سوپای ئیسرائیل لە شەڕێكی قورسدایە لە غەزە

شەیری بکە لە:
سوپای ئیسرائیل لە شەڕێكی قورسدایە لە غەزە

ئاڤا دیجیتاڵ

 

شەڕ و پێكدادانەكان لەنێوان ئیسرائیل و گرووپە چەكدارەكان سێ مانگی تێپەڕاند، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە سەرزەوی و ژێرزەوی لەگەڵ گەورەترین گرووپی چەكداری لە شەڕێكی قورسدان.


شەوی چوارشەممە 11-01-2024 هێرزی هالێڤی، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورەبەرپرسانی دیكەی سوپای ئیسرائیل كۆبووەوە، بە سوپای گوتووە، بەردەوام دەبن لە كۆتاییهێنان بە "حەماس" و هیچ شتێک رێگری ناكات لە كۆتاییهێنان بەو گرووپە چەكدارە و تاوەکو كۆتایی شەڕەكەش بەردەوام دەبن.


هێرزی هالێڤی، سەربازێكی پلەدارە لە سوپای ئیسرائیل، لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، پیاوێكی ئارام و وردە، كاتێک قسە دەكات بەوردیی پەنجە دەخاتە سەر گرفتە گەورەكان، لە كۆبوونەوەكەدا گوتوویەتی: "سوپاكەمان لە دۆخێكی ئاڵۆزدایە، چونكە لە سەرزەوی و لە ژێرزەوی، كە مەبەستی "تونێلەكانە" رووبەڕووی گرووپەكان بوونەتەوە."

 

حەماس بەوردی خۆی رێكخستووەتەوە


سوپای ئیسرائیل دەڵێت، زانیارییەكانی ئێمە بەشێوەیەكی چڕ باس لەوە دەكەن "حەماس" زیاتر لە سێ مانگ بەوردیی خۆی بۆ ئەم شەڕە ئامادەكردبوو، بۆیە ئێستا دەتوانن رووبەڕووی سوپا ببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن دەوڵەتانی دیكەوە هاوكاری دەكرێن، ئەمەش نیگەرانی "قوڵی سوپایە"، بەڵام هەر بەردەوامدەبین لە هێرش.


هێرزی هالێڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، سەربازەکانی لە غەززە "لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا لە سەرزەوی و ژێرزەویدا" شەڕ دەکەن، لەگەڵ "دوژمنێک کە ماوەیەکی زۆرە بە شێوەیەکی ڕێکخراو خۆی ئامادە دەکات".

 

گرووپە چەكدارەكان لە كەرتی غەزە بەشێوەیەكی "رێكخراوەیی" خۆیان رێكخستەوە و دەتوانن زۆر بەباشی رووبەڕووی سوپا ببنەوە، ئەوان راهێنراون، هەروەها چەكی پێویست و پارەی پێویستیان لەبەردەستدایە، ئەمە قسەی هالێڤییە، بۆ ئەندامانی سوپاكەی.
تەقینەوەی بارهەڵگرێك لە كەرتی غەزە كە بووە هۆی كوژرانی شەش سەربازی ئیسرائیلی و كوژرانی رائیدێك لە سوپا دوێنێ چوار شەممە، سوپای زۆر تووڕە كردووە.


پلانێكی نوێ و كارێكی نوێمان بەدەستەوەیە، كارێك دەكەین پێشتر نەكرابێت، بەجۆرێك كە راهێنانێكی وەهامان بە سەربازەكان كردووە بەرگەی ئەو ئاڵۆزییانە بگرن، ئێمە لەبیری ناكەین، ئێمە زۆر كەسمان لەدەستداوە، بەڵام دەبێت بزانین قوربانییەكان زۆر كەم نین، هێرزی وا دەڵێت.

میدیاكان چی دەڵێن


ئیسرائیل دەیلی نیوز: سوپای ئیسرائیل لە دۆخێكی ئاڵۆزدایە لە كەرتی غەزە بەڵام بەردەوامن.
جەزیرە: سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە كوشتوبڕ لە كەرتی غەزە.
ئەنادۆڵ: قوربانییەكان زۆربەیان هاووڵاتییانن.
واشنتن پۆست: ئیسرائیل بەردەوامە و گرووپەكانیش بەرگری دەكەن.
دەیلی تەلەگراف: ئەوەی لە غەزە روویدا پێشتر نەبووە.
ئەلحۆت لەمۆد: سوپا تاكتیك دەگۆڕێت. 

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت


- تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار كەس لەنێو غەزە كوژراون كە زۆربەیان منداڵ و ژنن.
- زیاتر لە 500 سەربازی ئیسرائیلی لە كەرتی غەزە كوژراون.
- شەڕی غەزە بە بەهای 26 ملیار دۆلار زیانی بە ئیسرائیل گەیاندووە.
- بەشی باشووری كەرتی غەزە بەتەواوەتی وێران بووە و بەكەڵکی ژیان نایەت.
- هاووڵاتییانی كەرتی غەزە بە ئەستەم دەستیان بە پێداویستی سەرەتایی دەگات.
- زیاتر لە 115 ڕۆژنامەنووس لە غەزە كوژراون چەندینی دیكەش بێسەروشوێنن.

 

هەوڵەكان بۆ دانوستان چین؟


توركیا دەستبەجێ داوای ئاگربەست دەكات و ئەمەشی بە ئەنتۆنی بلنكن گوتووە. وڵاتانی عەرەبی داوای كردنەوەی دەروازەكان دەكەن بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ خەڵك. نەتەوە یەكگرتووەكان زۆر نیگەرانە و دەڵێت: "کارەسات لە غەزە روودەدات". بلنكن بە ئیسرائیل دەڵێت: "بڕیارە قورسەكە بدەن و ئاگربەست ڕابگەیەنن". ئیسرائیل سورە لەسەر كۆتاییهێنان بە "حەماس".

 

بیرهێنانەوەی پێویست


لە 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێكی لە غەزە دەستپێكردووە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر كەمپەكانی ئیسرائیل. بەپێی داتاکانیش تا ڕۆژی چوارشەممە، 23 هەزار و 375 کەس کوژراون و 59 هەزار و 410 کەسیش برینداربوونە کە زۆرینەیان منداڵ و ژنن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان