بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەگوازرێنەوە

شەیری بکە لە:
بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەگوازرێنەوە

ژمارەیەک پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئاڤا نیوز 


بەپێی ڕێککەوتنی ئەمنیی ئێران و عێراق، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت بنکەکانیان لە سنوورەکانی ئێران دووربخەنەوە و هیچ چالاکییەکی سەربازی لە ڕێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئێران ئەنجام نەدەن، ئەم ڕێکارانە پێش سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ بەغدا تووندتر دەکرێن.

وێنە گەورەکە: ئێران بە بەردەوامی بوونی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی زانیوە، داوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات ڕێگە لە چالاکیی ئەو حیزبانە بگرن و لە سنوورەکانی ئێران دووریان بخەنەوە. 

زانیاریی زیاتر: لە مانگی ئاداری 2023، ئێران و عێراق ڕێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کرد، کە بە ڕێککەوتنی بەغدا ناسراوە، داوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات نابێت هیچ گرووپێکی کوردی ڕۆژهەڵات لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان هێرشی سەربازی بکەن بۆ سەر سنوور و خاکی ئێران.

چاوەڕوانییەکان: ڕۆژی 11ی ئەم مانگە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی دەگاتە بەغدا و دوو ڕۆژ دواتریش دەگاتە هەولێر. میدیا فەرمییەکانی ئێران دەڵێن، پزیشکیان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەوەستێت و کۆمەڵێک ڕێککەوتنی دیکەی ئەمنیش واژۆ دەکرێن.


بڕگەکانی ڕێککەوتنە ئەمنییەکە چین؟ 

هیچ لایەنەک بە تەواوەتی باسی بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنەی نەکردووە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە گرنگترین بڕگە بریتییە لە داماڵینی چەکی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، گواستنەوەی بنکە و بارەگاکانیان و ئەندامانی ئەو حیزبانە بۆ کەمپ و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.  


عێراق سنوورەکان دەپارێزێت

ئێران لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێککەوتنە ئەمنییە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەمەبەستی ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی چەکدارانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئێران، هێزەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت. 

هەڕەشەکانی ئێران زۆر دەبن


ئێران هەڕەشە دەکات ئەگەر تاوەکو وادەی دیارکراو چەکداماڵین و گواستنەوەی بارەگای ئەو حیزبانە تەواونەکرێت، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر بنکەکانیان، هەر لەم ڕووەوە بۆ دروستکردنی گوشار بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەو حیزبانە و ناچاریان دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکە. 

بۆچوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان 


بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدەن کە تەواوی بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکرێن و ڕیگە نادەن خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکان. 

بۆچوونی بەرپرسانی عێراق

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشتر ڕایگەیاند، "ئێمە بە ڕژدییەکی زۆر لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیە دەڕوانین و تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارمان بۆ ئەم بابەتە خەرج کردووە و سەرووی سێ هەزار سەربازیشمان لە سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە". 

چۆڵکردنی بارەگاکان

پێش تەواوبوونی وادەی دیاریکراو، حیزبی دیموکراتی کوردستان داوی سێ دەیە، بارەگای سەرەکیی خۆی کە ناوی لێنابوو "قەڵای دیموکرات" لە کۆیە چۆڵکرد، ئەوە لەکاتێکدایە کە پێش چەند ڕۆژێک ئەم حیزبە بارەگاکانی خۆی لە سەقەر، بەربزین وهەڵگورد چۆڵکردبوو.


لە دوای ئەویش، داوا لە هەر سێ حیزبی کۆمەڵەی کوردستان کرا کە بنکەکانیان لە زڕگوێز بگوازنەوە بۆ کەمپی سوورداش، کە دەکەوێتە نزیک دووکان لە پارێزگای سلێمانی. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان