ئێران و ئیسرائیل لە دۆستی دێرینەوە بۆ دوژمنی قەستەسەری یەکتر

شەیری بکە لە:
گرافیکی ئاڤا نیوز

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز 


ئێران و ئیسرائیل ئەو دوو وڵاتەی 45 ساڵە شیر و تیر لەیەک دەسوون لە جەنگێکی ناڕاستەوخۆدان، ئێران بەدروستکردنی هیلالی شیعی و پاڵشتی گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمە و هاندانی گرووپە حاریدییە ئەرسۆدۆکسەکان سەرئێشەی بۆ ئیسرائیل دروستکردووە و ئیسرائیلیش دەستی لە کوشتنی ئەفسەرە پلە باڵاکانی ئێران نەپاراستووە.

 

وێنە گەورەکە: کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لەبەرەبەیانی 31-07 لە تارانی پایتەختی ئێران، گریمانەی هێرشی ئێرانی بۆسەر ئیسرائیل خستووەتە ئان و سات، ئەم دوو وڵاتە پەیوەندییەکی لەمێژینەیان لە دۆستایەتی و دژایەتی بەیەکەوە هەیە.

 

درێژەی ڕاپۆرت...


مێژووی جوو لە ئێران 


ئێران و ئیسرائیل قوڵاییەکی مێژوویی بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، بە گوێرەی سەرچاوە مێژووەییەکان یەکەم کۆچی جووەکان بۆ ئێران 741ـی بەر لە زایین بووە، ئەو کاتەی ئاشوورییەکان قودس داگیر دەکەن، جووەکان وەدەر دەنێن و بەشی زۆریان دوور دەخرێنەوە بۆ ئێران، جووەکان بە سێ قۆناغ لە قودسەوە پەراگەندەی جیهان دەکرێن.

 

ئەو مێژووە پتر لە دوو هەزار ساڵەیە جووەکان تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئێرانی دەکات، ئەوان جووە حاریدییە ئەرسۆدۆکسەکانن، پابەندییەکی زۆریان بە یاساکانی ناو تەورات هەیە و کۆمەڵگەیەکن دوورن لە دونیای مۆدێرن و بەتەواوی داخراون.

 

شوێنی پیرۆزی جووەکان لە ئێران


جووەکان لە ئێران چەندین مەزاری پیرۆزی وەک دانیالی نەبی لە شووش و حەبەقوق نەبییان هەیە، جگە لەوە دەیان پەرستگای وەک ئابریشامی و زاگاریان و دەیان قوتابخانەیان لە تاران هەیە، ئەمڕۆ لە کۆی 89 ملیۆن دانیشتووی ئێران، نۆ هەزار جوو دەژین، دەیان سەنتەر و کنێست (شوێنی ئاینی جووەکان) لە ئێران هەیە. جووەکانی ئێران هاوشان لەگەڵ کۆمەڵگەی حاریدی جوو لە نیۆیۆرک دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلن و پاڵپشتی فەڵەستینییەکان دەکەن.

 

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل 


ڕۆژی 14ـی ئاداری 1948، داود بنگۆریۆن لە پەرلەمان دەوڵەتی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ساڵێک دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 28ـی ئاداری 1949 ئێران دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیل نا، ئێران بوو بە دووەم وڵاتی ئیسلامی دوای تورکیا دانینابێت بە دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەو پەیوەندییە 31 ساڵ بەردەوام بوو، ساڵی 1979 ئەو کاتەی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران دروست دەبێت، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە دۆستی دێرینەوە دەگۆڕێت بۆ دوژمنی قەستەسەری یەک.

 

شۆڕشی ئیسلامی و بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕش

 

ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 3ـی کانوونی یەکەمی 1979 ڕادەگەیێنرێت، یەکەم هەنگاوی دژایەتی دەربڕین دەبێت بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا، لەهەر بستەزەمینێکی ئەم جیهانە شیعە هەبێت ئێران گرووپی چەکداری بۆ دروست دەکات و پاڵپشتی دەکات، دەیان ساڵە حیزبوڵڵای لوبنان لەبەردەم لووتی ئیسرائیل قووت کردووەتەوە و شەڕی بەوەکالەت بۆ ئێران دەکات، هاوکات ئێران پاڵپشتی زۆری حاریدییە ئەرسۆدۆکسەکانی ئێران و نیۆرۆک دەکات و بەردەوام دژایەتی ئەو جووانە بۆ ئیسرائیل زەق دەکاتەوە، ئەمڕۆ ئێران پاڵپشتی بێ چەند و چوونی ئەو گرووپە شیعی و سوننانەیە کە دژی ئیسرائیل لە جەنگدان.

 

بەهاری عەرەبی و تەواوکردنی هیلالی شیعی

 

سەرەتای ساڵی 2011 ئەو کاتەی بەهاری عەرەبی ناوچەکە دەگرێتەوە، سووریا یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەیگرێتەوە، ئێران بۆ پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد و دەسەڵاتەکانی سەدان ڕاوێژکاری سەربازی دەنێرێتە سووریا، ئەمە هەنگاوێکی کردەیی خێرا دەبێت بۆ تەواوکردنی ئەو هیلالەی ئێران لەپلانی بوو تەواوی بکات، ئیسرائیل بۆ بەرگرتن لە گەشەسەندنی تواناکانی ئێران، سووریای کردە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ململانێیەکانی لەگەڵ ئێران، ڕۆژی یەکی نیسانی ئەمساڵ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و دوو فەرماندە و پێنج ڕاوێژکاری ئەفسەری سوپای پاسدارانی کوشت، هێندە نا دوو ساڵ پێشتر زانای ئەتۆمی موحسین فەخریزادەی کوشت و دواترینیشیان کوشتنی ئیسماعیل هەنیە بوو، هێشتا نازانرێت کردەی کوشتنی دواهەمینیان دەبێتە جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ