سەركردە دێرینەکانی یەكێتی بەرەیەک لەدژی یەكێتیی نوێ دروست دەكەن

شەیری بکە لە:
سەركردە دێرینەکانی یەكێتی بەرەیەک لەدژی یەكێتیی نوێ دروست دەكەن

دیمەنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، گرافیک ئاڤا

ئاڤا نیوز 

 

دوای دەستبەسەرداگرتنی دەزگای چاودێر و دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێکی باڵای حیزبەکە، سەركردە دێرینەکانی یەكێتی دژی گوشار و هەڵسوكەوتەكانی بافڵ و قوباد تاڵەبانی یەكدەگرن و بەرەیەک لە دژی یەکێتیی نوێ دروست دەكەن.

 

چیرۆكی سەرەكی: شەوی 5-9-2024، هێزێکی کۆماندۆ دەستی بەسەر ئۆفیسی دەزگای چاودێردا گرت، کە ڕادیۆی مەدەنیەت، بنکە و سایتی گەلاوێژ، سایتی چاودێر، سایتی ڕوانگە و ڕەخنە، پلاتفۆرمی دابڕان، پرۆژەی پەیکەرسازی چاودێر، گەلەریی چاودێر لەخۆ دەگرێت.

 


وێنە گەورەكە: بافڵ و قوباد تاڵەبانی گوشارەكانیان بۆ دوورخستنەوەی سەركردە و تێكۆشەرە دێرینەكانی یەكێتی بەردەوامە، وێڕای سڕكردنیان، فەرمان بە هێزە ئەمنییەكانیان دەكەن هەڵبكوتنە سەر ماڵ و دەزگاكانیان و دەستیان بەسەردابگرن. 

 

دیمەنی باڵەخانەی دەزگای چاودێر دوای دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن هێزێکی کۆماندۆی یەکێتی. 

 

ئەوەش بزانە: ئەم پرۆسەیە لە كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكە دەستی پێكرد و لە كۆنگرەی پێنجەمی حیزبەكە كە لە 27-9-2023 بەڕێوەچوو بەتەواوی جێبەجێ كرا، سەركردە كۆنەكان لە ئەنجوومەنێكی پەراوێزخراو كۆكرانەوە و لە هیچ كۆبوونەوەیەک بەشدارییان نەکراوە و ڕا و بۆچوونیشیان فەرامۆش کراوە.

 

درێژەی ڕاپۆرت...

 

دوای هەڵكوتانە سەر دەزگای چاودێر و میوانخانەكەی مەلا بەختیار ژمارەیەک دەزگای دیكەی ڕۆشنبیری و میدیایی سەر بە ناوبراو، ناڕەزایی سەركردە دێرینەكانی یەكێتی دژی كردارەكانی بافڵ و قوباد تاڵەبانی زیاتر بووە، ئێستا بیر لە ئەوە دەكەنەوە كە بەرەیەكی دژ پێكبهێنن و ناڕەزاییەكان فراوان بكەن، تەنانەت مەبەستیانە بیكەنە ناڕەزایی جەماوەری. 

 

"هاتوونەتە سەر حازری"

 

بورهان محەممەد فەرەج، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق كە دۆستی نزیكی زۆرینەی سەركردە دێرینەكانی یەكێتییە بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: لە هەموو حیزبێكدا پێویستە سوود لە ئەزموونی سەركردە دێرینەکان وەربگیرێت، ئەمەی ئێستا لەنێو یەكێتی دەكرێت، ئەنجامی بێئەزموونیی ئەم گەنجانەیە [بافڵ و قوباد تاڵەبانی]، ئەم گەنجانە سیاسەتیان نەكردووە و هاتوونەتە سەر حازری،  پارە و كۆمپانیایان هەیە و لەسەرەوە سەیر دەكەن، باوەڕیان بە حیزبایەتی نییە.

 


هەڵوێست وەردەگرن

 

 سەبارەت بە گوشارەكانی بافڵ و قوباد تاڵەبانی لەسەر تێكۆشەر و سەركردە دێرینەكانی یەكێتی و هەڵكوتانە سەریان و داگیركردنی ماڵ و موڵكیان فەرەج، دەڵێت: ئەمە دەرەنجامی باشی نابێت و هەڵوێست وەردەگیرێت، دواجار ئەوانەی حیزبایەتیان لا گرنگە و دەچەوسێنرێنەوە یەكدەگرن بەیەكەوە دژی دۆخەكە دەوەستنەوە.


"ئەوان ئەو پیاوە نەبوون بگەنە دەسەڵات"


فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی حیزبەكە و یەكێكە لەو سەركردە دێرینانەی حیزبەكە لە بڕیار و هەڵسوكەوتەكانی بافڵ و قوباد تاڵەبانی ناڕازییە، ئەو بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: ئەو سەرکردانەی ڕۆڵی کارایان لە شۆرش و سیاسەتی یەکێتی دا هەبووە ئێستا پشتگوێخراون

 

عەبدولقادر ئەوەشی گوت، عەدنان موفتی خاوەنی چەندین ساڵ خەبات و تێكۆشانە و كورد، عەرەب، تەنانەت پارتی دیموكراتی كوردستانیش ڕێزی زۆری لێدەگرن، بەڵام لە یەک كۆبوونەوەی یەكێتیش بانگێشت ناكرێت. 

 

"من هەموو تەمەنم بۆ یەكێتی تەرخانكرد و لە دامەزرێنەرە ڕاستەقینەكانی حیزبەكەم، بەڵام بافڵ مووچەی من و هەموو هاوڕێكانمی بڕیوە، دەپرسم دارایی هی ئەوە یان هی تێكۆشەرەكانی یەكێتییە، كردەواكانیان بەڵگەن بۆ ئەوەی حورمەتی تێكۆشەرەكان ناگرن ئەمڕۆ لەدژی ئێمەن سبەی دەكەونە گیانی ئەوانەی ئێستا پشتیوانیان دەكەن، چونكە دەیانەوێت "بەتاقی تەنیا ئەو نانە بخۆن" لە داهاتوودا دەیبینین چی ڕوودەدات، داوا دەكەم خەڵكی سلێمانی بێنە دەنگ، ئەگەر تێكۆشەرانی یەكێتی نەبووان ئەوان [بافڵ و قوباد تاڵەبانی] ئەو پیاوە نەبوون بگەنە دەسەڵات و دەست بەسەر هەموو شتێكدا بگرن، بەڵام ئەوان وەفایان بۆ كەس نەبوو"، عەبدولقادر وای گوت.

 

 

"ئەگەر قسەی باش بکەیت پێت دەڵێن پارتی"

 

سالار عەزیز، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی ڕایگەیاند، ئێستا ئەگەر كەسێک باسی یەكێتی و برایەتی بكات پێی دەڵێن چەند پارەت وەرگرتووە، یاخود پێت دەڵێن پارتی،  چونكە  جگە لەم قسەیە هیچ شتێكی دیكە نازانن، نە فەلسەفەیان هەیە نە سیاسەت دەزانن نە تیۆریان هەیە، تەنیا ئامانجیان ئەوەیە بمانگەڕێننەوە بۆ شەڕی براكوژی و نایانەوێت هەرێمی كوردستان ئارام بێت.


 
یەكێتی بەرەو پووكانەوە دەچێت


مەلا بەختیار لە پەیامێكی دا باسی دانیشتنێکی چەند ساڵ لەمەوبەری لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ دەکات و دەڵێت: "پێمگوت یەكێتی لە لێوارێكی ترسناكدایە، بە هێزی چەكدار ئەم یەكێتییە ناپارێزرێت، یەكێتی بەرەو پووكانەوە و نەمانی هەموو جیاوازییە ئایدۆلۆژی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و چینایەتییەكان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان دەڕوات. بەداخەوە ئێستا شەڕەجنێو گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک و شەرمەزارییە، بازرگانیكردن بە جنێو و موزایەدەكردن بە قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان، بووەتە بێزراوترین جۆری سیاسەتی ئێستا".


"ئەمە ڕیسوابوونێكی گەورەیە"


ناوەستین، دڵنیابن ئەمە ڕیسوابوونێکی گەورەیە، هەڵتەکاندنی هەموو بنەماکانی ئەخلاقی سیاسییە، دڵنیابن ئەمە مام جەلال لە گۆڕ ڕادەچڵەکێنێت، ئەمە هەڵدانەوەی هەموو قەتماخەی برینەکانە، هەموو ئەم درۆیانە شەرمەزار دەكەم كە پەنجەی تۆمەت دروست دەكەن، گوایە لەژێر كاریگەریی ئەملا و ئەولاین، چۆن دەبێت ئەوەندە درۆزن بن؟ چۆن دەبێ درۆ و بوختان هەڵبەستن خۆتان بەهێز بكەن؟. مه‌لا به‌ختیار واده‌ڵێ.


"گوێ نادەنە خەبات و خزمەت"


مەلا بەختیار، سەرۆکی دەزگای چاودێر، كە بەپێی گوتەی خۆی 54 ساڵە بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشان دەڵێ: مرۆڤ كە وازی لە بیروباوەڕ و حیزبایەتی هێنا و گەندەڵ بوو و بانكەكانی پڕ كرد لە پارە گوێ ناداتە 50 ساڵ و 70 ساڵ، من چاوەڕێم كردووە ئەمە بكەن نەک بەرامبەر خۆم و هاوڕێكانم چاوەڕێم بەرامبەر گرووپ و ڕەوتی دیكەش شتی دیكە بكەن، ملهوڕی هەڵدێرێكی مێژووییە ناوەستێت.


بەرەیەكی نوێ لەڕێگەیە


سەبارەت بە دروستكردنی بەرەیەكی نوێ، وەک كاردانەوەیەک دژی گوشارەكانی بافڵ و قوباد تاڵەبانی، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە دا، بەرەی نوێ بەڕێوەیە ئەگەری هەیە گرووپە ناڕازییەكان یەک بگرن و ئەو بەرەیە پێكبهێنن، لای خۆیەوە بورهان محەممەد فەرەج، ئەگەری دروستبوونی بەرەیەكی نوێی پشڕاست كردەوە و بۆ ئاڤا نیوز دەڵێت:  بەرەیەكی نوێ لەنێو یەكێتی دروست دەبێت و ئەم یەكێتی و سەركردایەتییەی ئێستای یەكێتییان قبوڵ نییە.

 

 

 

شەیری بکە لە: