سیحر چۆن دەکرێت و چۆن بەتاڵ دەکرێتەوە؟

شەیری بکە لە:
سیحر چۆن دەکرێت و چۆن بەتاڵ دەکرێتەوە؟

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

ئاڤا نیوز لەڕێگەی بەدواداچوونێکی وردەوە، چۆنیەتی  تەلیسمکردن (سیحر)، جۆرەکانی، بەتاڵکردنەوەیان و کڕین و فرۆشتن بە جنەوە لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

لێدوانی فەرمی: مەلا عامر عەزیر، بەتاڵکەرەوەی سیحر و تەلیسمە لەڕێگەی قورئانەوە بە ئاڤا نیوزی گوت: "تەلیسم بە خانە خانە دروست دەکرێت و پیتی سەردەمی سۆمەری و ڕۆمانی و عیبری و ئەستێرەی تێدایە".

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: تەلیسم چەند جۆرێکی هەیە، لەسەر کاغەز، لەسەر پلێت بە بزمار و قەڵەم و ئامێر، لەسەر قوڕقوشم، لەسەر مووروی ناو ئەنگوستیلە و ملوانکە، خاتەم سولەیمان و فەیروز، لەسەر وێنەی کەسەکە، یان لەسەر شێوەی مرۆڤێک بە بووکەڵە دەکرێت، ئەو جێگەیەی دەیانەوێ لە کەسەکە زیانی پێبگات پیتەکانی تێدا دەنووسن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر تەلیسم لەسەر ئەنگوستیلە دەنووسن.

 

بەدواداچوونێکی ورد لەمبارەیەوە بخوێنەوە...

 

خراپترین جۆری تەلیسم ئەوانەن بە ژمارە و پیتی ڕۆمانی و سۆمەری و عیبری و زۆری دیکە دەنووسرێن، ئەو جۆرە تەلیسمەی لە شێوەی کەسەکان دەکرێ لە کتێبێکی هندییەوەیە وەردەگیرێت، کە وێنەی ئافرەتێکی لەسەرە و خاڵێک لەنێوچەوانیەتی وەک هێمایەکە بۆ ئەوەی خوایانە.

ئەو تەلیسمانەی دەکرێن بۆ چین؟

 

تەلیسمەکان بەمەبەستی جیاکردنەوەی ژن و مێرد، دروستکردنی کێشەی نێوان خوشک و برا، کێشەی خێزان، شەڕی دراوسێ، کێشەی بنەماڵە، هاوسەرگیری و خۆشەویستی، تێکدانی دوو شەریک یان هاوبەشی کار.

 

مانای تەلیسم لە شەرعدا چییە؟

 

تەلیسم لەنێو شەرعدا واتە شتێک کە لێی تێناگەیت و حەرامە و بۆ مەبەستێکی ناڕەوا بەکاردەهێنرێت.

 

ئایا جنەکان ناویان هەیە؟

 

مەلا عامر عەزیز دەڵێت: "جن درۆزنە، هەرچەندە موسڵمان نین، بەڵام کاتێک لە ناویان دەپرسین دەڵێن عەبدوڵڵام، مەسیحی نییە و نەسرانی یان یەهودە دەڵێت مەریەمم، بۆیە هەندێکجار ناویان لەنێو تەلیسم دەدۆزینەوە، دیارترین و گەورەترین جن ناوی (ئ.ن)ە کە ئەزیەتی ڕەحمی ئافرەت دەدات و منداڵی لەبار دەبات، هەروەها ناوی (ق، ا، ئ) لەنێو تەلیسمەکان هەیە.

 

جنەکان وەک مرۆڤەکان سەرۆکهۆز و سەرباز و کەسی ئاسایین، خراپترینیان عفریت و ماردەکانن، بەقسەی خۆیان نەوەی ئیسرائیل، فیرعەونەکانی میسر، فارسەکانن، هەندێکیان دەڵێن لە ئەفریقاوە هاتوون، هاوکات (الشدا) لە زمانی عەرەبیدا بە واتای بنەماڵە دێت، کەواتە بنەماڵەی الشدای جنەکانن.

 

ئەو تێکستەی لە خوارەوەی تەلیسم دەنووسرێ واتای چییە؟

 

لە خوارەوەی تەلیسمەکان دەنووسن " ت.... ي.... ه.... الا.... والط....."، واتا پشت بەو جنە دەبەستن و خزمەتکارەکە ناوەکەی نووسراوە.

 



ئایا جنەکان زمانێکی دیاریکراویان هەیە؟

 

بە گوتەی عامر عەزیز، "جنەکان زمانێکی دیاریکراویان نییە، بەڵکو بە زۆربەی زمانەکان قسە دەکەن".

 

جنەکان لە کوێ دەژین؟

 

فەلەکناسێک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە ئاڤا میدیای گوت: "جنەکان لە دەوروبەری مەریخ و زەوی دەژین و لەگەڵ دەفرە فڕیوییەکان هاوشێوەن".

 

ساحیرەکان چۆن کڕین و فرۆشتن بە جنەکانەوە دەکەن؟

 

عامر عەزیز چیرۆکێکی دەگمەن بۆ ئاڤا نیوز باس دەکات و دەڵێت: " لەم ماوەیە کەسێک جن چووبووە گیانی، هێنایان و قورئانم بەسەردا خوێند، بەڵام جنەکە سووتا، ساحیرەکەی پەیوەندی پێوەکردم و گوتی؛ ئەو جنەم بە 15 هەزار دۆلار لە ئێران کڕیوە و گواستوومەتەوە بۆ کوردستان، بۆ سووتاندت؟

 

ساحیرەکان لەڕێگەی زانستێکی لاهوتییەوە جنەکان دەهێننە لای خۆیان، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاڤا، هەندێکجار ساحیر لە ئەفریقاوە جن دەکڕێت و لە ڕێی ئەو زانستەوە دەیگوازێتەوە.

 

جنەکان لە چەند هۆز پێک دێن؟

 

بەگوتەی ئەو فەلەکناسەی ئاڤا نیوز قسەی لەگەڵ کرد: "هۆزی ئیبلیس و هۆزی جن، هۆزی شەیتانەکانن، گرووپی یەکەم ئیبلیسەکان نێرەموکن و لەگەڵ خۆیان جووت دەبن، ڕۆژانە 70 هێلکە دەکەن و دەتروکێن. گرووپی دووەم شەیتانەکانن کە دەچنە بابی عێفریتەکان و زیاتر خەیاڵین و نێر و مێیان هەیە. گرووپی سێیەم جنەکانن ئەوانیش نێر و مێن".

 

ئەو جنانەی لە سیحردا بەکاردەهێنرێن نێرن یان مێ؟

 

بەگوتەی عامر عەزیز، جنەکان نێر و مێ و منداڵیشیان تێدایە. ئەو  بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ڕۆژی 17-8-2024، کچێکی تەمەن 16 ساڵیان هێنا کە وەک منداڵێک مامەڵەی دەکرد، دوای ئەوەی قورئانمان بەسەردا خوێند، بۆمان دەرکەوت ئەو جنەی چووەتە جەستەی منداڵە".

 

ئەو جادووانەی دەکرێن هەمووی بۆ مەبەستی خراپن؟

 

عامر عەزیز دەڵێت: "لە 100 کەیس دوو دانەی بۆ مەبەستی باش کراون، بۆنموونە ژنێک تەڵاقدراوە و پیاوەکەی جادووی کردووە بیگەڕێنێتەوە، ئەوەش دوای دوو مانگ کاریگەری هەبووە و دواتر هەڵوەشاوەتەوە، ژنەکەی ویستوویەتی خۆی بکوژێت و زوو فریای کەوتووە و ڕزگاری کردووە، بەڵام ژنەکە لای نەماوەتەوە".

 

ئەو کەسانەی سیحریان لێ دەکرێت  کێن؟

 

لە 20 کەس تەنیا دوو یان سێیان پیاون و ئەوانی دیکە ژنن، تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 35 ساڵیدایە.

 

لەکاتی بەتاڵکردنەوەی سیحردا جن چۆن دەسووتێت؟

 

لەکاتی بەتاڵکردنەوەی سیحردا دوو شت هەیە، یەکەم جنەکە دەسووتێت و دووکەڵێکی وەک جگەرە و نێرگەلەی بەخەستی لە جەستە دێتەدەر، یان بۆنێکی پیسی لێ دەردەچێت. دووەم جنەکە لە جەستەی کەسەکە دەڕوات جا بە موسڵمانبوون یان کافربوون بێت، ئەمانەش دوای ئەوەی ئایەتی قورئانیان بەسەردا دەخوێنرێ ڕوودەدات.

 

سورەتێکی دیاریکراو بۆ بەتاڵکردنەوەی تەلیسم و جادوو هەیە؟

 

هەندێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن 13 جار سورەتی "الملك" بخوێنن و خەون دەبینن، بەپێ گوتنی شارەزایان ئەم ژمارەیە دروست نییە، بەڵکو سورەتێکی دیاریکراو نییە، حاڵەتێک بۆ حاڵەتێکی دیکە دەگۆڕێت، چونکە جن هەندێکجار بە ئایەتی سیحرەکان، یان حەسوودییەکان تێکدەچن، هەندێکجاریش بە سورەتی "الخلاس" جنەکە سووتاوە، یان لە جەستەکەی دەرچووە.

 

ئەو گرفتانەی دێنە پێش ئەو کەسانەی سیحر بەتاڵ دەکەنەوە چین؟

 

عامر عەزیز وەک بەتاڵکەرەوەی سیحر دەڵێت، سەرەتا ساحیرەکان سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکردم، حەوت جار بۆ ئاسایش بانگکرام تاوەکو تێگەیشتن ئەو کارەی من دەیکەم چییە، دواتر وازیان لێهێناین، بەم دوایەش لە هەولێر ساحیرێک دەستگیر کرا، ئەوە هەنگاوێکی زۆر باش و جێی دەستخۆشی بوو، ئەگەر دەستگیرکردنی ساحیرەکان وەک هەڵمەتێک لە هەموو شارەکان پەیڕەوبکرایە زۆر گرنگ بوو، چونکە ئێستا لە زۆرینەی شوێنەکان ئازادن.

 

کێن ئەوانەی بەناوی دینەوە جن بۆ ئارەزووەکانیان بەکاردەهێنن؟

 

بەشێک لەو کەسانەی وەک موسڵمان کاری بەتاڵکردنەوەی سیحر دەکەن، ئەو کەسانەی دەچن بۆ لایان سورەتی قورئانیان بەسەردا دەخوێنن، دواتر جنەکان لە جەستەیان دەرناکەن، بەو بیانووەی جنەکە موسڵمان بووە و دەیەوێ کاری باشە بکات، بەڵام دواتر ئەو جنە وا لە کەسەکە دەکات خۆی بکوژێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: