دیمەنی سیمبولی گۆڕەپانی ئازادی لە بەغدا و تاوری میلاد لە ئێران، گرافیک ئاڤا نیوز
ئاڤا نیوز
سەرۆککۆماری ئێران یەکەمین گەشتی دەرەوەی وڵاتی بۆ عێراق دەکات و لەپاڵ کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لە بواری ئەمنی و ئابووری واژۆ دەکرێن.
وێنە گەورەکە: 8ـی تەمموزی ئەمساڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کرد بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات بە ئامانجی "بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ".
لێدوانی فەرمی: فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە کوردستان حەسەن، پەیامنێری دیپلۆماسیی ئاڤای ڕاگەیاند: مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەمیانەی سەردانەکەی بۆ عێراق، دوای بەغدا سەردانی هەولێریش دەکات.
باکگراوند: پێشتر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەی فەرمی پێشکەشی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران کرابوو، لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیانیش وەک سەرۆککۆماری نوێ، نیچێرڤان بارزانی بانگهێشتنامەی پێشکەشی ناوبراو کرد.
درێژەی ڕاپۆرت...
گرنگیی عێراق بۆ ئێران
مەسعود پزیشكیان، سەرۆکكۆماری ئێران، دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستەکەی لە یەكەم چاوپێكەوتنی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند: عێراق دۆستمانەو یەكەم شوێنی گەشتەكانم دەبێت بۆ دەرەوەی وڵات، هاوکات سەردانی مەزارگەی ئیمام عەلی دەكەم لە شاری نەجەف.
عێراق وڵاتێکی گرنگە و پزیشکیان لە سیاسەتی دەرەوەیدا بایەخی پێدەدات، لەم سەردانەشدا لە بواری ئەمنیدا یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێت و بەدواداچوونیش بۆ پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکرێت.
کارنامەی سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق
سەرچاوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتی ئێران بە ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی عێراق ڕاگەیاند: ئەم سەردانە ڕەنگدانەوەی خواستی حکومەتی نوێی ئێرانە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چالاککردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئێران و عێراق، هاوکات واژۆکردنی ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە ئەمنی و ئابوورییەکاندا."
سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە، سەرەڕای سەرقاڵبوونی بە بەرنامەی سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، پزیشکیان بڕیاری دا ئەو سەردانە بۆ عێراق بکات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی بایەخی حکومەتی نوێی ئێرانە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.
پێش سەردانەکە لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئێران کۆتایی بەکارەکان دەهێنن
پێش سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا، لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئێران تایبەت بە ئامادەکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا، کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
ستار جابری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئێران کۆتاییان بە نووسینەوەی ڕەشنووسی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە هێنا کە بڕیارە لە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا، لەنێوان بەرپرسانی باڵای هەردوولادا واژۆ بکرێن.
پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر
سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانی کرد و لەبارەی سەردانەکەشی ڕایگەیاند: سەردانەکەمان، سەردانێکی باش بوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێمە پێمان وایە ئەو سەردانەمان سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکاتەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی هەولێری کرد و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەتەوە لەسەر بنەمای دراوسێیەتییەکی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش. هەروەها هەردوولا جەختییان لە پەرەدان بە پەیوەندییەکان کردووەتەوە بە تایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا.
هاوکات سەرۆکوەزیران بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەوەی نووسیبوو "پێشوازیم لە بەڕێز عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران کرد، پەرەپێدانی پەیوهندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانمان تاووتوێ کرد و هاوڕابووین لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژوەنديی هاوبەش."
دوای سەردانەکەی بۆ هەولێر، عەلی باقری سەردانی سلێمانیشی کرد و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ڕێککەوتنی ئەمنیی
ڕۆژی 19-3-2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد.
یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئێران نزیکەی هەزار و 450 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە، 550 کیلۆمەتری لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەش لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەشیان پێکهێناوەو تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوەی دوو قۆڵیان کردووە.
محەممەد کازم ئال سادق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئێرانی ڕایگەیاند، پەیوەندیی تاران و بەغدا ستراتیژی و قووڵ و بەرفراوانە، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان جەختمان لەوە کردووەتەوە، سازش لەسەر پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان ناکەین.
دوورخستنەوە و چەک داماڵینی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان تاران و بەغدا کراوە وەک محەممەد کازم ئال سادق دەڵێت، بۆ گواستنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانییەو بە ڕاددەیەکی باش ئەم هەنگاوە جێبەجێکراوە.
یەکێکی دیکە لە خاڵەکان چەک داماڵینی ئەو حیزبانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە هەرێمی کوردستانن، بە گوتەی محەممەد کازم ئال سادق بەشی زۆری ڕێککەوتنەکە جێبەجێکراوە.
غازی ئێرانی بووەتە ئۆکسجینی کارەبا لە عێراق
عێراق ساڵانە بە ملیۆنەها مەتر سێجا غاز بۆ ئیشپێکردنی وێستگەکانی کارەبا لە ئێران هاوردە دەکات، ئەمساڵیش ڕێککەوتنێکی 5 ساڵەی بۆ هاوردەکردنی غازی ئێرانی واژۆ کردووە کە بڕەکەی ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجایە.
عێراق وەک گەورەترین بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ئێران
سەرچاوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات "پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ساڵانە گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلار و هیوادارن ئەو ڕێژەیە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە ."
عێراق بە یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکان بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ئێرانی دادەنرێت، تاران ساڵانە دوو هەزار و 200 بەرهەمی جۆراوجۆر هەناردەی عێراق دەکات، 50%ـی هەموو خاوەنکارانی ئێرانیش لە بازاری عێراقدا بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە.
هاتووچۆی گەشتیاری و گەشتیاری ئایینی
لە ساڵی 2021وە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان تاران و بەغدا، هاووڵاتیانی هەردوو وڵات دەتوانن بەبێ وەگرتنی ڤیزا تەنیا بە هەبوونی پاسەپۆرت دەتوانن گەشتەکانیان ئەنجام بدەن.
ساڵانە ملیۆنان سەردانیکار لە نێوان عێراق و ئێران هاتووچۆ دەکەن، بە دیاریکراویش لە مانگەکانی موحەرەم و سەفەر بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا و ئەربەعین ملیۆنان زیارەتکاری ئێران و بیانی سەردانی شوێنە ئایینییەکان لە عێراق دەکەن.
لە بەرامبەریشدا ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری عێراق سەردانی ئێران دەکەن چ بە مەبەستی تەندروستی بێت یان سەردانیکردن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 11 خولەک لەمەوپێش
لە هەولێر كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێركردن بەڕێوەدەچێت
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 35 خولەک لەمەوپێش
ئیمارات ژمارەیەک دەرفەتی خوێندنی بەخۆڕایی ڕادەگەیەنێت
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پێنتاگۆن: هێزەکانمان لە عێراق نزیکەی 80 هێرشیان کراوەتە سەر
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
21 تشرینی دووەم
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
21 تشرینی دووەم
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
20 تشرینی دووەم
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی دووەم
وردەکاریی پرۆسەی سەرژمێری؛ چ پرسیارێک دەکرێت؟