گرافیکی ئاڤا نیوز
ئاڤا نیوز
زەینەب مچوو بەرەكات، كچێكی ڕزگاربووی دەستی داعشە و لەگەڵ هێرشی ئەو ڕێكخراوە بۆ سەر شنگال، هاوشێوەی هەزاران كەسی دیكە دەستگیركران، بۆ ئاڤا نیوز باسی چیرۆكی ژیانی ژێردەستی داعش و ڕزگاربوونی دەكات.
وێنە گەورەكە: لە هێرشی 03-08-2014ـی داعش بۆ سەر شنگال شەش هەزار و 417 كەس لەلایەن چەكدارانی ئەو ڕێكخراوەوە دەستگیركران، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 596 ڕزگاركراون و دوو هەزار و 599 كەسیش ماون.
چیرۆكی سەرەكی: زەینەب شەوی دوو لەسەر سێی ئاب وەكو هەموو خەڵكی دیكەی شنگال بە دڵێكی پڕ هیوا و خەونی گەورەوە خەوت، بەڵام بەیانی ڕۆژی سێی مانگ ڕێگەی تەواوی ژیانی گۆڕی و چاوی بەسەر تاریكییەكدا هەڵهێنا كە جگە لە كوشتن و بڕین بڕوایان بە هیچ نەبوو، كەوتە دەستی داعش و ئیتر ئەو خەندە و پێكەنینەی بەجارێك بۆ گریان و شینی بەردەوام گۆڕا.
ساتی هێرشی داعش
زەینەب خەڵکی گوندی وەردێی سەر بە قەزای شنگالە و كاتێك ئەم كارەساتە بەسەریدا هات تەمەنی 14 ساڵ بوو لەگەڵ هێرشەكەی داعش ئەو لەگەڵ 150 دانیشتووانی گوندەكەی دەستگیركران، بە بارهەڵگر گوازرانەوە بۆ شنگال و دواتریش بەشكران و هەر بەشێكیان بۆ ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتیان بردن.
دەستگیركردنی زەینەب و خێزانەكەی
لەگەڵ زەینەب خێزانەكەشی دەستگیركران كە لەگەڵ دایك و باوك سێ خوش و چوار برا و دوو براژن و سێ منداڵیان پێكەوە كەوتنە دەستی داعش و تەنیا برایەك و خوشكێكی ڕزگاریان ببوو، ئەوان هەمووان پێكەوە برانە بەعاج و لەوێشەوە بۆ كۆمەڵگەی ڕیسالەی سەر بەو قەزایە و ئیتر لەوێ وەك زیندانی لە ماڵێكدا هێڵرانەوە و بۆ ماوەی ساڵێك و حەوت مانگ بەو شێوەیە ژیاون.
ژیانی ژێردەستی داعش
وەك ئەو باسی دەكات داعش ژیانێكی هاوشێوەی دۆزەخی بۆ دروست كردبوون و لە هەموو ئازادییەكانی پێشوویان دابڕێنراوبوون و وەك خزمەتكار كاریان پێكردوون، چەكدارانی داعش هەوڵیانداوە زەینەب وەك بەشێكی زۆری كچانی ئێزدی بۆ خۆیان ببەن، بەڵام زەینەب پێش ئەوە بە چەكدارانی گوتبوو" من كچ نیم و هاوسەرگیریم كردووە". بۆیە وازیان لێهێناوە و ڕێگەیان داوە لەگەڵ خانەوادەكەی لە ماڵێكدا لەژێر چاودێری ئەواندا بن، داعش ئەوانی ئازارداوە و هەر شتێكیان بەدڵی چەكدارەكان نەبووایە ئەشكەنجەیان دەدان.
ژیانی ڕۆژانە و ئێش و ئازارەكانیان
بەپێی قسەی زەینەب، ساڵێك و حەوت مانگ ئەوان كارەبایان نەبینیوە و خواردنێكی خۆشیان نەخواردووە جگە لە خراپی و كەمی خواردنی ڕۆژانە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی لەدەستی داعش دابوون یەكجاریش گۆشت و میوەیەكیان نەخواردووە.
جگە لەمەش نەهامەتییەكانیان بە جۆرێك بووە گریان بەشی سەرەكی ڕۆژانەی ئەو خێزانە بووە و بەهۆی گریانی ڕۆژانە و ئەو دۆخەی ئەوان تێیدابوون، دایكی زەینەب چاوەكانی لەدەستداوە و برایەكیشی كە لەتەمەنێكی بچووكدا بووە لەتاو لێدان و ئەشكەنجەوە تووشی بیرچوونەوە بووە، خۆشی تووشی چەندین نەخۆشی بووە ئێستاش كە 10 ساڵە بەردەوام دەچێتە لای پزیشكی دەروونی، دوای ڕزگاربوونیش بۆ ماوەی مانگ و نیوێك چارەسەری پزیشكی وەرگرتووە، چونكە لە دۆخێكی خراپی تەندروستی دابووە.
چۆنیەتی ڕزگاربوون
پلانێك لەلایەن نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی دەستی داعشی دانراوە و توانراوە لەڕێگەی پارەدان ڕێگەیەك بۆ ڕزگاركردنی ئەو خێزانە بدۆزنەوە و كاتژمێر 03:30 خولەكی بەرەبەیانی ڕۆژی 04-03-2016، زەینەب و خێزانەكەی ڕایانكردووە چوونەتە ڕۆژئاوای كوردستان، لە ڕێگادا جگە لەترس ئەوان لە پشتی ئۆتۆمبێلێكی پیكابدابوون تاوەكو گەیشتوونەتە نێو خاكی سووریا لەژێر باران و سەرما بوون، لەوێشەوە بۆ خانەسوور و سنوونێ و دواتر گەڕاندنەوەیان بۆ پارێزگای دهۆك.
لەتاریكی داعشەوە بۆ دووبارە دەستپێكردنی ژیانێكی ئازاد
زەینەب ئێستا تەمەنی 25 ساڵە و لە كەمپی شاریا نیشتەجێن و وێڕای ئەوەی نەگەڕاونەتەوە ژیانی پێش ڕووداوەكانی سێی ئاب، بەڵام دڵخۆشە بەوەی لەنێو خێزانەكەیدایە و بە براو و خوشكی شادبوونەتەوە و وەك خێزانەكی بەختەوەر لەسایەی ئارامی و نێو خێزان و خەڵكی خۆیاندا ژیان بەسەر دەبەن، ئەو ئێستا توانیویەتی ببێتە یەكێك لە چالاكوانان و بەرگری لە مافی قوربانیانی كوردانی ئێزدی و ڕزگاربووان بكات، وەك زەینەب دەڵێت، ئێمە تووشی كارەساتێكی زۆر گەورە و دڕندانە بووین، بەڵام لەناونەچووین و بەهێزی ماینەوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 29 خولەک لەمەوپێش
ئیمارات ژمارەیەک دەرفەتی خوێندنی بەخۆڕایی ڕادەگەیەنێت
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پێنتاگۆن: هێزەکانمان لە عێراق نزیکەی 80 هێرشیان کراوەتە سەر
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
21 تشرینی دووەم
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
21 تشرینی دووەم
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
20 تشرینی دووەم
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی دووەم
وردەکاریی پرۆسەی سەرژمێری؛ چ پرسیارێک دەکرێت؟