دوای 135 ڕۆژ شەڕ لە غەززە هیچ هیوایەك بۆ ئاشتی نییە

شەیری بکە لە:
دوای 135 ڕۆژ شەڕ لە غەززە هیچ هیوایەك بۆ ئاشتی نییە

دیمەنێكی غەززە... سەرچاوە: AFP

ئاڤا نیوز

 

ئەمریكا هەڕەشەی ڕێگری لە دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەی نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات سەبارەت بە غەززە، ئەمەش نیگەرانی نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوە.

 

چی ڕوودەدات؟

 

ئاسۆی گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس  كەمدەبێتەوە، ئەمریكا دیسان هەڕەشەی ڕێگریكردن لە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانی كرد و ناوبژیوانی قەتەریش ڕایگەیاند دانوستانەكانی ئاگربەست "بەڵێندەرانەبوون" لەم دواییانەدا، بەڵام هیچ شتێك دیارنییە .


ئیسرائیل هێشتا هەڕەشەی هێرشی نوێ دەكات


بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی زەمینی لە ڕەفەح پشتڕاستكردەوە، كە یەك ملیۆن و 400 هەزار فەلەستینی تێیدا كۆبوونەتەوە، سەرەڕای بانگەوازی نێودەوڵەتی، لەنێویاندا لەلایەن ئەمریكاوە كە هاوپەیمانی سەرەكیی ئیسرائیلە، لەگەڵ ئەوەدانین ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە ناوچەكەدا بكرێت  كە دەكەوێتە كەرتی باشووری غەززە لەسەر سنووری میسر.


دوابەدوای ئەو بڕیارەی دادگای دادی نێودەوڵەتیی كە لە كۆتایی مانگی یەكدا دەرچوو و تیایدا داوای لە ئیسرائیل كرد ڕێگری لە هەر كردەوەیەكی ئەگەری "جینۆساید" لە غەززە بكات، جەزائیر داوای كرد ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایش بە شێوەی ئێستای دەنگ لەسەر دەقەكە بدات، لە كاتێكدا ئەمریكا هەڕەشەی بەكارهێنانی دەسەڵاتی ڤیتۆی كرد، وەك ئەوەی لە كاتی دەنگدانەكانی پێشوودا لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم و سەرەتای مانگی كانوونی دووەمدا ڕوویدا.


وردەكاری ڕەشنووسی بڕیارنامەكە


ڕەشنووسی بڕیارنامەكە "ئاوارەی زۆرەملێی دانیشتوانی مەدەنیی فەڵەستین" ڕەتدەكاتەوە و داوای كۆتاییهێنان بە "پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی" و هەروەها ئازادكردنی هەموو بارمتەكان دەكات.
ڕۆژی شەممە، لیندا تۆماس باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕاگەیێنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا بڕیاری جەزائیری بۆ ڕەوانەكردنی دەقەكە بۆ دەنگدان شەرمەزار كرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە هەنگاوەكەی جەزائیر هەڕەشەی تێكدانی دانوستانە بەردەوامەكانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەكات، بە ناوبژیوانی ئەمریكا و میسر و قەتەر، بۆ دامەزراندنی ئاگربەستێكی نوێ كە ئازادكردنی بارمتەكانی غەززە و زیندانییەكان لەخۆدەگرێت.


نەتانیاهۆ ڕۆژی شەممە نیازی خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح پشتڕاست كردەوە و ڕایگەیاند، "هەركەسێك دەیەوێت ڕێگریمان لێبكات لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ڕەفەح لە بنەڕەتدا پێمان دەڵێت شەڕەكە بدۆڕێنن، من تەسلیمی ئەوە نابم".


عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆككۆماری میسر لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، هاوتا فەرەنسییەكەی، "هەڵوێستی  میسری ئاشكراكرد كە "  ڕەتكردنەوەی ئاوارەبوونی فەلەستینییەكانە بۆ میسر بە هەر شێوەیەك بێت" .

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ڕۆژی پێنجشەممە لە زاری كاربەدەستانی میسر و شرۆڤەكارانی ئەمنیی میسرەوە ڕایگەیاند: میسر لە سینا كەمپێكی سیاجكراو دروست دەكات بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی فەڵەستینی لە غەززە.

 

لەم هەفتەیەدا لە قاهیرە دانوستانەكان بەڕێوەچوو، كە تێیدا ناوبژیوانانی میسر و ئەمریكا و قەتەر بەشدارییان كرد بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەكان و دیلەكانی فەلەستین.


هەر لەو پەیوەندیەدا شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان سانی، سەرۆكوەزیرانی قەتەر لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاند "پێموایە زۆر بە زوویی دەتوانین بگەینە ڕێككەوتن، بەڵام ئەو پلانەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زاڵ بوو، لە ڕاستیدا زۆر ئومێدبەخش نەبوو".

 

لەلایەكی دیكەوە حەماس هەڕەشەی ئەوەی كرد، ئەگەر هاوكاری زۆر پێویست نەگەیەنرێتە باكووری كەرتی غەزە، بەشداریكردنی لە دانوستانەكاندا ڕادەگرێت.


ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس ڕۆژی شەممە دووپاتی كردەوە كە بزووتنەوەكەیان پابەندە بە ئاگربەست و كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل لە غەززە. بەڵام ئیسرائیل چەندین جار هەردوو داواكارییەكەی ڕەتكردەوە و سوپاكەی بەردەوام بوو لە بۆردومانكردنی كەرتەكە وتەواوی گەڕەكەكانی وێران كرد و بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنێك و 700 هەزار كەس لە كۆی دوو ملیۆن و 400 هەزار كەس، هەروەها قەیرانێكی مرۆیی كارەساتباری لێكەوتەوە.

 

لەحەوتی تشرینی یەكەمدا چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان كردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەو هۆیەوە هەزار و 160 كەس كوژران كە زۆربەیان خەڵكی مەدەنی بوون.


لە بەرامبەر هێرشەكەی حەماس، ئیسرائیل هەڕەشەی "نەهێشتنی" بزووتنەوەكەی كرد، هەروەها هێرشێكی گەورەی بۆ سەر غەززە دەستپێكرد كە تا ئێستا 28 هەزار و 858 كەسی كوشتووە تەندرووستی غەززەش دەڵێت زۆرینەیان  ژن و منداڵن.


ئیسرائیل دەڵێت هێشتا 130 بارمتە لە غەززە دەستبەسەرن، لەنێویاندا 30 بارمتە كوژراون، لە كۆی گشتی 250 كەس كە لە حەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو ڕفێنراون.

ماوەی چەند هەفتەیەكە سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەكانی لە خان یونس چڕكردووەتەوە، كە شوێنی لەدایكبوونی یەحیا سینوار، سەرۆكی بزووتنەوەی حەماسە لە غەززە، ئیسرائیل بە داڕێژەری هێرشەكەی حەوتی ئۆكتۆبەر دەزانێت.

 

مەترسی برسێتیی 

 

هەرچەندە ڕۆژی شەممە هاوكاری زیاتر گەیشتە شاری ڕەفەح، بەڵام ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی دا كە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە مەترسی برسێتییان لەسەرە.


لە كەمپی جەبەلیا لە باكووری كەرتی غەززە، محەمەد نەساری  50 ساڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە" بە بۆمب نامرین، بەڵكو بە برسێتی دەمرین".


برسێتی لە غەززە لەكاتێكدایە، لە تەلئەبیب، ئێوارەی دوێنێ شەممە، هەزاران هاوڵاتی ئیسرائیل لەدژی حكومەتەكەی نەتانیاهۆ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان كرد كە بگەنە ڕێككەوتن بۆ ئازادكردنی بارمتەكان.


شارۆن ئالۆنی-كونیۆی بارمتەی پێشوو كە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ منداڵە دووانەكانیدا ئازادكرا، بەڵام هاوسەرەكەی لە غەززە ماوەتەوە، دەڵێت "داوا لە سەرۆكوەزیران و حكومەت دەكەم بچنە گفتوگۆكانەوە".


لە لایەكی دیكەوە خۆپیشاندانی هاوپشتی لەگەڵ فەلەستینییەكان لە چەندین شاری دەرەوەی وڵات، لەوانە ڕۆما، لەندەن، ستۆكهۆڵم و ئەستەنبووڵ ڕێكخرا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ