بە چوار مۆزەخانەی گرنگی هەرێمی کوردستان ئاشنابە؛ چییان تێدا هەڵگیراوە؟

شەیری بکە لە:
بە چوار مۆزەخانەی گرنگی هەرێمی کوردستان ئاشنابە؛ چییان تێدا هەڵگیراوە؟

دیمەنێک لە دەروازەیمۆزەخانەی شارستانیی هەولێر

ئاڤا نیوز

 

مۆزەخانە یەکێکە لە ناوەندە هەرە پێویستەکانی کۆمەڵگە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی بەشێک لە مێژوو و ڕابردووی خەڵک و کۆمەڵگە، کە دەبێتە شووناس و ناسنامەی ئەو گەلە لەناو گەلانی دیکە و جیهانی دەرەوە.

 

وێنە گەورەکە: لە هەرێمی کوردستان جگە لە مۆزەخانە حکومییەکان کە لە قاڵبی مۆزەخانەی شارستانی و نیشتیمانی کۆدەکرێنەوە، چەندین مۆزەخانەی تایبەت لەلایەن خەڵکی ئاسایی یان کەرتی تایبەت دامەزراون، شوێن و پێگەی تایبەتیان لەناو خەڵک هەیە و زۆر سەردانیان دەکەن.

 

بۆچی گرنگە: مۆزەخانە بەمەبەستی کۆکردنەوە و پاراستنی کۆمەڵێک کەلوپەل و پارچەی بەنرخی مێژوویی و کەلەپووری و ئەنتیک و  ناوازە دادەمەزرێ، بۆ ئەوەی لە مەترسی لەناوچوون بپارێزرێن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: وشەی مۆزەخانە یان مۆزە لە وشەی یۆنانی mousein هاتووە، کە گردێکی شوێنەوارییە لە ئاتن، لەوێ پەرەستگەیەکی تایبەت بۆ نۆ خواوەندی هونەر و پیشە، کە ناویان (میۆز) بووە دروست کراوە. میۆزەکان کچانی ژوپیتەر بوون، کە خواوەندی زانست و ئەدەبیات و هونەر و مۆسیقا بوو.

 

گرنگترین مۆزەخانەکانی هەرێمی کوردستان

مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر


لە ساڵی 1960 لە گەڕەکی منارەی شاری هەولێر دامەزراوە، شوێنی ئەم مۆزەخانەیە دوو جار گواستراوەتەوە، ساڵی 1970 گواستراوەتەوە بۆ قەڵای هەولێر و ساڵی 1989 بۆ گردی قالنیج ئاغا لە نزیک هۆتێل چوارچرا.

ئەو مۆزەخانەیە کەرەستە و کەلوپەلە مێژوویی و کەلەپووریی هەمەچەشنن لەخۆدەگرێت و کۆنترین پارچە تێیدا تەمەنی بۆ 60 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

مۆزەخانەی شارستانی هەولێر بە دووەم مۆزەخانە لەسەر ئاستی هەرێمی کورددستان دادەنرێت.

 

مۆزەخانەی سلێمانی


ئەو مۆزەخانەیە لە 14ـی تەمموزی 1966 لە گەڕەکی شۆڕش دامەرزاوە و ساڵی 1980 گواستراوەتەوە بۆ شەقامی سالم.

ئەو پارچە مێژوویی و کەلەپوورییانەی تێیدان بۆ سەردەمە جیاوازەکانی مێژوو دەگەڕێنەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەو پارچانەی لە مۆزەخانەکەدا هەڵگیراوە "تابلۆیەکی داستانی گلگامێش)ـە کە بە کۆنترین نووسراوی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت.

مۆزەخانەی سلێمانی بە گەورەترین مۆزەخانەی هەرێمی کورستان دادەنرێت. ساڵی 2011 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی  لەگەڵ یونیسکۆ و ژمارەیەک زانکۆی ئەوروپی نۆژەنی کردەوە.

 

مۆزەخانەی ڕستن و چنینی کوردەواری


ئەم مۆزەخانەیە دەکەوێتە نێو قەڵای هەولێر و لە ساڵی 2004 دامەزراوە، پارچەی کەلەپووری پێش سەدان ساڵی تێدا پارێزراوە.

کەرەستەکانی زیاتر لە پێداویستییە مێژووییەکانی ناوماڵ پێکدێت، لەوانە: "فەرش، ڕایەخ، بەرهەمەکانی ڕستن و چنین، ئامێری دێرینی ڕستن و چنین و ئامێری کشتوکاڵی".

 

مۆزەخانەی کەلەپووری کورد


ئەم مۆزەخانەیە لە ساڵی 2015 لە هۆتێل فەرەح، یەکێک لە کۆنترین هۆتێلەکانی شاری سلێمانی دامەزراوە.

لەم مۆزەخانەیەدا پارێزگاری لە نزیکەی دوو هەزار پارچەی جیاوازی کەلەپووری دەکرێت، لەوانە: "جلوبەرگ، خشڵ، کتێب، دەستنووس و پێداویستیی ناوماڵ" کە بەشێوەیەکی گشتی مێژوویان لەنێوان 50 بۆ 400 ساڵ لەمەوبەر دەبێت.

یەکێک لە دیارترین بەشەکانی ئەم مۆزەخانەیە، کۆکراوەیەکی تایبەت بە جووەکانە، کە تێیدا ئەو کەلوپەل و شمەکانە هەن کە لەلایەن جووەکانی شاری سلێمانییەوە بەکارهێنراون پێش کۆچکردنیان بەرەو ئیسرائیل، دیارترینیان: "سێ تەوراتی دەگمەن و چەند بەشێکی تەوراتی مزراحییە".

 

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: