ژنێكی ئێزدی بۆ هاوسەری یەكەمی بەغدادی: قسەکانت ڕاست نین

شەیری بکە لە:
ژنێكی ئێزدی بۆ هاوسەری یەكەمی بەغدادی: قسەکانت ڕاست نین

هاوسەری یەکەمی بەغدادی و سیپان خەلیل

ئاڤا نیوز


دوای ئەوەی ئەسما محەممەد، هاوسەری یەكەمی ئەبوبەکر بەغدادی ئاماژەی بەوەدا کە بەغدادی 10 کەنیزەی ئێزیدی هەبووە لە نێویاندا سیپان خەلیلی (ناوی خوازراو) بینیوە، ئەو ژنە ئێزیدییە وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت " ئەسما لە هەموو کاروبارەکانی ڕێکخراوەکە هاوکاری هاوسەرەکەی دەکرد."


سیپان خەلیل، ناوی خوازراوی كچێكی ئێزدییە لەبەر مەترسی لەسەر ژیانی نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییەی سعوودی دەڵێت: ئەوەی ئەسما باسیکردووە هەڵەیە و ئاماژەی بەوەداوە کە هاوسەرەکەی بەغدادیی ئیشەکانی ماڵەوە و چاودێری منداڵە بچووکەکانی پێکردووە.


"دەفتەری ژیان"


دۆخەکە گۆڕا، کاتێک دەفتەرێکی بچووک لەدەستی سیپاندا بینرا، کە زانیارییەکی زۆری لەسەر ڕێکخراوەکە و سەرکردەکانی تێدابوو.


سیپان دەڵێت: بەهۆی ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەو دەفتەرە نووسیبووی چەند جارێک ئەشکەنجە دراوە، مامەڵە لەگەڵی زۆر نامۆ بووە، تەنانەت ئەسما داوای لە هاوسەرەکەی دەكرد لێمبدات "هەندێک جار هەردووکیان بەیەکەوە ئەشکەنجەیان دەدام."


"ئەسما ستەمكار بوو"


ئەوەی پەیوەست بوو بە مامەڵەی داعش لەگەڵ کەنیزەکان، ئەسما لە ئاخاوتنەکانیدا دەڵێت " لەو مامەڵانە زۆر نیگەران" بووە، بەڵام سیپان وەڵامی داوەتەوە بەوەی" ئەو قسانەی ناڕاست بوون، بەڵکو خۆی زۆر زاڵم بووە لەگەڵیان".


ئەو خانمە ئێزدیە باس لەوەدەكات "ئەسما ناچار نەکراوە بۆ ‌هیچ کارێک، بەڵکو زۆر هاوکاری هاوسەرەکەی دەکرد لە کاروبارەکانی رێکخراوەکە."


هەروەها بەشداریکردنی ئەسمای لە کارەکانی ڕێکخراوەکەدا پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو قازانجانەی دوای هەموو ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆریستی دابەشدەکران، هاوبەشی پێدەکرا  و ژنە دیلەکانی دەکڕی و بازرگانییان پێوەدەکرد و هەروەها دەیانهێنایە لای هاوسەرەکەی.


ئەسما نازناوی "دایکی باوەڕداران"ـی هەبوو


نهێنییەکی دیکە کە سیپان ئاشکرای کرد ئەوەیە، ئەوەی ئەسما سەبارەت بە بەشوودانی کچەکەی لە تەمەنی 12 ساڵیدا گوتی ڕاست نییە، چونکە هاوسەرگیریی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە ڕێکخراوەکەدا ئاسایی بوو.


"هەفتانە کەنیزەی نوێ بۆ بەغدادیی دەهات"


لەو چاوپێکەوتنەیدا سیپان وردەکاری بازرگانیی بە منداڵانی کەنیزەك دەخاتەڕوو دەڵێت: هاوسەری بەغدادیی کچێکی ئێزدی لەخۆگرت ناوی ریهام بوو، تەمەنی حەوت ساڵان بوو، تەنیا یەک مانگ لەگەڵی ژییا، دواتر فرۆشتی بە کەسێکی نزیکی خۆی.


کڕین و فرۆشتن بە منداڵان دیاردەیەکی بڵاوی نێو رێکخراوەکە بووە، زیاتر بە مەبەستی خزمەتکردن لەلایەن ژنانەوە ئەو بازرگانییە کراوە، بە پارەیەکی کەم دەکڕدران و دواتر بە نرخێکی زۆر دەفرۆشران.


 ئەو خانمە ئێزدییەی ڕزگاربووی دەستی داعش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "هەفتانە کەنیزەی نوێ بۆ بەغدادیی دەهێنران، بەشێکی زۆری کەنیزەکان خۆیان دەکوشت دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسیان دەکرایەسەر."


ژن، پارە و ئۆتۆمبێل


سیپان خەلیل ڕوونی کردەوە کە خەڵک لە ڕێگەی مووچەی مانگانە و خانوو و ئۆتۆمبێل و ژنانەوە ڕاکێشراون بۆ ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.


بە گوتەی ئەو، بەردەوام بیرۆکەی خراپ دەخرایە مێشکی ژنانەوە، ئەسماش لەو چالاکییانە ڕۆڵی سەرەكیی بینیوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: