زیارەتکاران بوونەتە سەرچاوەی داهات یان بارگرانی بۆ سەر عێراق؟

شەیری بکە لە:
زیارەتکاران بوونەتە سەرچاوەی داهات یان بارگرانی بۆ سەر عێراق؟

ملیۆنان زیارەتکار بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن چوونەتە نەجەف و کەربەلا، سەرچاوە: میدیا عێراقییەکان

ئاڤا نیوز

ساڵانە ملیۆنان زیارەتکاری شیعە مەزهەب لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشداری ڕێوڕەسمەکانی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن و چلەکەی دەکەن، بەڵام ئەمە نەبووەتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ ئەو وڵاتە، هاوشێوەی پرۆسەی حەج کە بووەتە سەرچاوەی داهاتێکی باش بۆ  سعودیە.

وێنە گەورەکە: بەبۆنەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن، کە هاوکاتە لەگەڵ 10ی مانگی موحەرەم تاوەکو چلەکەی کە دەکەوێتە 21ی مانگی سەفەر، ملیۆنان زیارەتکاری عێراقی و بیانی سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا و مەزارگەی ئیمامی عەلی لە شاری نەجەف دەکەن.

بابەتە ستراتیژییەکان: ساڵانە نزیکەی شەش ملیۆن زیارەتکار سەردانی عێراق دەکەن، لەکاتێکدا لە وەرزی حەجی ڕابردوو نزیکەی دوو ملیۆن حەجخواز سەردانی وڵاتی سعودیەیان کردبوو. ئایا هاتنی ئەو زیارەتکارانە لەو ماوەیەدا بووەتە سەرچاوەیەکی داهات یان بارگرانییەک لەسەر دەوڵەت؟


ئەمساڵ چەند زیارەتکار سەردانی عێراقیان کردووە؟

لەماوەی نێوان 10ی موحەرەم تاوەکو 20 مانگی سەفەر، بۆ ڕێوڕەسمەکانی "عاشوورا و ئەربەعین" نزیکەی شەش ملیۆن زیارەتکاری بیانی سەردانی عێراقیان کردووە و پێشبینی دەکرێت بە زیارەتکاری نێوخۆیی و بیانی ژمارەکە بگاتە 13 ملیۆن کەس. لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوو ملیۆن کەس بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی شانشینی عەرەبی سعودیەیان کردبوو.

عێراق چی دەستدەکەوێت لە هاتنی ئەو زیارەتکارانە؟

هاتنی ملیۆنان زیارەتکار بێ بارگرانیی دارایی نەبووە لەسەر دەوڵەتی عێراق، بەهۆی ئەوەی چەندین خزمەتگوزاریی بێبەرامبەر پێشکەش بەو زیارەتکارانە دەکات. هەر لە گواستنەوە، ڤیزەی بێبەرامبەر، شوێنی مانەوە، خواردن و خواردنەوە، خزمەتگوزاریی تەندروستی و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە. لەبەرامبەریشدا لەڕێگەی ئەو خەرجییانەی زیارەتکارەکان دەیکەن داهاتێک بۆ عێراق دەهێنن، بەڵام بە باشی نەتوانراوە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت.

وەک عەلی هادی، پسپۆڕی ئامار و پلاندانان ئاماژەی بۆ دەکات، داهاتی ناڕاستەوخۆی دەوڵەت لە هاتنی زیارەتکاران کە 75%یان دەچنە کەربەلا و 25%ی دیکەشیان ڕوو لە نەجەف دەکەن، دەگاتە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار، خۆ ئەگەر پەرەی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری ئاینیی بدرێت و پلانێکی گشتگیری ئابووری هەبێت، تەنها لە یادی چلەی ئیمام حوسێن ساڵانە دەتوانرێت ئەو داهاتە بۆ سێ ملیار دۆلار زیاد بکرێت.


عێراق 43 ملیار دیناری بۆ زیارەتە ئایینییەکان تەرخان کردووە

د.نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووریی عێراق بۆ ئاڤا نیوز ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە بودجەی عێراقدا 43 ملیار دینار بۆ زیارەتە ئایینییەکان تەرخانکراوە. ئەمە جیا لەو بودجەیەی بۆ وەقفە ئایینییەکان تەرخانکراوە کە بڕەکەی دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینارە، کە دوو هێندەی بودجەی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییە.

تێچووی حەج لەسەر حەجخواز و وڵاتەکانیانە

بە پێچەوانەی ڕێوڕەسمەکانی "عاشوور و ئەربەعین"، پرۆسەی حەج تێچووەکەی لەسەر خودی حەجخواز و حکومەتی وڵاتانە، ئەوەش بەپێی هەر وڵاتێک تێچووەکەی جیاوازە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی تێچووەکەی لە نێوان سێ هەزار و 500 بۆ  13 هەزار دۆلارە.

عێراق تا چەند هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە لە پێشوازیکردنی زیارەتکاران؟

تێچووی هاتنی زیارەتکاران بە تەنیا لەسەر حکومەتی عێراق نەبووە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دوو دەروازەی سنوورییەوە خزمەتگوزاری تەندروستی و خواردن و گواستنەوەی پێشکەش بە زیارەتکارانی ئێرانی کردووە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ ئاڤا نیوز ڕەتیکردەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هاوکاری کرابن لەو بڕە پارەیەی لە بودجەی عێراق بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، بەشێکی تێچووەکەیان لەسەر خۆیانە و بەشێکیش لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە خەرجکراوە، ئەمە جیا لەو پاڵپشتیانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی ئەو زیارەتکارانەی دەکات.

نموونەی چەند خزمەتگوزارییەک کە عێراق پێشکەشی زیارەتکارانی کردووە:

•⁠  ⁠پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە پێنج ملیۆن و 705 هەزار و 506 زیارەتکار لە شاری کەربەلا.

•⁠  ⁠تەرخانکردنی 300 هەزار ئۆتۆمبێل لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران.

•⁠  ⁠بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو زیارەتکارانە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی عاشوورا کە ئەمساڵ دەکاتە ڕۆژی یەکشەممە 25-8-2024 ، دەکەوێتە دەیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەم، لەنێو موسڵماناندا پیرۆز و گرنگییەکی زۆری هەیە و شیعە مەزهەبەکانیش تێیدا ماتەم دەگێڕن بەوەی "ئیمام حسێن لەو ڕۆژەدا شەهید کراوە"، ڕێوڕەسمەکانیش تاوەکو چل ڕۆژ بەردەوام دەبن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: