گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق: پەرۆشی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانین
- هەواڵ
- 10 کانوونی دووەم
ئاڤا دیجیتاڵ
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئاڤامیدیا گوتی: "حکومەتی عێراق پەرۆشی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە چارەسەری بەشێک لە کێشە دارایی، یاسایی و هونەرییەکان بکرێت، کە پەیوەستن بەو گرێبەستانەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی و کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت کراون".
یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت، عێراق پارەیەکی یەکجار کەمی بۆ شایستەی ئەو کۆمپانیایانە داناوە بە بەروارد بە هەرێمی کوردستان، چونکە لە هەندێک بیری نەوتی عێراق، تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت 38 دۆلاری ئەمریکییە، بۆ هەرێمی کوردستانیش تەنیا شەش دۆلار شایستەی کۆمپانیاکانیان بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێکی نەوت داناوە، لەگەڵ ئەوەی بە گوتەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، سرووشتیی ناوچەکە و دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زۆر زەحمەتە، پێویستی بە کرێی زیاترە بۆ کۆمپانیاکان.
پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی دیکەی گەرمی گفتوگۆی نێوان حکومەتی عێراق بووە؛ لە مانگی حوزەیرانی 2023 رەشنووسی بودجە برایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دوای خوێندنەوەی سێیەم بڕیاری پەسەندکردنی درا، دەبوو حکومەتی فیدراڵی 16 ترلیۆن و 375 ملیار دیناری بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا لەو بڕە پارەیەی مافی خۆیەتی تەنیا چوار تریلیۆنی بۆ هەرێمی کوردستان لە تەواوی ساڵی 2023 ناردووە.
سێ مانگ دوای پەسەندکردنی بودجە و دابیننەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران بارزانی سەرۆکایەتیی شاندێکی بۆ بەغدا کرد و لە ماراسۆنی مافە دەستوورییەکانی لە بەغدا داوای مووچەی شەش مانگی کرد، بۆ هەر مانگێکیش 800 ملیار دیناری لە عێراق کرد، ئەوان بڕیاریان لەسەر سێ مانگدا بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار بێت، هاوکات بڕیاربوو لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بڕیار لەسەر ئەو سێ مانگە بدەن، بەڵام هێشتا بەغدا هەنگاوی کردەیی بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی "10، 11 و 12" نەناوە، وابڕیارە دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بڕی 700 ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا ئەو کاتەی هەمواری بودجە دەکرێت.
پرسی ناردنی 700 ملیارەکە و هەمواری یاسای بودجە جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستانی بردەوە بەغدا، یەكشەممە 07-01-2024 شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە "ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی" لەگەڵ شاندی باڵای عێراق کۆبوونەوە بە مەبەستی چارەسەری کۆتایی لەسەر بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات چوارشەممە 10-1-2024، بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی بودجە دەدرێت، بە بڕوای شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بۆ ئاڤامیدیا قسەی کردووە و دەڵێت: "بەمزووانە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت".
بە گوتەی شێروان دووبەردانی، لەم مانگە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت، ئامانجەکە ئەوەیە ماددەی 11 هەموار بکرێتەوە مووچەی فەرمانبەرانی لە "خەرجیی کردەیی" بگۆڕدرێت بۆ سەر بودجەی حاکیمەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران.
داهات و خەرجیی هەرێمی کوردستان، خاڵیکی دیکەی ناڕوون بووە لە نێوان هەردوولادا، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاڤامیدیا کەوتووە، بڕیارە لەم مانگەدا شاندێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان بکات بۆ ئامادەکردنى راپۆرتى وردبینى خۆى لەبارەى خەرجى و داهاتى شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، راپۆرتەکە بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە رێککەوتی 21-10-2023، خشتەی داهات و خەرجیی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو ئاشکرا کرد، کە داهاتەکەی حەوت تریلیۆن و 918 ملیار و 501 ملیۆن و 23 هەزار و 738 دینار بووە، هاوکات خەرجی هەشت تریلیۆن و 395 ملیار و 501 ملیۆن و 502 هەزار و 638 دینار بووە، وەک بەشێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمی کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق کە لە یاساى بودجەى گشتیدا هاتووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاڤامیدیا کەوتوون، له سەردانی ئەمجارەی شاندى حكومهتى ههرێمی کوردستان بۆ بهغدا یهكێك له داواكارییهكانیان ئهوه بوو كه له كاتى پاكتاوكردنى دارایى ساڵى رابردوو، له نێوان شایسته داراییهكانى حكومهتى ههرێمى كوردستان و ئهو قهرزانهى كه له ماوهى ساڵى رابردوو بۆ ههرێمی کوردستان نێردراوه نهخرێته سهر ساڵى دارایى 2024، چونكه ئهوكات ههرێمى كوردستان كورتهێنانى له بودجهى ساڵى 2024 بۆ دروست دهبێت.
عەبدوڵڵا ئازاد
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 5 خولەک لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی بەشداریی كۆڕبەندی "مێپس 2024" لە دهۆک دەكات
- ببینە و ببیستە
- 20 خولەک لەمەوپێش
بەوێنە؛ کارگهی دروستكردنی جامانە لە هەولێر
- کولتوور
- 41 خولەک لەمەوپێش
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پووتین و سوودانی گفتوگۆ لەبارەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن
- عێراق
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجامی سەرژمێری کاریگەری لەسەر دابەزینی هەژموونی سیاسی کەمینەکان دەبێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
41 خولەک لەمەوپێش
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
16 کاتژمێر لەمەوپێش
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
ئەوەی پێویستە لەبارەی نرخی زێڕ بیزانیت؛ بەپێی پێشبینییەکان دەگاتە چەند؟
18 تشرینی دووەم
- هەواڵ
- 22 کاتژمێر لەمەوپێش
دیمەنی چۆڵبوونی شەقامەکانی شاری هەولێر
- هەواڵ
- 23 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرژمێری له گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر