لە هەولێر فەرشی سوور بۆ کفن ڕادەخرێت

شەیری بکە لە:
فەرشی سووری فیلمی کفن

فەرشی سووری فیلمی کفن

ئاڤا نیوز

 

دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا فیلمی کفن لەسینەماکانی کوردستان و عێراق نمایش کرا و لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیێکی گەرمی لێکرا، ئەمڕۆ مەڕاسیمی فەرشی سوور بۆ ستافی بەرهەمهێنانی فیلمەکە لە ئیمپایەر سینەمای هەولێر بەڕێوە دەچێت.

 

وێنە گەورەکە: فیلمی کفن لە دەرهێنانی سروشت عەبەڕەشە و باهۆز نەسرەدین پرۆدیوسەری  فیلمەکەیە، هەریەک لە چریکە عەبەڕەش و نزار سەلامی و کارۆ سەوز ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەن، فیلمی کفن لە لایەن ئاڤامیدیا و میترۆنۆم پرۆداکشنەوە بەرهەم هاتووە.

 

لێدوانی فەرمی: ئەکتەری دیاری کورد ئەیام ئەکرەم ناسراو بە شەمۆ، سەرسامی خۆی لەبەرامبەر پێشوازی زۆری خەڵک بۆ فیلمەکە دەربڕی و بە ئاڤا نیوزی گوت: ژانری ترسناک لە فیلمی کوردیدا ئەزموونێکی نوێیە و زۆر گرنگە کاری لەسەر بکرێت. هاوکات نزار سەلامی، کە ئەکتەری سەرەکی فیلمی کفنە بۆ ئاڤا نیوز دوا و گووتی:" زۆر دڵخۆشم کە بەشداریم لە فیلمی کفندا کردووە و خەڵک پێشوازیێکی باشی لێدەکەن، خۆشحاڵیشم ئەوانەی فیلمەکەیان بینیووە سەرنجی ڕاکێشاون و بەدڵییان بووە.

 

لەلایەکی دیکەوە: ئارات حەسەن زادە مامۆستا لە بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند:" ئەزموونی سینەمای کوردی لە ژانرە جۆراوجۆرەکاندا پێویستە بۆ ئەوەی پەرەپێدانێکی باشمان هەبێت لە سینەمادا، ئەو لێشاوە بینەرەی ئەمڕۆ دەیبینین بۆمان ڕووندەکاتەوە، کە بینەری سینەمامان هەیە و پێیویستە ئەو ئەزموونانەمان هەبێت بۆ ئەوەی سینەماکەمان پەرەی پێبدرێت".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: