گومانلێكراوی  سەرەكی دزیی سەدە: 27ی ئاب زۆر شت ئاشكرا دەكەم

شەیری بکە لە:
گومانلێكراوی  سەرەكی دزیی سەدە: 27ی ئاب زۆر شت ئاشكرا دەكەم

نوور زوهێر

ئاڤا نیوز  

 

گومانلێكراوی سەرەكی لە دۆسیەی "دزیی سەدە" بەرپرسانی باڵا و بەشێك لە پەرلەمانتاران بەوە تۆمەتبار دەكات، دۆسیەكەی ئەویان بۆ دەستكەوتی سیاسی بەكارهێناوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات یەكێك لە وەزیرەكان چاوی لە گەورەكردنی دۆسیەیەكە بووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك وەزیران.


چیرۆكی سەرەكی: لە مانگی ئازاری ساڵی 2023، دەسەڵاتی دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چەند بەرپرسێكی باڵای حكومەتی پێشوو بەسەرۆكایەتیی مستەفا كازمی دەركرد، بەتۆمەتی "ئاسانكاریكردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی بڕی 2.5 ملیار دۆلار لە سامانی گشتی لە یەكێك لە گەورەترین سكانداڵەكانی گەندەڵی دارایی كە بە "دزیی سەدە" ناسراوە.


وێنە گەورەكە: سەرەتای ئەم مانگە دەستەی دەستپاكیی عێراق دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی ڕاگەیاند كە تۆمەتباران بە دۆسیەی "دزیی سەدە"، هاوكات ناسنامەی تۆمەتبارەكان و چۆنیەتی دەستگیركردنیان و بڕە پارەكەشی ئاشكراكرد. نوور زوهێر، وەك یەكێك لە تۆمەتبارانی سەرەكی ئەو دۆسیەیە ناسێنرا.


من كەسێكی بەخشندە و دەوڵەمەندم و لە بەسرە ناسراوم

نوور زوهێر، لە یەكەم چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنیدا دوای تۆمەتباركردنەكەی، ڕایگەیاند: من كەسێكی بەخشندە و دەوڵەمەندم و لە بەسرە ناسراوم، من بازرگانێكم لەگەڵ باوكم كارم كردووە، دواتر لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و حكومەتی عێراق كارم كردووە، و موڵك و سامانەكەم هەمووی لای خەڵك ئاشكرایە".


خاوەنداریەتی پارە ڕاكێشراوەكان بۆ كێ دەگەڕێتەوە

زوهێر باسی چیرۆكی خاوەنداریەتی پارەكە دەكات و دەڵێت: "كەسێك هات بۆ كۆمپانیاكەی ئێمە لە ناوچەی كەرادە كە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی دراو، ویستی چەكێكی بانكیی بیانی بفرۆشێت و دەستمان كرد بە دانوستان لەگەڵی و بەڵگەنامەكانی ساختە نەبوو ، بەڵكو لەلایەن دەوڵەتەوە دەرچووبوو ، بەهای چەكەكە 33 بۆ 34 ملیار بوو، كرێی خەرجكردنەكەی 13 ملیار بوو لەو 34 ملیارە، كاتێك چەكەكەمان بردە بانك ڕەتكرایەوە، بانك پێی گوتین لەگەڵمان بێن بۆ بەشی باج، كێشە لە خەرجكردنی چەكەكەدا هەبوو".

نوور زوهێر درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: "نوێنەری ئەو كۆمپانیا بیانییەی ئەوەی كە چەكەكەی هێنابوو، چووە لای بەڕێوەبەری گشتی و پێی گوتبوو كە ئەو چەكە دروستە، بەڵام دەبێت ئەم كۆمپانیا بیانییە هەژمارێكی بانكی بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بچێتە هەژمارەكەیەوە و پاشان لێی دەربهێنیت، ئێمەش پێنج ملیار دینارمان دا بە خاوەنی چەكەكە".


چۆن پارەكەیان بۆ خەرجكرا؟

بە گوتەی زوهێر دوای ئەوەی پێیان گوتووە یاسا ڕێگە بەوە دەدات، كۆمپانیا بیانییە دەستبەرداری مافەكانی بێت لە بۆ كۆمپانیاكەی ئەوان ئەوەش باشتر بوو، ئەوەبوو چووین بۆ باج و لێخۆشبوونەكە كرا و ڕێوشوێنەكان ڕۆیشتن و چەكەكەمان بە ناوی خۆمانەوە وەرگرت و پێشكەشی بانكەكەمان كرد و ئەوانیش بۆیان خەرج كردین.

پێش خەرجكردنی چەكەكە پرسیارمان لە بەڕێوەبەری بانكەكە كرد سەبارەت بە چەكەكە، ئەویش گوتی ئەم بەڵگەنامە و مامەڵانە لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە وردبینی كراوە و نووسراوی دەستەی لەگەڵەو هیچ كێشەیەكی نییە."


نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكە چەكێكی دیكەی بانكیی بۆ دەهێنێت

بە گوتەی زوهێر، دوای 10 ڕۆژ هەمان ئەو كەسەی كە چەكی یەكەمی هێنابوو، چەكێكی دیكەی بەهادارتری لەوەی پێشوو پێشكەش كرد و بەڵێنی دا بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە بهێنێت، چونكە زانیویەتی ئەم پیاوە (ژمێریارێكی یاسایی)یە".

زوهێر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: "ئێمە داوامان لەو پیاوە كرد كە هەموو ڕێوشوێنەكان لەگەڵ خاوەن كۆمپانیاكە تەواو بكات و دەستبەرداری چەكەكان بێت لە بەرژەوەندی كۆمپانیاكەمان، ئێمەش ڕێككەوتین كە هەر كە دەستبەرداری چەكەكان بوو، بەشی خۆی بدەینێ.


هەموویان بەشدارن لە تاوانەكە

زوهێر دەپرسێت، ئایا چوومەتە سەر بانك و پارەكانیانم دزیوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، دەستەی دەستپاكیی وردبینی مامەڵەكانی كردووە و ڕەزامەندی خەرجكردنی چەكەكانی داوە، پاشان چوومەتە بانكی ڕافیدەین و ڕەشید، پاشانیش پارەكەیان پێداوم،  ئەگەر وابێت كەواتە هەموویان بەشدارن لە تاوانەكە.

 

لە پشتی دۆسیەكەمەوە خەڵكانێك ویستیان ببن بە سەرۆكوەزیران

بە گوتەی نوور زوهێر بەبێ ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن داگەكەوە هەبووبێت "عوسمان غانمی، وەزیری پێشووی ناوخۆ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردبووم، ڕەنگە ویستبێتی لە ڕێگەی ئەو دۆسیەی منەوە ببێتە سەرۆكوەزیران". ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات "ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوت، ئەو دۆسیەی وروژاند بەبێ ئەوەی هۆارەكەی دیار بێت، بەڵام نێوەندگیرێكی نزیك لە ئیحسان عەبدولجەبار، داوا بڕە پارەیەكی زۆری لێكردم".


پێشكەشكاری بەرنامەیەك داوای سێ ملیۆن دۆلاری لێكردم

زوهێر باس لەوەش دەكات كە لەلایەن ژمارەیەك لە "پەرلەمنتارەكان و كەناڵی ئاسمانییەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە كراومەتەوە، یەكێك لە پێشكەشكاری بەرنامەكان لە بەرامبەر بە پێدانی سێ ملیۆن دۆلار هەڕەشەی لێكردم". ئەوەشی گوت كە لە دادگەی نێودەوڵەتی سكاڵای دژی هەموو ئەو "پەرلەمانتار و بەرپرسانی دەوڵەت و ئەو كەسانە" تۆمار كردووە كە هەڕەشیان لێ كردووە.


27ی ئاب لەبەردەم دادگە ئامادە دەبم

زوهێر ئامادەیی خۆی پیشان دەدات كە ڕۆژی 27ی ئاب لە بەردەم دادگە ئامادە دەبێت و دەڵێت: "بێگومان بەرگریی لە خۆم دەكەم و زۆر شتیش ئاشكرا دەكەم ئەگەر بێت و دادگەییەكە بەشێوەیەكی ئاشكرا بەڕێوە بچێت"، دەشڵێت: "ئەو ژمارانەی سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی باسی لێوەدەكات ناڕاستن".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: