دۆسیەی "دزیی سەدە" لەنێوان ئاشکراکردن و پەردەپۆشکردندا

شەیری بکە لە:
دۆسیەی "دزیی سەدە" لەنێوان ئاشکراکردن و پەردەپۆشکردندا

دیمەنێک لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، سەرچاوە: ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز 


دۆسیەیەک کە زیاتر لە 17 مانگە لەنێو دادگاکانی عێراق دەستاودەستی پێدەکرێت و دەسەڵاتی دادوەریی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چەندین تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە دەرکردووە، چەندین تۆمەتباریش بەکەفالەت ئازاد کراون، هەموو ئەوانە دواجار وای لە سەرۆکی دەستەی دەستەی دەستپاکیی عێراق کرد بەڕووی هەموواندا بتەقێتەوە و نهێنی نەبیستراو بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.

وێنە گەورەکە: دۆسیەی ئاسانكاریكردن بۆ بردنەدەرەوەی بڕی 2.5 ملیار دۆلار لە بانکی ڕافیدەین وەک یەكێک لە گەورەترین سكانداڵەكانی گەندەڵی دارایی لە عێراق کە بە "دزیی سەدە" ناسراوە، چەندین کەس دراونەتە دادگا و دادگایی کراون.

چیرۆکی سەرەکی: لە هەولێر سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژانامەونیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان چەند زانیارییەکی نوێی لەبارەی دۆسیەی "دزیی سەدە" ئاشکرا کرد و، ئاماژەی بە تێوەگلانی چەند بەرپرسێکی باڵا لەنێو حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی کرد.

چی ڕوویدا:  حەیدەر حەنوون لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەم دۆخەدا سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی دژ بە گەندەڵیی ڕاستەقینە ڕادەگەیێنین، ئەمڕۆ ڕاستگۆیی دەستەی دەستپاکیی لە لێواردایە، دەمەوێت ڕاستگۆیی دەستەی دەستپاکی بسەلمێنم و لەسەرەتای شەڕەکەوە داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەم، میواندارییەکی فەرمیمان بکات، دوای ئەوە یان بمێنمەوە یان لاببرێم، پرسیام لەبارەی دزیی سەدەوە لێبکات.

 

داوایەک ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا

دوای ئەوەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق داوای گرێدانی دانیشتنێکی ئاشکرای پەرلەمانی کرد لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی زیا جەعفەر، دادوەری دەستەکەی کردبوو، ئەم قسانەی حەنوون لەسەر هەموو ئاستەکان بێ کاردانەوە نەبوون. هەر زوو داوا کرا دانیشتنێکی بەپەلە ساز بکرێت و سەرۆکی دەستەکە لە پەرلەمان میوانداری بکرێت.

پەرلەمانتار ڕائید مالیکی بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: سەرۆکایەتیی پەرلەمان هێشتا وەڵامی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی نەداوەتەوە سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ میوانداریکردنی زیا جەعفەر، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی و دادوەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی.

مالیکی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای میوانداریکردنی ئەو دوو دادوەرەیان کرد بۆ زانینی تۆمەتەکانی دادوەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی 4ی ئەیلوول لە هەولێر.

بە گوتەی مالیکی، داواکارییەکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، بەڵام وەڵام نەداوەتەوە سەبارەت بە گرێدانی دانیشتنێکی بەپەلە بۆ میوانداریکردنیان و زانینی ڕاستی ئەوەی باسکراوە.


"بەدووری دەزانم پەرلەمان دانیشتنێکی بەپەلە گرێ بدات"

تاهیر بەتات، پەرلەمانتاری عێراق بە دووری زانی دانیشتنێکی بەپەلە بۆ میوانداریکردنی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ گرێ بدرێت.

تاهیر بەتات، بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "70 ئەندام پەرلەمان واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ گرێدانێکی دانیشتنێکی بەپەلە بۆ میوانداریکردنی ئەو دوو دادوەرە بۆ گوێگرتن لە قسەکانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کە ئاماژەی بە لاوازیی دەستەکەیان کردبوو، هاوکات باسی ئەوەی کردبوو کە ناکرێت دادوەر زیا جەعفەر دەسەڵاتەکانی خۆی لە دژی ئێمە بەکار بهێنێت.


"سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەڵەی کرد"

ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بۆ هەبوونی فشارێک لەسەر حکومەت دەکات بەهۆی چەند دۆسیەیەکەوە، پێشیوایە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی "هەڵەی" کرد، دەبوو ئەو قسانەی لای سەرۆکوەزیران بکات نەک لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان باس بکات.

لێدوانی فەرمی: ئیبراهیم سومەیدعی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند: حکومەت لەژێر فشاردایە بەهۆی چەند دۆسیەیەکەوە، لەوانە دۆسیەی دزینی سەدە.

پەیوەست بە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی دەستەی دەستەی دەسپاکی، سومەیدعی دەڵێت: "سوودانی لەگەڵ ئەوە نییە هیچ کارێکی فەرمی لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان بڵاوبکرێتەوە، دادوەر حەنوون هەڵەی کرد، دەبوو بچێتە لای سەرۆکوەزیران و سەرۆکوەزیرانیش لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری گفتوگۆ بکات و ئەگەر سەرنەکەوت ئینجا بچێتە لای لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی".


"پێدەچێت گوشارێکی زۆر لەسەر دەستەی دەستپاکی هەبێت"

ئیبتسام هیلالی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیای عێراقی ڕاگەیاند: دوای ئەو قسانەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، پێویستە پەرلەمان دانیشتنێکی خێرا ساز بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەوەی حەنوون لە میدیاوە باسی لێوە کرد، هاوکات میوانداری بکرێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی بزانین چی لە پشتی پەردەوە ڕوودەدات.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە "پێدەچێت گوشارێکی زۆر لەسەر دەستەی دەستپاکی هەبێت بۆ داخستنی دۆسیەکەی نوور زوهێر و دۆسیەی دزیی سەدە".


سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق چی گوت؟

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق نیگەرانیی خۆی لە لاوازكردنی ڕۆڵی دەستەكەو ونبوونی چەندان دۆسیە لە پرسی تۆمەتبار نوور زوهێر لای دادوەر زیا جەعفەر دەربڕی، دووپاتی لەوە كردەوە ئەو پەرەسەندانانە بەربەستی گەورەن بۆ هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی دەوڵەت.

سەبارەت بە نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە"، چەند نهێنییەکی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند "لەو کاتەوەی دەستبەکاربووم بەدواداچوونمان بۆ ئەو دۆسیەیە کردووە، دەرکەوت نوور زوهیر جاسم تاوانی دیکەشی لە بەسرە کردووە، دزینی 724 دۆنم زەوی لە ناوچەی شەتولعەرەب، کە زەویی وەزارەتی داراییە و بەهای زۆر گرانە. نوور زوهیر بە ناوی ساختەوە تۆماری کردبوو، دواتر بۆ سەر ناوی خۆی گواستووەتەوە".

بە گوتەی حەنوون لەسەر دۆسییەکە، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ نوور زوهێر دەرکردووە، بەڵام دۆسیەکەی لە بەسرە لەلایەن دادوەر زیا جەعفەرەوە گواسترایەوە بۆ بەغدا و لەوێ دیارنەما".

حەنوون لە کۆنفرانسەکەدا دۆسییەیەکی دیکەی گەندەڵی ئاشکرا کرد و  ئاماژەی بەوەدا "18 ملیار دۆلار لە دۆسیەی هێڵی شەمەندەفەردا بەهەدەر دراوە، کۆمپانیاکەی کە گرێبەستی کردووە بەڕێوەبەرەکەی ناوی موسەننا مەهدی عەتییە، لەم بابەتەدا هێڵی شەمەندەفەری عێراق هەمووی فرۆشراوە بەتەواوەتی، وەکو ئەوەی کودەتا بێت بەسەر عێراقدا. بەڵام دوو مانگ دەبێت دۆسیەکەمان داوە بە دادوەر زیا جەعفەر تا ئێستا سەیرنەکراوە و نازانین چی لێهاتووە.
 
حەنوون داوای لە فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد پشتیوانی لەداواکەی بکات بۆ ئامادەبوونی لەپەرلەمان و ئەنجامدانی دانیشتنێکی کراوە لەگەڵ دادوەر زیا جەعفەر.


"قبووڵ ناكەین دۆسیەی دزینی ئەمانەتی باج پەردەپۆش بكرێت"

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، حەنوون ڕایگەیاند: ژمارەی تۆمەتباران لە دۆسیەی دزیی سەدە "زیاتر لە 30 تۆمەتبارە، تۆمەتبار نوور زوهێر، 114 چەكی دارایی ساختە كردووە و پێویستە بە 114 حوكم سزا بدرێت.

حەنوون ئەوەشی گوت  "قبووڵ ناكەین دۆسیەی دزینی ئەمانەتی باج پەردەپۆش بكرێت و بەرپرسیارێتی پەرلەمان ئەوەیە بیسەلمێنێت كە دەستەی دەستپاكی هاوسۆزی گەندەڵكارانە یان بە پێچەوانەوە ئاماژەی بەوەش كرد: هاوكاری ئینتەرپوول دەكەن لەسەر پرسی وەرگرتنەوەی پارە دزراوەکان و تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: