محەممەد شیاع سوودانی
ئاڤا نیوز
هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ دەستەبەرکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ قووڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران تووشی ئاڵۆزی بووە، لە چەند مانگی داهاتوودا سوودانی بڕیار دەدات ئایا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوام ببێت یاخود نا.
وێنە گەورەكە: هەوڵەکانی سوودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ خولی دووەم ئاڵۆزی لە نێوان هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران زیاتر دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە هەوڵی ڕێکخستن و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەدەن.
ئەمەش بزانە: سوودانی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 دەستبەکاربووە، چەند مانگێکە کار بۆ داڕشتنی لیستێكی تایبەت بەخۆی وەک ئامادەکارییەک دەکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
بۆچوونی جیاواز: سیاسەتمەداران و بەرپرسانی حکومەت ڕایانگەیاندووە، لیستی پێشنیازکراوی سوودانی دەیان هاوپەیمانیی بەهێز لەوانە ژمارەیەک وەزیر، پارێزگار، سەرۆک هۆزەکان، بەرپرسان و دەیان پەرلەمانتاری دیاری عێراق لە خۆدەگرێت.
کێ پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلا دەکاتەوە؟
لەسەر بنەمای عورفە سیاسییەکانی عێراق، ئەو کوتلە پەرلەمانییەی زۆرترین کورسی بەدەست دەهێنێت، کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران دەکات و دەنگێکی بەهێزی دەبێت لە هەڵبژاردنی بەربژێرەکان بۆ پۆستەکانی سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتەکانی حکومەت.
دوو دەیەی گرنگ بۆ سوودانی
سوودانی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ئاستەکانی پێشکەوتنی بڕی و بە پاڵپشتی چوارچێوەی هەماهەنگی (گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی شیعە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت) بووە سەرۆکوەزیران، لە هەفتەکانی یەکەمی پێکهێنانی حکومەتەکەی، کۆمەڵێک پرۆژەی گەورەی ژێرخانی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستپێکرد.
سوودانی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو
لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەزاران دەرچووی دامەزراند، ژمارەی سودمەندانی مووچەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی دوو هێندە کرد، گرژیی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کەمکردەوە بە دڵنیابوون لە پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کە لە دوای 2017 خاڵی ناکۆکی بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا.
خۆی بەهێز دەكات
سیاسەتمەداران و بەرپرسانی عێراقی بە ئاڤای نیوزیان گوت، سوودانی بە ئاشکرا مامەڵە دەکات، وەک ئەوەی خەمی ئەو قەیرانانەی نەبێت کە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دا هەیە، ئێستاش کار بۆ دانانی لیستێک دەکات و دەیەوێت بەبەهێزی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکات.
پێشتر ڕۆڵێكی زۆری هەبووە
پێشتریش سەرکەوتوو بوو لە ڕاکێشانی کەسایەتییە دیارەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانە حەییان عەبدولغەنی وەزیری ئێستای نەوت، پەرلەمانتار عالیە نوسەیف، کە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پەیوەندی بە لیستی هەڵبژاردنەکانی سوودانیەوە کردووە، ئەو زانیارییانەی لە تیمی سوودانی دزەپێکراون ئاماژە بەوە دەکەن سوودانی سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەی بچنە ڕیزی کوتلەکەی.
حەشدی شەعبی قسەی هەیە
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرماندەی کەتائب جوند ئیمام، شبل زەیدی فەرماندەی کەتائیب ئیمام عەلی و ئەبو ئالا وەلایی، سەرکردەی کەتائیبی سەید شوهەدا، پەیوەندییان بە سوودانی کردووە.
سیاسەتمەدارانی شیعە بە ئاڤا نیوزیان گوتووە: جووڵانەوەکانی ئەم دواییەی سوودانی و هاوپەیمانییە نوێیەکانی تووڕەیی زۆربەی هاوبەشە شیعەکانی وروژاندووە، چونکە هاوپەیمانە شیعەکان دەیانەوێت دەستکەوتەکانیان بپارێزن.
سوودانی ئەوانی تر بەكار دەهێنێت
یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاڤا نیوزی گوتووە:“سوودانی بۆ ئەوەی بگاتە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، توانیویەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەکاربهێنێت و دواتر دژی ئەوان بجووڵێتەوە.
سوودانی لەخۆی گۆڕاوە
ئەو سەرچاوەیەی كە گفتوگۆی لەگەڵ ئاڤا نیوز كردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: سوودانی لەخۆی گۆڕاوە، پێشتر كاری بۆ ئەو گرووپ و لایەنانە دەكرد كە هاوپەیمانی بوون بۆ جێیبەجێكردنی ئەو ئەرکەی کە پێی ڕاسپێردراوە، بەڵام ئێستا سەرچاوەكان و نفوزی ئەوان بەكاردەهێنێت بۆ بەهێزکردنی خۆی.
سوودانی چاوی بڕیوەتە سەرچاوە داراییەکان و دەنگەکانی هەڵبژاردن
حکومەتەکەی سوودانی، لە ڕاستیدا بەرهەمی یەکگرتنەوەی هێزە سیاسی و چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە، بە ئامانجی دوورخستنەوەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی هاوپەیمانییەتی شیعە هاتەدی کە 73 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەبوو بەر لە کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی.
سەدر هەموو شتێكی گۆڕی
ڕۆژە خۆشەکان زۆری نەخایاند، هەر کە موقتەدا سەدر لە حوزەیرانی 2022 فەرمانی بە پەرلەمانتارەکانی کرد دەست لە پەرلەمان بكێشنەوە، ناکۆکی نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیپێکرد.
ناكۆكی گەورە ڕوویدا
سەرۆکایەتی ژمارەیەک دەزگای سەربەخۆ کە پشکی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون، وەک بانکی ناوەندی و دەزگای هەواڵگری، سەرەکیترین ناکۆکی لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەکەدا لە لایەک و لە نێوان ئەوان و سودانی لە لایەکی ترەوە سەریهەڵدا.
بەڵام، ئاگاداریی لایەنە ناکۆکەکان لەوەی کە ئیدارەی ئەمریکا دەستی لەسەر داهاتی نەوتی عێراق هەیە – لە کاتێکدا حکومەت زۆر پشتی پێی دەبەستێت بۆ دەستەبەرکردنی بودجەکەی – وایکرد کە لایەنەکان واز لە ناکۆکی لەسەر بابەتی بانکی ناوەندی و دەزگای هەواڵگری بهێنن.
لێرەدا سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی چیرۆکێکی جیاوازە
هێزەکانی حەشدی شەعبی کە سێیەم گەورەترین هێزی سەربازیین لە عێراق و ژمارەی چەکدارانی دەگاتە نزیکەی 240 هەزار سەرباز و بودجەی ساڵانەی 3.5 ترلیۆن دیناری عێراقی تێپەڕاندووە کە دەکاتە 2.7 ملیار دۆلار، یەکێکە لە گەورەترین کۆگاکانی دەنگەکانی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی شیعە و سوننە، هەروەها سەرچاوەیەکی بەرچاوی داراییە.
هەرکەسێک کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی بکات، دەستڕاگەیشتنی بە دەیان هەزار دەنگی
هەڵبژاردن لە سەرانسەری وڵاتدا گەرەنتی دەکات.
قەیس،،باوكی حكومەتەكەی سوودانی
قەیس خەزعەلی، فەرماندەی عەسائیب ئەهلی حەق و باوکی حکوومەتی سوودانی، یەکەم کەس بوو کە دوو ساڵ لەمەوبەر داوای سەرۆکایەتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد، بەڵام کۆدەنگی سیاسی لە چوارچێوە و پەیوەندییە ناوچەیی و ناوخۆییەکانی فەیاز و نەبوونی ڕێککەوتن لە نێو هەموویاندا لەسەر جێگرەوەیەک بۆ فەیاز، ئەم شەڕەی دواخست بۆ کاتێکی نادیار.
سوودانی شەڕ دەكات
چەند سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاڤا نیوزیان ڕاگەیاند " سەرکەوتنی فەیاز لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و فراوانبوونی کاریگەرییەکەی لە ناوچە سوننەنشینەکان و هەوڵەکانی سوودانی بۆ سود وەرگرتن لەم هاوپەیمانییە، جارێکی دیکە شەڕی دەسەڵاتی وروژاندەوە".
حەشد بەكاردەهێنن
ڕکابەرەکانی فەیاز ڕایانگەیاند ئەو ماوەیەکە سەرچاوە مرۆیی و داراییەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و دەنگی هەڵبژاردن دەقۆزێتەوە، ئەوان ئاماژەیان كردووە ساڵی ڕابردوو 33 هەزار هەلی کار بە هێزەکانی حەشد دراوە، کە 30 هەزاریان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە و سێ هەزاریان بۆ کەسوکاری شەهیدان.
حەشد قسە بۆ ئاڤا دەكات
سەرچاوەیەک لەناو حەشدی شەعبی بە ئاڤا نیوزی گوت: فەیاز یەک لەسەر سێی هەڵەکانی کاری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێنا، بە پێکهێنانی لیوای نوێ لە ناوچە سوننەکانی نەینەوا و باکووری بەغدا پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی بەشێک لە شێخەکانی هۆزەکان.
حەشد تۆمەتەكان ڕەتدەكاتەوە
بەرپرسانی حەشدی شەعبی تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و باسیان لەوەی کرد کە ئەوەی فەیاز کردوویەتی بەشێک بووە لە کارە ڕۆتینییەکانی پەیوەست بە تەواوکردنی کەمیی ژمارەی چەکداران لە هەندێک لیوا. هەروەها دروستکردنی هەندێک فەوج لە ناوچە سوننەکان کە پێشتر پشکی خۆیان لەناو هێزەکانی خێڵەکیدا (حەشدی عەشایری) وەرنەگرتووە.
بەرپرسێکی باڵای حەشد کە نزیکە لە فەیاز بە ئاڤا نیوزی گوتووە: "زۆربەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەکە و فەیاز لە دەوری دەستکەوتی دارایی و پۆست و جۆری کار دەسوڕێنەوە".
لە لایەكی دیکەوە
خەزعەلی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە 16ی ئاب گوتی: "فەیاز ناکاتە ئامانج بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا باس لە پێویستی گۆڕینی فەیاز لە دانیشتنە تایبەتەکانی هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کراوە بۆ گەشەپێدانی پڕۆژەی هەڵبژاردن و ڕێکخستنی هاوپەیمانییە ئاگەرییەكان".
فەیاز قورسایی هەیە
ئاماژەی بەوەشکردووە، "فەیاز خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان سوودانی و سەرکردەکانی چوارچێوە بەتایبەت خەزعەلییە، ئەم ناکۆکییە هێشتا کۆتایی نەهاتووە". فەرماندەیەکی نیمچە سەربازی نزیک لە فەیاز ئەمەی بە ئاڤا نیوزی گوت.
تەمەنی سیاسی خەزعەلی
ئاماژەی بەوەشکردووە "تەمەنی سیاسیی فەیاز بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ سوودانی درێژدەبێتەوە و کۆنترۆڵی بەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی بەهێزتر دەبێت، ئەوەش لەگەڵ ئاواتەکانی خەزعەلی ناکۆکە”، فەرماندەکە وای گوت. دەشڵێت: "ئەم ناکۆکییە (لە نێوان سوودانی و خەزعەلی) هێشتا نەگەیشتووەتە بۆ خاڵی جیابوونەوە، بەڵام ئەگەر هەردووکیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە جیا خۆیان بەربژێر بکەن، ئەوا ئەم ناکۆکییە بە ڕووخساری سوودانیدا دەتەقێتەوە".
کێشە بۆ سەرکردایەتی
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە مانگی کانوونی دووەمی 2023ڕاستییەکی نوێی ئاشکرا کرد، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور.
چوارچێوە دەنگی پێویستی نەهێنا
سەرەڕای خاوەندارێتیی سەرچاوە دارایی و مرۆیی و میدیایی هێزەکانی چوارچێوە، دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی سێ لە گرنگترین پارێزگاکانی شیعەکان مسۆگەر بکەن: بەسرە، کەربەلا و واست. بەڵکو پارێزگارەکانی ئەو پارێزگایانە کە بە تاک خۆیان کاندید کرد زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا.
سێ پارێزگاكەیان لە دەستدا
هەموو هەوڵەکانی سەرکردەکانی چوارچێوە بۆ ڕاکێشان یان ترساندنی سێ پارێزگارەکە بۆ ناچارکردنیان بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستەکانیان یان هاوبەشیکردن لەگەڵ چوارچێوەدا، شکستی هێنا. لە هەمانکاتدا سوودانی سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەو سێ پارێزگارە بۆ ئەوەی خۆیان پێکەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان کاندید بکەن.
بێتوانایی كێشەیە
ڕاستییەکی تر کە لە هەڵبژاردنی کانونی یەکەمەوە سەریهەڵدا، بێتوانایی سەرکردەی هێزە سیاسییە گەورەکانی شیعەی دەرخست لە بەرهەمهێنانی چارەسەری ناتەقلیدی بۆ ئەو کێشانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا زۆرن.
هێزە براوەکانی پارێزگاکانی دیالە و کەرکوک بە ئەوانەشەوە کە سەر بە چوارچێوە بوون، بۆ ماوەی نزیکەی هەشت مانگ نەیانتوانی هاوپەیمانی ناوخۆیی دروست بکەن کە دەنگی زۆرینەی پێویست بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
پەیامی چاودێران
چاودێران دەڵێن: خەزعەلی، بە یەکلاییکردنەوەیەکی "بوێرانە" کە سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدانی، لەگەڵ ڕکابەرە کۆنەکەی و هاوپەیمانە نوێیەکەی، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، کێشەی ئەو دوو پارێزگایەی چارەسەر کرد و هاوپەیمانێکی بەهێزی سوننەی بەدەستهێنا و نەخشەیەکی نوێ سیاسی لە ناوچە سوننەنشینەکاندا داڕشتەوە.
ئەو هەوڵانەی کە سوودانی و خەزعەلی تا ئێستا بەجیا لە بەرامبەر هاوبەش و ڕکابەرە شیعەکانیان ئەنجامیان داوە، بە ڕوونی ئامانجیان بۆ زاڵبوون بەسەر گۆڕەپانی سیاسی شیعەدا دەردەخەن.
مالیكی لاوازە
لاوازیی مالیکی لە ئەنجامی لێکترازانی هاوپەیمانییە سیاسییەکەی، نەخۆشی سەختی هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و نەبوونی موقتەدا سەدر، بوارێکی تەواوی یاریکردنی بۆ ئەو دوو کەسە ڕەخساند بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێکیان هەبێت.
تا ئێستا هەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دوو کەسە هێشتا لە یەک گرووپدان. سەرکردە شیعەکان بە ئاڤا نیوزیان ڕاگەیاندووە، لەو ساتەی سوودانی بڕیار دەدات پشت لە خەزعەلی بکات یان لەگەڵیدا نەمێنێت، هاوبەشی نێوان ئەو دوو کەسە کۆتایی دێت و دەبێتە ڕکابەرییەک کە سودانی توانای ئەو ڕکابەرییەی نییە.
یەکێک لە هاوپەیمانە ئەگەرییەکانی سوودانی لە هەڵبژاردنەکاندا بە ئاڤا نیوزی گوت: “سوودانی پڕۆژەیەکی گەورەی هەڵبژاردنی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی خولی دووەم. هەوڵدەدات خۆی وەک سەرکردەیەکی نوێی شیعە بناسێنێت کە لەلایەن کورد و سوننەکانەوە قبوڵکراوە”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو بەربەستە گەورەیەی ئێستا سوودانیی ڕاگرتووە، خەزعەلییە. ئەو (سوودانی) لە خەزعەلی دەترسێت، چونکە تاکە کەسە دەتوانێت هەموو پلانەکانی تێکبدات”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕەنگە سوودانی لە هەڵبژاردنەکاندا بە لیستی هاوبەش لەگەڵ خەزعەلی خۆی بەربژێر بکات. ئەم بژاردەیە لە ناوخۆی عێراقدا سوودانی بەهێزتر دەکات، بەڵام دەتوانێت لە دەرەوە کۆتایی پێبهێنێت چونکە ڕۆژئاوا بە ئاسانی خەزعەلی قبوڵ ناکات”.
پوختە
سوودانی دەیەوێت، خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی دەستەبەر بكات، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانییەتیەكەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی تێكبچێت، هەروەها پلانی هەیە كە لە ئایندەدا دووبارە كورسییەكەی وەربگرێتەوە.
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- بیروڕا
- 6 خولەک لەمەوپێش
"هەرێما کوردستانێ وەکە فاکتەرێ سەقامگیریێ"
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
تەقەكەرەكانی دوێنێ شەوی هەولێر دەستگیر كران
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
هێڵی گەرم بۆ خێزانانە تۆمارنەکراوەکان لە سەرژمێری کارا کرا
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
1 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
18 کاتژمێر لەمەوپێش
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی دووەم
وردەکاریی پرۆسەی سەرژمێری؛ چ پرسیارێک دەکرێت؟