لە کوردستان سیستەمێک بۆ ئاگادارکردنەوە لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو دادەنرێت

شەیری بکە لە:
عەبدولڕەحمان سدیق - سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

عەبدولڕەحمان سدیق - سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئاڤا دیجیتاڵ 

 

دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داتاکانی ساڵی 2023 ـی راگەیاند، لە ساڵی نوێدا کار لەسەر جێگیرکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پاشخانی تیشکاوەری لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. سیستمەکە تایبەتە بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە بڵاوبوونەوەی گاز و تیشکی چەکە قەدەغەکراوەکان لە هەوادا.

 

"بە پلانێکی درێژخایەن، کارمان لەسەر زیادکردنی رووبەری سەوزایی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن." عەبدولڕەحمان سدیق وای بە میدیاکان گوت.

 

رۆژی چوارشەممە 10-10-2024، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند بابەتێکی باس کرد.

 

"ماددەی 33 ـی دەستووری عێراق تایبەتە بە زامنکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و لە دەقی یاسایەکەدا هاتووە "هەموو تاکێک مافی ئەوەی هەیە لە بارودۆخی ژینگەیی سەلامەتدا بژیێت، واتا ژیان لە ژینگەیەکی تەندروست مافێکی دەستووری هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە." لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەو ماددەیەی دەستوور لە ساڵی 2024 کردەوە.

 

دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق، سیستەمێکی ئاگادارکردنەوەی لە فەرمانگەکانی ژینگە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بۆ زانینی پاشخانی کاریگەریی تیشکاوەرەکان داناوە، بۆ ئەوەی بزانرێت رێژەی ئەو ماددە تیشکاوەرانەی هاتوونەتە سەر هەرێمی کوردستان چۆنن و چەندن. بە گوتەی عەبدولڕەحمان سدیق، پلان هەیە سێ سیستمی دیکە دابنرێت بۆ فەرمانگەکانی ژینگەی هەڵەبجە، راپەڕین و زاخۆ، لە ناوەڕاستی ساڵیشدا لە ئیدارەی گەرمیان و سۆران جێگیر دەکرێت، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە پاشخانی کاریگەری تیشکاوەری.

 

سیستمەکە تایبەتە بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە بڵاوبوونەوەی گاز و تیشکی چەکە قەدەغەکراوەکان لە هەوادا. واتە هەر تیشکێک بەهۆی بەکارهێنانی چەکەکان لە هەوادا بڵاوبووبێتەوە، ئەوا ئاگادارکردنەوە بە دەستەی ژینگە دەدات و پێشوەختە لە پیسبوونی هەوا ئاگاداریان دەکاتەوە.

 

لە ستانداردی جیهانی پێویستە رێژەی سەوزایی شارەکان %30 بێت، ئێستا لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە لە رێژەی ستاندارد، پلان هەیە لەساڵی 2024 رێژەی سەوزایی پارێزگای هەولێر بگەیێنرێتە %20. سەرۆکی دەستەی ژینگە، ئاماژەی بەوەشدا، "بە پلانێکی درێژخایەن، کارمان لەسەر زیادکردنی رووبەری سەوزایی کردووە، کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن."

 

"پێویستە هەرێمی کوردستان بچێتە نێو بازاڕی کاربۆن"

 

دەستەی ژینگە بە پاڵپشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کار بۆ ئەوە دەکات بچێتە نێو بازاڕی کاربۆن و لە سندووقی سەوزی نێودەوڵەتی قەرەبوو بکرێتەوە، سەبارەت بەو پرسە عەبدولڕەحمان سدیق، گوتی، "پێویستە هەرێمی کوردستان بچێتە نێو بازاڕی کاربۆن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە کۆمپانیایەکی بێلایەنە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ساڵانە پێوانەمان بۆ بکات رووبەری سەوزایی چەند زیادیکردووە و رێژەی کاربۆن چەند کەمیکردووە، کە لە بەرامبەر ئەو کەمکردنەوەیە لە سندووقی سەوزی نێودەوڵەتی بە گوێرەی قەبارەکەی قەرەبوو دەکرێینەوە و پاڵپشتی دارایی پێشکەشدەکەن، خۆشبەختانە بە پاڵپشتی ئەنجوومەنی وەزیران بەمزووانە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی تایبەت بەم بوارە دەکەین، لە ئایندەیەکی نزیک هەرێمی کوردستان دەچێتە نێو بازاڕی کاربۆن.

 

لە ماوەی ساڵی 2023 دا فەرمانگەی ژینگە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ کراوەتەوە، فەرمانگەی ژینگە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار، هەماهەنگیی کردووە بۆ دروستکردنی کارگەی ریسایکلین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی کەڵک وەرگرتن لە پاشماوەکان لە بری سووتاندن و ژێرخاک کردن کە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ پیسکردنی ژینگە.

 

"هەماهەنگی کراوە بۆ دروستکردنی کارگەی ریسایکلین"

 

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتووچۆ کردووە، بەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت "بەردی ساڵانسەی" دەرهێنابێت، نابێت تۆماربکرێت. هەروەها دەستەی ژینگە لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، هەماهەنگی لەسەر هێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو کردووە، بۆ ئەوەی کار لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بکرێت.

 

ساڵی رابردوو چی روویدا؟: تایبەتمەند بوو بە گۆڕانکاری کەش و هەوا لە جیهان، لە 30-11-2023، ئیمارات پێشوازی لە کۆنگرەی گۆڕانی کەشوهەوای جیهان کرد، لەو کۆنگرەیە هەرێمی کوردستانیش بەشداربوو و کۆمەڵێک پانێڵی گرنگ سەبارەت بە هۆکار و چارەسەرییەکان و پلانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ریگەگرتن لە کاریگەرییە نەرێنەکانی گۆڕانی کەش وهەوا خرانەڕوو.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: