دانوستاندنی عێراق و تورکیا لەبارەی پرسی ئاو شکستیهێنا

شەیری بکە لە:
دانوستاندنی عێراق و تورکیا لەبارەی پرسی ئاو شکستیهێنا

ئاڵای عێراق و تورکیا

ئاڤا میدیا 

 

سەدا 70 زەوی کشتوکاڵی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەهۆی کەمیی ئاوەوە وشکبوونەتەوە و ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، دانوستانەکانی نێوان حکومەتەکانی عێراق و تورکیا تایبەت بە پرسی ئاو شکستی هێناوە و هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

 

"تورکیا ئاوی پێویستی بەرنەداوە"

 

"لایەنی تورکی هیچ وەڵامێکی نیشان نەداوە، پێویست بوو ئەو ئاوەی بەربدرێتە ناو رووباری دیجلە بگاتە 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، 300 مەتر سێجاش لە چرکەیەکدا بۆ رووباری فورات، بەڵام هیچ بەردانەوەیەکی ئاو بۆ ئەو دوو رووبارە ناگاتە ئاستی پێویستی عێراق، ئەوەی ئێستا هەیە دانوستانەکانی نێوان حکومەتی عێراق و تورکیا لەبارەی ئاو شکستی هێناوە و هیچ پێشکەوتنێکی نەبووە." زۆزان کۆچەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمەی بە ئاڤا میدیا گوت.

 

"ئاوی دیجلە زیاتر لە 50%ـی لەناو عێراقدا کەم بووەتەوە"

 

"یەکێک لە بەنداوەکانی تورکیا کە لەسەر رووباری دیجلە دروستکراوە زیانی زۆری بە ئاوی رووبارەکە گەیاندووە و پشکی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق بۆ زیاتر لە 50% کەم بووەتەوە، ئەمەش مەترسییەکی زۆر دروست دەکات، پێویستی بە دانوستانی جددییە، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە ئاو ببڕێت چونکە ئاو کاڵا نییە، بەڵکو مافێکی مرۆڤە، بە یەکسانی دابەش دەکرێت، وەک بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی کە ئاویان هاوبەشە." زۆزان کۆچەر وای گوت.

 

"زیانێکی گەورە چاوەڕێی عێراق دەکات"

 

ساڵی رابردوو کەمئاویی عێراق بووەتە هۆی کۆچکردنی خەڵک، زیان گەیاندن بە سامانی کشتوکاڵی، ئاژەڵداری و سامانی ماسی، بەپێی دوایین ئامار تا ئێستا نزیکەی حەوت هەزار خێزان لە شوێنەکانیان کۆچیان کردووە و جگە لەوەش 70%ـی زەوی کشتوکاڵی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەهۆی کەمیی ئاوەوە وشکبوونەتەوە، هەروەها بەهۆی پیسبوونی ئاو و گۆڕانکاری کەشوهەوا رێژەیەکی زۆر لە ئاژەڵ و ماسی لەناوچوون. ئەمە بەپێی قسەی سۆزان کۆچەر کە پێیوایە ئەگەر بەردانەوەی ئاو ئاسایی نەبێت، زیانێکی گەورە چاوەڕێی عێراق دەکات.

 

"مەترسیی ئاو لە داعش کەمتر نییە"

 

یەدەگی ئاوی عێراق نزمترین ئاستە لەوەی تا ئێستا ئەو وڵاتە پیایدا رۆیشتبێت و  ساڵی 2023 بۆ عێراق ساڵێکی سەخت بوو، وشکەساڵییەکەی پێشتر وێنەی نەبووە، هەروەها مەترسیی پرسی ئاو و کەمییەکەی لە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی داعش کەمتر نییە. ئەمە پێشتر لە 24-12-2023، عەون زیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاندبوو.

 

سەدا 90ی ئاوی فورات لە تورکیاوە دێت

 

ساڵانە بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرماوە نزیکەی هەشت ملیار مەتر سێجا ئاو لە عێراق بە هەڵم دەبێت، ئێستا هەڕەشە لەسەر رووباری فورات هەیە، سەرچاوەی رووبارەکەش تورکیایە، کە سەدا 90ی ئاوەکەی لەو وڵاتەوە دێت، حکومەتی عێراقیش پێیوایە، بەهۆی چەند هۆکارێک کە هەندێکیان سیاسیین، رێژەیەکی دیاریکراوی ئاو لەلایەن تورکیاوە بۆ رووباری فورات بەردەدرێتەوە.

 

پرسی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا

 

ماوەی چەند ساڵێکە عێراق رووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا لەسەر سەرچاوەکانی رووبارەکانی دیجلە و فورات چەندین بەنداویان بونیادنا کە گەورەترینیان بەنداوی ئەتاتورکە و دەکەوێتە سەر رووباری فورات، هەر لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆکانی نێوان عێراق و تورکیا ساڵانێکە بەردەوامە، کە مەبەست لێی ئەوەیە بگەنە رێککەوتنێکی دوو قۆڵی لەبارەی پرسی ئاو، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون بە رێککەوتن.

 

"41%ـی خاكی عێراق به‌بیابان بووه"

 

رووبه‌ڕووی زه‌وییه‌ بیابان و وشكبووه‌كان نزیكه‌ی %41.89ی كۆی رووبه‌ری زه‌وی عێراق پێكده‌هێنن، هەروەها رووبه‌ری ئاو بە رێژەی %1.25ی له‌سه‌ر رووبەری زەوی عێراق کەمیکردووە کە دیجلە و فورات گرنگترین سەرچاوەی ئەو ناوچانەن، هاوکات زەوییە کشتوکاڵییە جێهێڵراوەکان دووەم گەورەترین رووبەره‌ بە رێژەی %22.21، كه‌ جووتیاران رووبەڕووی کەم ئاوی، خراپیی خاک و کەمیی پێداویستیی کشتوکاڵی بوونه‌ته‌وه‌. ئەم ئامارانە لە 7-12-2023، لەلایەن وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق بڵاوکراوەتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان