بۆچی دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نایاسایی بوو؟

شەیری بکە لە:
بۆچی دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نایاسایی بوو؟

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز  

 

وێڕای ئەوەی پۆستە سەرەکییەکانی پارێزگای کەرکووک دابەشکران، بەڵام شێوازی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ناڕەزایەتی و ڕەتکردنەوەی بەشێک لە لایەن و پێکهاتەکانی لێکەوتووەتەوە و دووبەرە درووست بوون لەوەی پرۆسەکە یاساییە یان نایاسایی.


وێنە گەورەکە: ڕۆژی 10-08-2024، لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بەبێ ئامادەبوونی پارتی، پێکهاتەی تورکمان و بەشێکی هاوپەیمانیی عەرەبی، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.


بۆچوونی لایەنەکان: کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا لایەن و پێکهاتەکانی کەرکووکی بەسەر دوو بەرەی دابەشکرد، بەمشێوەیە:
بەرەی تورکمانی: سکاڵامان تۆمار کردووە، چونکە دانیشتنەکە نایاساییە
پارتی: دانیشتنەکە نایاساییە
بەشێکی هاوپەیمانی عەرەبی: دانیشتنەکە پێچەوانەی یاسا بوو
لایەنە بەشداربووەکانی دانیشتنی ئەنجوومەن: دانیشتنەکەی هیچ کێشەیەکی یاسای نەبووە.


درێژەی ڕاپۆرت...
دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ڕۆژی 10ـی ئەم مانگە دوا پارێزگا پۆستەکانی یەکلاکردەوە، ئەویش کەرکووکە کە دوای دەیان کۆبوونەوەی لایەنەکان و سەرپەرشتی خودی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن دەدرا.

 

چۆن پۆستەکان دابەشکران
ڕۆژی 10-08-2024، لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بەبێ ئامادەبوونی پارتی، پێکهاتەی تورکمان و بەشێکی هاوپەیمانیی عەرەبی کۆبوونەوەکە کرا، ڕێبوار تەها لە پشکی یەکێتی وەک پارێزگار و محەممەد حافز لە پێکهاتەی عەرەب وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران و پۆستە گرنگەکانی دابەشکران.

 
ناڕەزایەتی بەرەی تورکمانی
لەگەڵ دابەشکردنی پۆستەکان بەرەی تورکمانی ناڕەزایەتی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە نیشاندا، پێیوایە پەراوێز خراون، لە یەکەم هەنگاویشدا لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵایان تۆمار کردووە، لەو بارەیەوە ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: دانیشتنەکە پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، بەپێی یاسای دەبێت هەموو پێکهاتەکان بەشداری بکەن.


چەند پۆستێک بۆ بەرەی تورکمانی دانراون
وێڕای ئەوەی بەرەی تورکمانی بەشدارییان لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا نەکردووە، بەڵام لایەنە بەشداربووەکان دەڵێن ئەوان تورکمانیان پەراوێز نەخستووە و چەند پۆستێکیان بۆ دانراون، لەسەر ئەمەش، ئایدن مەعروف دەڵێت ئەو پۆستانە چارەسەری کێشەکان ناکەن، ئێستا تورکمان لە دەرەوەی ئەو پرۆسەیەیە و ئەمەش نایەکسانییە، داوایان لە دادگە کردووە مافیان بگەڕێتەوە و ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.


پۆستەکانی کەرکووک هاوپەیمانی عەرەبی دابەشکرد
سێ لە ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی بەشدارییان لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد، سێ ئەندامی دیکەیان نەچوونە ژوورەوە و ڕۆژێک دوای دانیشتنەکە، ڕاکان جبووری سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبی و پارێزگاری پێشووی کەرکووک گوتی: یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ ئاگاداری لایەنەکانی دیکە کۆبوونەوەکەی کردووە و هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ دانیشتنەکەی بەغدا نییە، هاوکات لایەنەکان لە خشتەی دانیشتنەکە ئاگادار نەکراونەتەوە، دواتریش هەڵبژاردنی بەغدا وەک شوێنی دانیشتنەکە خۆی پێچەوانەی یاسایە.


پارتی دانیشتنەکە بە نایاسایی دەزانێت
لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پارتیش هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند: ئەوەی لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بەبێ ئاگادارکردنەوەی هەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نییە، گرفتی هەیە و لەسەر ڕێگەیەکی دروست نییە، ئەوان پێیانوایە ئەوەی کراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێکی دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی شاری کەرکووک.


هاوکات فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت،  ئەوان ئاگادار نەکراونەتەوە لە ئەنجامدانی کۆبونەوەی ئەنجوومەن بۆ دانانی پارێزگاری نوێ، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی حەوتە لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008، بۆیە ڕێکارەکانی گرێدانی ئەو دانیشتنە بە نایاسایی دەزانن.


لایەنە بەشدارەکان دانیشتنەکە بە یاسایی دەزانن
دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە نۆ ئەندام بەڕێوەچوو کە پێنج یەکێتی و سێ عەرەب و یەک کۆتای بابلیوون تێیدا بەشداربوون و ئەو لایەنانە پێیانوایە کۆبوونەوەکە هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە.


لەو بارەیەوە پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەکێتی کە وەک دووەم بەتەمەنترینی ئەندامانی ئەنجوومەن سەرپەرشتی دانیشتنەکەی کرد بە میدیای فەرمی عێراقی گوتووە: ئێمە بە کۆدەنگی سیاسی و هاوپەیمانی دانیشتنەکەمان کردووە و هیچ کێشەی یاسایی نییە، ئامادەشین بۆ هەر تانە و سکاڵایەکی لە دادگە پێشکەش دەکرێت.

 

یاسا چی دەڵێت؟
وەک لە سەرەوەدا هاتووە لایەنەکان هەریەکە و بە شێوازێک یاسایی بوون یاخوود نەبوونی پرۆسەکە ناودەبەن، بۆ وردەکاری بابەتەکە ئاڤا نیوز قسەی لەگەڵ د.سۆلاف کاکەیی، پسپۆڕی دەستووری کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەو لایەنانەی ڕەخنەیان هەیە دەڵێن بانگهێشت نەکراوین بۆ دانیشتنەکە، بیانووەکەیان یاساییە، چونکە دانیشتن چەندین ڕێکاری یاسایی پێویستە ئەو ڕێککارانە جێبەجێ نەکراون، جگە لەوە پێشێلی مافی تورکمان کراوە.


جگە لەمەش بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی (13)ی یاسای ژماره‌ی (4)ی ساڵی 2023 (هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان) ده‌ڵێت: ده‌سه‌ڵات به‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شده‌کرێت، به‌جۆرێک زامنی به‌شداری هه‌موو پێکهاته‌کان پارێزگای که‌رکووک بکرێت، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن)، بۆیە بەپێی یاسا پێویست بوو سەرجەم پێکهاتەکان لە دانیشتنەکە بەشداریان پێکرابا و دەنگیان لەسەر پۆستەکان بدایە.


ئەو پسپۆرە دەڵێت لەبەر ڕۆشنایی ئەم ماددەیە ئەنجامدانی ئەو دانیشتنە پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە کە سەرجەم پێکهاتەکان دەنگیان لەسەردا لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، تیایدا ئاماژە دراوە بە ئەوەی کە دەبێت سەرجەم پێکهاتەکان ڕێکبکەون پێش ئەنجامدانی هەر دانیشتنێک.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان