هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە نێوان داواکاریی و ڕێگریکردن

شەیری بکە لە:
هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە نێوان داواکاریی و ڕێگریکردن

ساتی بەشداریکردنی هاوڵاتییەک لە پرۆسەی هەڵبژاردن. وێنە؛ شەفەق نیوز

ئاڤا نیوز

 


لە چەند مانگی ڕابردوودا پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بووەتە قسە و باسی میدیا و پێداگریی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بەشێکیان سوودانی و پرۆژە سیاسییەکەی بە مەترسی لەسەر پێگە و کورسییەکانیان دادەنێن.

 

لێدوانی فەرمی: سائر موخیف، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە ئاڤا نیوزی گوت: کات نەماوە بۆ ئەنجامدنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و زۆربەی پەرلەمانتاران لە ئێستادا دژی هەڵبژاردنن و دەیانەوێت ئەم خولە لە کاتی خۆیدا تەواو ببێت.

 

 


هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێک لە کارنامەی حکومەتەکەی سوودانی بوو

"ئیدارەی دەوڵەت" هاوپەیمانەتییەکە لە هێزە سەرەکییەکانی کورد، سوننە و شیعە لە دوای کشانەوەی براوەی هەڵبژاردن کە ڕەوتی نیشتیمانی شیعە(ڕەوتی سەدر) بوو، پێکهێنرا و لە ساڵی 2022 بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی ئیمزایان کرد، محەممەد شیاع سوودانیان ڕاسپارد حکومەت پێکبهێنێت و "هەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ساڵێک" یەکێک بوو لەو بڕگانەی ڕێکەوتنی لەسەر کرابوو.
 


هەڵبژاردنی پێشوەختە داواکارییەکی تشرینییەکانە

هێزەکانی تشرین کە کۆمەڵە ئەکتەر و لایەنی سیاسیین  لە دوای خۆپیشاندانەکانی تشرین یەکەمی ساڵی 2019 دروست بوون و حکومەتی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقیان هەڵوەشاندەوە، پێیان وایە هەڵبژاردنی پێشوەختە پێداویستییەکی قۆناغەکەیە.

موشرق فرێجی، ئەمینداری بزووتنەوەی "نازل ئاخز حەقی" کە لەسەر تشرینییەکان حیساب دەکرێت بە ئاڤا نیوزی گوت: سیستمی سیاسی لە عێراق ڕوخاوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستە بۆ هاوسەنگکردنی پرۆسەی سیاسی و هێزە مەدەنییەکان، ئێستا زیاتر ئامادەی هەڵبژاردنن.
موشرق پێیوایە، لەئێستادا سەرکردەی هێزە سیاسییەکان کۆنترۆڵی پرۆسەی سیاسی دەکەن و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش گۆڕاوە بۆ دەسەڵاتی ئاڕاستەکردن.

 

چوارچێوەی هەماهەنگی لەم بارەیەوە بووەتە دوو بەرە

لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوای کردبوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت،  بەپێی سەرۆکی ناوەندی بەغدا بۆ دیراساتی ستراتیژی لە ئێستادا هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نایانەوێت "ئەستێرەیەکی" نوێ دروست ببێت، ئەو ‌هێزانە داواش لە سوودانی دەکەن بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نەکات، بەڵام سوودانی ڕەتیدەکاتەوە.
سائر موخیف، ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا کە بەشێکە لە هاوپەیمانیی چوارچیوەی هەماهەنگی بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: ئەو کاتەی ماوە ڕێگە نادات هەڵبژاردنی پێشەختە بکرێت سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێکە لە بڕگەکانی کارنامەی حکومەت کە لایەنەکان ڕێکەوتیان لەسەر کردبوو.


کۆنگرەکەی هەولێر ئاڕاستە کرا بوو؟

لە 4ـی ئەیلوولی 2024 حەیدەر حەنوون لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە هەولێر پەردەی لەسەر کۆمەڵێک کەیسی گەندەڵی و نهێنی "دزیی سەدە" هەڵدا. 
مەناف موسەوی، سەرۆکی ناوەندی بە‌غدا بۆ دیراساتی ستراتیژی بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: چوارچێوەی هەماهەنگی فشار لە سوودانی دەکات بۆ ئەوەی بەشدار نەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. ئاماژەشی بەوەدا کە لێدوانەکانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە کۆنگرەکەی هەولێر لەم کاتەدا هەوڵێک بوو بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەبارەی دۆسیەی تۆڕی سیخوڕیکردن لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی بۆ بابەتگەلی دیکە.


قۆناغێکی پڕ کێشە بەڵام..

گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لەم کاتەدا بە کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگاریی تێدەپەڕێت، وەکو دۆسیەی سیخوڕیکردن لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لێدوانەکانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، دۆسیەی دزیی سەدە، پرسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ناکۆکییەکانی لایەنەکان لەو بارەیەوە و هەروەها خۆپیشاندانی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڵام بەڕای سائر موخیف، هیچیان نابنە هۆکاری ئەوەی داوا بکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ