دیمەنی دوو بەرمیل نەوت لەگەڵ چەند بلۆکێک دۆلار، گرافیکی ئاڤا نیوز
ڕاپۆرت
عێراق مانگانە پێویستی بە نزیکەی 8 تلیۆن دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی، دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار، مەترسی بۆ عێراق دروستکردووە و ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە ببێتەوە.
وێنە گەورەکە: حکومەتی عێراق هەرچەندە دڵنیایی دەدات لەوەی مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی کراوە و بە گۆڕانکاری لە نرخی نەوت دەستی لێنادرێت، بەڵام ماوەیەکە پێشنیازێک هەیە "سندووقی سیادی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە لەناکاوەکان" دروستبکرێت تا لەکاتی دابەزینی نرخی نەوت عێراق بتوانێت لەو سندووقە سوود وەربگرێت.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی نەرێنی لەسەر بودجەی عێراق دەبێت، چونکە حکومەتی فیدڕاڵ ئومێدی هەیە 16 ترلیۆن دیناری لە زیادەی نرخی نەوت دەستبکەوێت (لە بودجەدا نرخی نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێنراوە)، تا بەهۆیەوە بتوانێت بەشێک لە کورتهێنانی بودجەی پێ پڕبکاتەوە کە ئەمساڵ کورتهێنانی بودجە گەیشتووەتە 64 ترلیۆن دینار.
درێژەی ڕاپۆرت...
حکومەتی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەرانی
بەرپرسانی حکومەتی عێراق لە مەترسییەکانی دابەزینی نرخی نەوت کەمدەکەنەوە و دڵنیایی دەدەن لەوەی حکومەت توانای بەردەوامی دابەشکردنی مووچە و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەیە، زیادبوونی داهاتی نەوتی و نانەوتیش وەک بەڵگەی قسەکانیان دەهێننەوە.
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاڤا نیوزی گوت: بۆ ساڵی دارایی 2024 تێکڕای پێشبینییەکان بۆ نرخی بەرمیلێک نەوت 74 دۆلارە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو 84 دۆلار بووە، نرخی نەوتیش پەیوەندیی بە هۆکاری دەرەکییەوە هەیە و عێراق ڕۆڵی تیایدا نییە تەنها لەڕێگەی ئۆپیکەوە نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکەین ساڵی داهاتوو نرخی نەوت دووبارە بەرزببێتەوە.
بە وتەی ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی نەوت، کاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان نابێت و دەوڵەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان، لەو پێناوەشدا لەوانەیە حکومەت پەنا بۆ قەرزکردن ببات.
سندوقی سیادی؛ فریادڕەسێک بۆ عێراق
یەکێک لەپێشنیازەکان بۆ کاتەکانی دابەزینی نرخی نەوت ئەوەیە سندوقێکی سیادی دروستبکرێت و پارەی زیادەی تێدا هەڵبگیرێت، هاوکات بۆ وەبەرهێنانی زیاتریش لە سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات، داوا دەکرێت هەوڵی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بدرێت تا وەبەرهێنان لە عێراق بکەن.
پەیوەست بەم بابەتە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا نیوزی گوت: دابەزینی یەک دۆلاریش لە نرخی نەوت کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت بەتایبەت کە ئێستا نرخی نەوت لە 68 دۆلاردا کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، بەڵام عێراق نرخی نەوتی لە بودجەدا بە 70 دۆلار خەمڵاندووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی دەکات کە زۆری خەرجییەکان لە بودجەدا ڕێگر بووە لەوەی عێراق ببێتە خاوەن سندوقی سیادی کە لە کاتی قەیرانی داراییدا دەتوانێت سودی لێوەربگیرێت.
عێراق پشکی خۆی لە هەناردەی نەوت وەرنەگرتووە
وەک شارەزایان باسی دەکەن عێراق پێویستبووە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، ڕۆژانە 7 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام ئێستا عێراق ڕۆژانە 4.5 بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، بۆیە یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکان ئەوەیە عێراق فشار بخاتەسەر ئۆپیک تا هەناردەی نەوت زیاتر بکات و بەوەش قەرەبووی کورتهێنانی بودجە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت دەکاتەوە.
"بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەبێت عێراق فشار بخاتەسەر ئۆپیک چونکە ئێمە پشکی خۆمان بۆ لە هەناردەی نەوت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان وەرنەگرتووە، لە هەمان کاتیشدا دەبێت ئێمە سندوقێکی سیادییمان هەبێت و پارەی ناویشی بە دۆلاربێت تا بتوانرێت وەبەرهێنانی تێدابکرێت بۆ کاتی قەیران"، مستەفا حنتوش، شارەزای ئابووری بۆ ئاڤا نیوز وای گوت.
ئەو شارەزایەی کاروباری ئابووری باوەڕیشی وایە لە ئەگەری دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت، عێراق پارەی یەدەگی پێویستی هەیە و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەتوانێت بەبێ کێشە مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات.
"دۆخەکە جێگەی دڵنیایی نییە"
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایکرد بۆ دابینکردنی مووچە لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە، ئەوەش وایکردووە مووچەی فەرمانبەران دوابکەوێت.
هاوکات د.نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووریی عێراق بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت داهاتی مانگانەی عێراق بۆ 9 ترلیۆن دینار کەمیکردووە، لەو پارەیەش یەک ترلیۆن دینار بۆ خەرجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات و مووچەی فەرمانبەرانیش مانگانە پێویستی بە 7.5 ترلیۆن دینارە، 500 ملیار دیناریش بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەڕوات.
بەوتەی ئەو شارەزایەی کاروباری دارایی، ئێستا عێراق بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەنها بودجەی نانەوتی و قەرزیی ناوخۆیی و دەرەکی لەبەردەمە، بۆیە پێشبینی دەکات لە قۆناغی داهاتوودا باج و گومرگ بەمەبەستی زیادکردنی داهات زیادبکرێن، باوەڕیشی وایە لە کاتی دابەزینی نرخی نەوت قەرزەکانی سەر دەوڵەت زیاتر دەبن و یەدەگی بانکی ناوەندیش فشاری دەکەوێتەسەر، هەموو ئەوانەش بەهۆی نەبوونی سندوقی سیادییەوە ڕوودەدەن.
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 31 خولەک لەمەوپێش
ئیمارات ژمارەیەک دەرفەتی خوێندنی بەخۆڕایی ڕادەگەیەنێت
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پێنتاگۆن: هێزەکانمان لە عێراق نزیکەی 80 هێرشیان کراوەتە سەر
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
21 تشرینی دووەم
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
21 تشرینی دووەم
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
20 تشرینی دووەم
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی دووەم
وردەکاریی پرۆسەی سەرژمێری؛ چ پرسیارێک دەکرێت؟