هۆزە عەرەبەكان بۆچی چاویان لەسەر دێرەزوورە؟

شەیری بکە لە:
هۆزە عەرەبەكان بۆچی چاویان لەسەر دێرەزوورە؟

دیمەنێکی دێرەزوور- وێنە: AFP

ئاڤا نیوز


جارێکی دیکە ژمارەیەک چەکداری هۆزە عەرەبەکان کە نزیکن لە حکومەتی سووریا و ئێران، لە دێرەزوور هێرشیان کردە سەر هێزەکانی هەسەدە، ئەمریکاش بەشداری بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی کرد، لە عێراقیش هێزەکان خرانە ئامادەباشییەوە.


چیرۆکی سەرەکی: بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 07-08-2024، دەیان چەکداری هۆزە عەرەبەکانی سووریا کە سەربە حکومەتی دیمەشق و نزیک لە ئێرانن، دزەیان کردە ناو بەشێک گوند و شارۆچکەکانی دێرەزوور کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دایە و شەڕ لەنێوانیاندا ڕوویدا.


زانیاریی زیاتر: بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو چەکدارانە ویستوویانە دەستبەسەر ژمارەیەک شارۆچکەدا بگرن و ڕووبەڕووی هێزەکانی هەسەدە بوونەتەوە، بەهۆی شەڕەکەوە چەند کەسێک کوژراون و برینداربوون.


چیرۆکی دژایەتی هەسەدە و هۆزەکان

چیرۆکی هەوڵەکانی دزەکردن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە لایەن چەکدارەکانی هۆزە عەرەبەکان کە نزیکن لە تاران و دیمەشق، بۆ نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بەردەوامیی هەبووە، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون و هاوپەیمانی یەکتربوون، هەڵاتوون و چوونەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، لەوکاتەوە دوژمنایەتی خۆیان لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە ڕاگەیاندووە.


هێرشەکەی ئەمجارە چۆن بوو؟
ژمارەیەک گوند و هەریەک لە شارۆچکەکانی زیبان، ئەبو حەمام، گەرانیج، حەواییج، تەیانە و کەشکییە، ئەو ناوچانەن کە چەکدارەکان بە چەکی قورسەوە دزەیان کردە ناوی، لە کاتژمێر 03:30ـی خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 07-08-2024، شەڕ ڕوویداوە و نزیکەی 100 چەکدار دزەیان کردووە، چەندین خاڵی هەسەدە کرانە ئامانج.


بۆ کۆنترڵکردنی دۆخەکە هێزەکانی سووریای دیموکرات قەدەغەی هاتووچۆیان لەناوچەکان ڕاگەیاند و هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان دەستپێکرد، ئاماژەیان بەوەدا چەکدارەکان زۆربەیان کشاونەتەوە و بەشێکیشیان کوژراون.


هێرشەکە کوژراو و برینداری لێکەتووەتەوە
بەپێی زانیارییەکانی ڕەوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی هێرش و شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، سێ چەکداری هۆزە عەرەبەکانی نزیک لە ئێران و سێ هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 10 کەسیش برینداربوون.


هۆزە عەرەبەکان بەڵێنی بەردەوامی دەدەن
دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، سەرۆک هۆزێک بەناوی ئیبراهیم هەفل لە تۆمارێکی دەنگیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە گوتی:"دەستبەرداری چەک نابن و خاکەکە بەجێناهێڵن تا لە هەسەدە ڕزگاری نەکەن ، ئەو هۆزانە بانگەشەی ئەوە دەکەن خاوەن خاکەکەن و لەسەری گەورە بوون و سازشی لەسەر ناکەن".


هەسەدە هێرشەکەی تێکشکاندووە
لەگەڵ هێرشی چەکدارەکان هێزەکانی هەسەدە وەڵامیان داوەتەوە و تێکیانشکاندوون، لەبارەی ڕووداوەکانیش ئەو هێزە ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە:"ئەوانەی هێرشیان کردووە گرووپێکن لە هێزەکانی سوپای سووریا و چەکداری دیکە لە هێزەکانی پاراستنی نیشتمانی، بە تۆپخانە و گولـلە هاوەن هێرشێکی زەمینییان بۆ سەر ناوچەکانی کەناری ڕووباری فورات لە ڕۆژهەڵات دەستپێکردووە، شەڕێکی سەخت ڕوویداوە و هێزەکانیان مافی خۆیان بەکارهێناوە و بە شێوەیەکی یاسایی بەرگرییان لە ناوچەکە و خەڵکەکەی کردووە".


ڕۆڵی ئەمریکا لە تێکشکاندنی هێرشەکە 
دێرەزوور یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی سووریا بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەسەر ئاسمانی پارێزگاکەدا فڕین ئەو خاڵانەیان کردە ئامانج کە چەکداری هۆزە عەرەبەکان تێیدا جێگیر بوون، پاشەکشەیان پێ کراوە، دوای هێوربوونەوەی دۆخەکەش ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە زیاتر ڕێکخستووەتەوە و پێداویستی زیاتری کۆکردووەتەوە.


دێرەزوور چەقی ئاڵۆزییەکانی گرووپەکانی نزیک لە ئێران و هەسەدە 
ڕووبەری پارێزگای دێرەزوور زیاتر لە 33 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و 17.9%ـی ڕووبەری وڵاتەکە پێکدێنێت و دووەم گەورەترین پارێزگای سووریایە لە دوای حومس، ڕووباری فورات ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ئەمریکا لەلایەک و هێزەکانی حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لەلایەکی دیکە جیا دەکاتەوە، بەردەوام گرووپە چەکدارەکان هەوڵی تێکدانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان داوە بۆ ئەوەی دەستبەسەریدا بگرن.


پارێزگاکە بەسەر سێ ناوچەدا دابەش بووە، ئەوانیش دێرەزوور، مەیادین و ئەلبوکەمالن، ئەم ناوچانە دابەشبوون بەسەر چەند شارێکدا لەوانەش دێرەزووری ناوەندی پارێزگاکە، مەیادین، ئەلقوریە، ئەلبوکەمال و هەجین، هەروەها 11 ناحیە لەگەڵ 128 گوند لەخۆ دەگرێت.
ئەمریکا بەردەوام کاروانی ئۆتۆمبێل و شوێنی مانەوەی گرووپە چەکدارەکان و بارەگاکانیان دەکاتە ئامانج و پێیوایە ئەو چەکدارانە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن و دەیانەوێت لە بەرژەوەندییەکانی واشنتن بدەن لە سووریا.


بۆچی چاوەکان لەسەر دێرەزوورن؟
پارێزگای دێرەزوور جگە لە جوگرافیاکەی کانگایەکی گرنگی سامانە سرووشتییەکانی سووریایە و چەندین بیرە نەوتی لێیە کە ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دایە، حکومەتی سووریاش چاوی لەگەڕانەوەیە بۆ ئەو پارێزگا دەوڵەمەندە و دەستی بگاتەوە بەو نەوتەی ساڵانێکی درێژ سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی بوو.


جگە لەم خواستەی حکومەتی سووریا، ئێران هەروەک چۆن چاوی لەوەیە ئەمریکا لە عێراق ناچار بە دەرچوون بکات، هەمان نیازی بۆ نێوخۆی سووریاش هەیە و دەیەوێت لەڕێگەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆی، ئەمریکا لە گۆڕەپانی سووریا دووربخاتەوە، بەڵام واشنتن تووندتر لە هێرشی چەکدارەکان وەڵامیان دەداتەوە و بوونی خۆی بەهێزتر و تۆکمەتر دەکات.


شەڕ لە سووریایە و عێراق کەوتووەتە ئامادەباشییەوە
هەر لەگەڵ سەر‌هەڵدانەوەی شەڕی نێوان هێزەکانی هەسەدە و چەند هۆزێکی عەرەبی، حەمید یاسری، فەرماندەی هێزی ئەنساری مەرجەعیەی حەشدی شەعبی سەر بە حەوزەی نەجەف، لە پەیامێکدا داوای لە چەکدارەکانی لیواکەی کردووە دەستبەجێ بچنە ناو فیرقەکانیانەوە و لە ئامادەباشیدابن، چونکە دۆخی جەزیرەی نەینەوا لە مەترسیدایە.


لەنوێترین هەنگاویشدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دزەکردنی چەکداران لە سووریاوە بۆ عێراق، لەڕێگەی بیابانەکانی نەینەواوە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی ئەمنییان بە بەشداری هێزی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای نەینەوا و سەڵاحەدین و جەزیرە، هێزەکانی پشتیوانی، حەشدی شەعبی  و پاسەوانی سنوور دەستپێکردووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: