جێگری سەرۆكی ئەمریكا مەرگی ناڤالنی خستە ئەستۆی پووتین

شەیری بکە لە:
جێگری سەرۆكی ئەمریكا مەرگی ناڤالنی خستە ئەستۆی پووتین

ئاڤا نیوز


كامالا هاریس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن وتاری پێشكەشی ئامادەبووان كرد و بە مەرگی ئۆپۆزسیۆنە سەرسەختەكەی پووتین دەستیپێكرد.


سەركۆنەكردنی هەواڵی مەرگی ناڤالنی


هاریس لەبارەی هەواڵی مەرگی ناڤالنی سەرەخۆشیی خۆی بە كەسوكاری گەیاند، بە تایبەتی جولیا ناڤالنی، كە ئەویش ئامادەی كۆنفڕانسەكە بوو و دواتر خۆشی وتاری پێشكەش كرد و مەرگی هاوسەرەكەی خستە ئەستۆی پووتین و ئەوی بە بەرپرسیار دانا.


هاریس ئاماژەی ناڕاستەوخۆی بە بەدگومانیی خۆی لە مەرگی ناڤالنی دا و گوتی "ئەگەر ئەمە پشتڕاست ببێتەوە، ئەوا دەبێتە بەڵگەیەكی تری دڕندەیی پووتین، ئەوان هەر چیرۆكێكیش بڵێن، با بە ڕوونی بڵێین " ڕووسیا بەرپرسیارە".


ئەمریكا لە بەشداریكردن لە ڕامیاریی جیهاندا بەردەوام دەبێت


كامالا لە وتارەكەیدا ڕەخنەی لەو كەسانە گرت كە پێیان باشە ئەمریكا دەست وەرنەداتە كاروباری جیهانەوە و باشترە ئەمریكا تەنها خەریكی كاروباری خۆی بێت. هاریس ئەم دونیابینییەی ڕەت كردەوە گوتی "ئەم دونیابینییە مەترسیدارە، سەقامگیری ناهێڵێت و كورتبینانەیە، مەترسیی بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی جیهان هەیە، بۆیە سەرۆك بایدن و من دژی ئەم دونیا بینیەین".


هاریس نەیشاردەوە " بەشداریكردنی ئەمریكا لە ڕابەرایەتیی جیهاندا تەنها لە چاكەكاریی وڵاتەكەدا نییە، بەڵكو بە سوودی ئەمریكایە، گوتی "بەشداریكردنی ئەمریكا لە ڕامیاریی جیهاندا لە قازانجی ئەمریكایە، ئەمەیە وا دەكات ئەمریكا بەهێز بێت و ئەمریكییەكان پارێزراو بن".


پاشان ئاماژەی بە هەندێك لە چالاكییەكانی ئەمریكا دا لە جیهاندا، گوتی "بەرپرسیارانە لەگەڵ چیندا ڕكابەریمان كردووە، كە پێویست بووبێت ڕووبەڕووی بێجینگ وەستاوینەتەوە، بەڵام كە لە بەرژەوەندیی هاوبەشیشماندا بووبێت پێكەوە كارمان كردووە".


لەسەر چالاكییەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵ دەدەین بە زووترین كات كۆتایی بەو گرژییانە بهێنین كە حەماس ورووژاندوونی، بە جۆرێك كە "ئیسرائیل پارێزراو بێت، بارمتەكان ئازاد بكرێن، قەیرانی هاوكاریی مرۆیی چارە ببێت، حەماس كۆنترۆڵی غەززە نەكات، هەروەها فەڵەستینییەكانیش مافی خۆیان بە دەست بهێنن بۆ ئاسایش و ئازادی، هەوڵیش بدەین وا بكەین گرژییەكان بە ناوچەكەدا پەرە نەستێنن".


هاریس: ڕووسیا شكستێكی گەورەی هێناوە


پاشان هاریس باسی جەنگی ڕووسیا و ئۆكراینا كرد،  گوتی "جەنگەكە شكستێكی گەورە بوو بۆ ڕووسیا، ئۆكراینا زیاتر لە نیوەی ئەو خاكانەی گرتەوە كە ڕووسیا لە سەرەتای پەلامارەكەیدا داگیری كردبوون".


پاشان ئاماژەی بە هەندێك ئاماری قوربانییەكانی ڕووسیا دا، گوتی "ڕووسیا دوو لەسەر سێی تانكەكانی لە دەست داوە؛ سێیەكی كەشتیگەلەكەی لە دەریای ڕەشدا لە دەست داوە، بە هۆی بێباكی و هەڵەشەیی پوتینیشەوە، زیاتر لە سێ سەد هەزار  كوژراوی هەیە".


پاشان ستایشی یەكێتیی ئەوروپای كرد كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوای چەند مانگێك دواخستن، بڕی 50 ملیار دۆلار هاوكاریی بۆ ئۆكرانیا نارد. گوتیشی " لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەمریكاش هاوكارییەكانی خۆی بۆ ئۆكرانیا بنێرێت، كە ئێستا لە كۆنگرێس ڕاگیراوە. گوتی "هەوڵیش دەدەین هاوكارییەكانی ئەمریكا بگەیەنینە ئۆكرانیا، ئەگەر واش نەكەین، ئەوا دیاری بە پوتین دەدەین".


ئەمریكا لە پشتی ناتۆ و هاوپەیمانەكانی دەوەستێت
لە بەشی كۆتایی وتارەكەیدا باسی لە ناتۆ كرد، كە دیارە ئەمەش لە وەڵامی ئەو كەسانەدا بوو لە ئەمریكا كە پێیان باشە ئەمریكا لە ناتۆ بكشێتەوە، هەروەها لە وەڵامی وتەكانی ترەمپدا بوو كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوتبووی "ڕووسیا هان دەدەم هێرش بكاتە سەر ئەو ئەندامانەی ناتۆ كە بەشی خۆیان پارەیان لە بەرگریی خۆیاندا خەرج نەكردووە".


هاریس ئاماژەی بە هەندێك لەو كاتانە دا كە ناتۆ لە پشتی ئەمریكا وەستاوەتەوە، بە تایبەتی دوای هێرشەكانی 11ی ئەیلوولی 2001، گوتی "ئەمریكا لە پشتی ناتۆ دەوەستێت، چونكە ناتۆ لە پشتی ئەمریكا وەستاوە. ئەمریكا ناكشێتەوە و لە پشتی هاوپەیمانەكانی دەمێنێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: