆیەوە ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد: "لە ساڵی 2014 تاوەکو 2024 زیاتر لە 50 دۆسیەی جیابوونەوەی دایک و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم لە دادگەکان تۆمارکراون".

 

هۆکارە زانراوەکان: تاوەکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو بۆ تووشبوون بە ئۆتیزم دیاری نەکراوە، بەڵام پسپۆران و توێژینەوەکان ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکەن کە کاریگەرییان لەسەر زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی ئۆتیزم هەیە:

- هۆکاری بۆماوەیی لە خێزانەکاندا.

- ئەو دایک و باوکانەی لە تەمەنێکی درەنگەوە هاوسەرگیرییان کردووە، یان تەمەنیان لە باری ئاسایی دەرچووە، منداڵەکانیان تووشی نابووتی، لاوازی و شڵەژانی ئۆتیزم دەبن.

- ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانەی لە ساڵانی کۆتاییدا لە جیهان ڕوویانداوە، بووەتە هۆی پەنگخواردنەوەی گەرمی، ئەمەش کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە.

 - دوورکەوتنەوە لە خواردنە تەندروستەکان و بەکارهێنانی خواردنە خێراکان، هاوکات خواردنەوەی کحول و وزەبەخشەکان، ڕێژەی تووشبوون بە شڵەژانی ئۆتیزم بەرزدەکاتەوە. 

 

بەهەڵە دیاریکردنی منداڵ وەک تووشبووی ئۆتیزم:

د. کازم گزال لەمبارەیەوە دەڵێت: بەهەڵە دیاریکرنی منداڵ وەک تووشبووی ئۆتیزم، وایان کردووە بڵێین ژمارەی شڵەژانی ئۆتیزم زیادی کردووە، منداڵان لە تەمەنی زۆر بچووکەوە لە بەردەم تیڤی و شاشەکان دادەنرێن، پشت بە زمانی بیانی دەبەستن و دووچاری شڵەژانی سەرنجدان دەبنەوە، ئەوەش ئاڵوودەبوون بە ئەلیکترۆنیات دروست دەکات، کەچی لەلایەن کەسانی "ناپسپۆڕەوە" وەک تووشبووی ئۆتیزم دیاری دەکرێن.

 

چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە زۆربوونی تووشبووانی ئۆتیزم بگیرێت؟

د. کازم گزال دەڵێت: هۆشیارکردنەوەی دایک و باوکان، بەتایبەت لەو نۆ مانگەی کە منداڵ لەنێو سکی دایکیدایە، ئەوەشی زۆر گرنگە ئەوەیە دایکەکە خواردن و خواردنەوە تەندروستەکان بخوات.

- منداڵەکان لە تەمەنی زووەوە نەخرێنە بەردەم شاشەکانی تەلەڤیزیۆن و ئەلیکترۆنییات، گوێ لە زمانە بیانییەکان نەگرن و زمانی دایک پشتگوێ نەخرێت.

- بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە سەرەتاییەکانی منداڵ پەنا بۆ پسپۆڕایەتیی تایبەت ببرێت.

- بە دوو نیشانەی سەرەتایی منداڵ وەک تووشبووی شڵەژانی ئۆتیزم دەستنیشان نەکرێت، لە لایەن پسپۆڕی تایبەتەوە حاڵەتەکەی دەستنیشان بکرێت.

 

دوایین ئاماری کۆمەڵەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان: 

بەپێی ئاماری کۆمەڵەی ئۆتیزم، چوار هەزار و 260 منداڵ لە هەرێمی کوردستان تووشبووی ئۆتیزمن، لەو ژمارەیە تەنیا هەزار و 613 منداڵ ئەندامی کۆمەڵەکەن. هاوکات نزیکەی 50  سەنتەری ئۆتیزمی حکومی و ناحکومی ڕاهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم دەکەن.

 

ژمارەکان وادەڵێن: دابەشبوونی تووشبووانی ئۆتیزم بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان:

پارێزگای هەولێر: هەزار و 350 منداڵ

- کوڕ 80%
- کچ 20%
تۆمارکراو: 540

پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 950 منداڵ

- کوڕ 75%

کچ 25%

تۆمارکراو: 380

پارێزگای دهۆک: 850 منداڵ

کوڕ 78%

کچ 22%

تۆمارکراو: 315

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 260 منداڵ

کوڕ 80%

کچ 20%

 تۆمارکراو: 198

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: 850 منداڵ

کوڕ 81%

کچ 19%

تۆمارکراو: 180

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ