نوێترین زانیاریی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركووک

شەیری بکە لە:
نوێترین زانیاریی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركووک

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


24 ڕۆژ بەسەر یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تێپەڕ دەبێت، تاوەكو ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ بەڕێووەچوونی كۆبوونەوەی دووەم و دابەشكردنی پۆستەكان نەنراوە.


وێنە گەورەكە: یەكێتیی لەگەڵ چەند ئەندامێكی عەرەب و توركمان ڕێككەوتنی كردووە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام بەشێكی لایەنە عەرەبییەكان هەڵوێستیان یەكخستووە، كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر ئەو ڕێككەوتنە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی یەكشەممە 04-08-2024 لە سەڵاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر كرد، جەختی لە ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك كردەوە.


بۆچی گرنگە: شەش ڕۆژ وەك وادەی یاسایی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركووك ماوە، گەر لەو ماوەیەدا لایەنەكان لەسەر پۆستەكان ڕێكنەكەون، بەپێی یاسا ئەنجوومەنی پارێزگا شەرعیەتی نامێنێت و بۆشایی یاسایی دروست دەبێت. سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆی پارێزگارێك بۆ كەركووك دادەنێت.


باكگراوند:دوای نزیكەی حەوت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕۆژی چوارشەممە 10-07-2024 یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەن كرا و لایەنەكان ڕێككەوتن لەماوەی مانگێكدا پۆستەكان دیاری بكەن.


عەرەبەكان داوای چییان كردووە؟
لایەنە براوەكانی كەركووك هەڵوێستەكانیان یەكنەخستووە و بەشێكی لایەنە عەرەبەكان داوایانكردووە دووساڵی یەكەم پۆستی پارێزگار لای ئەوان بمێنیتەوە، بەڵام ڕەتكراوەتەوە.
شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی پارتی بە ئاڤا نیوزی گوت: "لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی، لایەنە عەرەبییەكان داوایانكرد دوو ساڵی یەكەم پۆستی پارێزگار لای عەرەب بێت، بەڵام سەرۆك بارزانی ڕەتیكردەوە، چونكە مافی كوردە و ناكرێت بدرێت بە نەتەوەیەكی دیكە."


یەكێتیی: دەمانەوێت پێش كۆتاییهاتنی وادەكە پارێزگار هەڵبژێردرێت
بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە دانشتنێكی دیكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەبچێت، یەكێتیی لەگەڵ كۆتای كرسیتیانەكان، ڕەعد ساڵح لە هاوپەیمانیی قیادە، ئەحمەد حەمدانی لە هاوپەیمانیی عەرەبی و ئەحمەد ڕەمزی لە بەرەی توركمانی ڕێككەوتووە لەسەر ئەوەی پارێزگار دوو ساڵی یەكەم بۆ ئەوان بێت و پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەن بدەن بە ئەحمەد حەمدانی، بەڵام هاوپەیمانی عەرەبی دەیانەوێ هەڵوێستەكانیان یەكبخەن و پێداگری لەسەر هێشتنەوەی پۆستی پارێزگار دەكەن.


ئەحمەد كەركووكی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی یەكێتی بە ئاڤا نیوزی گوت:"دەمانەوێت پێش كۆتایی وادەكە و دانانی پارێزگار لەلایەن سوودانی، ڕێككەوین و حكومەتی خۆجێیی پێك بهێنین بۆ ئەوەش هەنگاومان ناوە."


لەبەرامبەردا سەلوە مەفرەجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هاوپەیمانی عەرەبی بۆ ئاڤا نیوز گوتی:"بۆچوونەكانمان یەكخستووە و پۆستی پارێزگار مافی ئێمەیە."


هاوپەیمانییەكانی عرووبە و قیادە بۆچوونی جیاوازیان هەیە 
قیادە و عرووبە دوو كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیان هەیە، بۆچوونەكەیان بەتەواوەتی لەیەك دوورە.

پێشووتر وەسفی عاسی، سەرۆكی هاپەیمانیی عرووبە لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەدا، بەشێكی لایەنە عەرەبییەكان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان و كۆمپانیاكانیان دەیانەوێ دەستبەرداری پۆستی پارێزگار بن، "ئەگەر ئەوە ڕووبدات شەقامی عەرەبی دەجوڵێنین و خۆپێشاندان دەكەین".


ڕەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هاوپەیمانی قیادە بە ئاڤا نیوزی گوت: "لە كۆتایی ئەم هەفتەیە كۆبوونەوە دەكرێت و گرفتمان لەگەڵ ئەوەدا نییە، كە دوو ساڵی یەكەم پۆستی پارێزگار بۆ كورد بێت."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: