چی بەسەر گوێچكەی ڤان كوخ دا هات؟

شەیری بکە لە:
چی بەسەر گوێچكەی ڤان كوخ دا هات؟

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

بە نزیكەیی هەموو كەسێك چیرۆكی گوێچكە بڕینەكەی وێنەكێشی بەنێوبانگی جیهانی ڤان كوخی بیستووە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری خەڵك ئەم چیرۆكەیان بە هەڵە بیستووە، لەم ڕاپۆرتەدا ڕاستی چیرۆكەكەتان بۆ دەگێڕینەوە.

 

چیرۆكی سەرەكی: چیرۆكە باوەكە ئەوەیە، ڤان كوخ، خانمێكی زۆر خۆشدەوێت، زۆر پەیامی بۆ دەنێرێت كە ڕازی ببێت بە خۆشەویستییەكەی، بەڵام خانمەكە هیچ وەڵامێكی ناداتەوە، ڕۆژێك خانمەكە نامەیەك بۆ ڤان كوخ دەنێرێت و دەنووسێت، ئەگەر بەڕاستی تۆ منت خۆشدەوێت گوێچكەیەكی خۆتم بۆ بنێرە، ڤان كوخ بە بێ گوێدانە هیچ شتێك گوێچكەی خۆی بۆ دەبڕێت و بۆی دەنێرێت، خانمەكەش كە ئەم گوێچكەیە دەبینێت باوەڕ بە خۆشەویستییەكەی ڤان دەهێنێت و دەڕوات بۆ لای بەڵام تادەگاتە لای، ڤان دەمرێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ڕاستیدا ئەم چیرۆكە هیچ ڕاست نییە، تەنیا نووسراوی هەڵبەستراون بە چیرۆكی ژیانی ڤان كوخەوە.

 

هەموو شتێك دەربارەی ڤان كوخ
شەوی 23ی كانوونی دووەمی ساڵی 1888 ڤان كوخ لە بەر خراپی دۆخی دەروونیی و ئازارەكانی خۆیدا، گوێچكەی خۆی دەبڕێت، ئیتر چیرۆكەكە لێرەوە دەستپێدەكات، دوای بڕینی گوێچكەی هیچ شتێك وەك خۆی نامێنێتەوە، ئەوەی كە بەڕاستی پشتڕاستكراوەتەوە ڤان كوخ كوێچكەی خۆی بڕیوە و دواتر هەرشتێك دەگوترێت تەنیا "خورافیاتە".

 

بەدواداچوونی ورد
ماڵپەڕی بێركلیلی لایبلەری، كە ماڵپەڕێكی زانستییە و بەدواداچوون بۆ بابەتی هونەری و زانستی دەكات، لە ڕۆژی28ی نۆڤەمبەری 2019 لێكۆڵینەوەیەكی ورد بڵاودەكاتەوە كە چەندین كەس تێیدا بەشداریان كردووە، ئایا گوێچكەی ڤان كوخ چی لێهات و بەرەو كوێ ڕۆشت و دروستی ڕووداوەكە چۆنە.

 

قسەی ورد هەیە
بێرنادێت مێرفی، مێژوونووسی هونەری ئێرلەندی لە چاوپێكەوتنێكی ئەم دواییەدا دەڵێت: "كاتێك دەستم كرد بە لێكۆڵینەوە لە ڤینسێنت ڤان كوخ، هیچ شتێك مانای نەبوو لە نوسینەكاندا ، ناتەبایی هەبوو، لە هەموو كتێبێكدا هەموویان یەك شتیان دەگوت، دووبارەی یەكتر بوون، ئیتر بڕیارمدا بەدوای ئەم ڕووداوەدا بڕۆم و بزانم هەر بەراستی ڕووداوەكە چییە و چۆن بووە.

مێرفی ڕۆشتە كتێبخانەی بانكرۆفت،لە ساڵی 2010 بە یارمەتی دەیڤید كیسلەر ئەرشیفیستەكەی بانكرۆفت، كە ئێستا خانەنشین بووە، مێرفی لێكۆڵینەوەیكی  مێژوویی ئەنجامدا، دۆزینەوەیەك كە دەیان ساڵە مشتومڕەكانی سەبارەت بە زیانگەیاندن بە ڤان كوخ لەو شەوەدا یەكلاییكردەوە. شەش ساڵی بە لێكۆڵینەوە و بنیاتنانی ئارگیومێنتەكەی بەسەر برد،  پاشان پەڕتووكی گوێی ڤان كۆخ  لە ساڵی 2016 دا بڵاوكردەوە.

 

هەموو گوێچكەكەی بڕی؟

تا ئەم دواییانە مێژوونووسان بەو ئەنجامە گەیشتبوون، ڤان تەنیا لوولەی  گوێچكەكەی بڕیوە، بێ دوو دڵی دەركەوت "هونەرمەندی فەرەنسی پاوڵ سیگناك كە دوای ماوەیەكی كەم لە ڕووداوەكە سەردانی ڤانی كردبوو لە نەخۆشخانە، لە نامەیەكدا نووسیبووی كە ڤان "هەموو گوێی نەبڕیوە".بەڵام لە وێنەگرتنەكاندا، ڤان كوخ بە سەری پێچراوەوە دەركەوتووە، وە لە نامەكانیدا ڤان كوخ باسی بەسەربردنی چەند هەفتەیەك لە نەخۆشخانە دەكات بۆ چاكبوونەوە لە تا و هەوكردن.

 

ئاماژەیەكی گرنگ دۆزرایەوە

لە مۆزەخانەی ڤان كوخ ، لە ئەمستردام، مێرفی ئاماژەیەكی گرنگی دۆزییەوە: "نامەیەكی ساڵی 1955 كە ئاماژەی بە دیاگرامێكی برینە ئەسڵیەكەی ڤان كوخ كردبوو، كە لەلایەن فێلیكس ڕی، ئەو پزیشكەی چارەسەری كردبوو، كێشرابوو. بەپێی نامەكە، دیاگرامەكە لەلایەن ژیاننامەنووس ئیرڤینگ ستۆنەوە بووە.

كیسلەر یاداشتەكەی پزیشكەكەی دۆزیەوە، كە لە نیوەدا چەمابووەوە، لەناوسندوقێكدا شاردرابووەوە كە بڕین و پاشماوەی سەیر و سەمەرەی دیكەی تێدابوو.

وێنەی پزیشكەكە بڕینێكی ڕوون لە سەرانسەری بنەمای گوێچكەدا نیشان دەدات، ڤان كوخ هەموو گوێچكەی بڕیبوو، تەنیا پارچەیەك لە لوولەكەی بەجێهێشتبوو.

مێرفی دەڵێت " كاتێك بۆ یەكەمجار وێنەكێشانەكەم بینی، تەقیمەوە و گریام "بیرم كردەوە، لەناكاو، 'ئەی خوایە گیان - بەڕاستی ئەو كارەی كردووە".

 


گوێچكەكە دراوە بە پاككەرەوەیەك

بۆ ماوەیەكی زۆر چیرۆكی ناڕاست هەبوو، كە ڤان كوخ  ئەو گوێچكە خوێناوییەی بە دیاری بەخشیوە بە ژنێك كە "لەشفرۆش"ێك بوو لە شاری ئارلز لە باشووری فەرەنسا، لە دەرەوەی ئەو شوێنەی ئەو ژنە كاری تێدا دەكرد، گوێی بە ژنەكە داوە و بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامە ناوخۆییەكان پێی گوتووە "ئەم كەرەستە بە وریاییەوە هەڵبگرە." ژنەكە ترساوە و لە شوێنی خۆیدا بێهۆش بووە، دواتر تووشی زەبرو زەنگی دەروونی بووە.

 

مێرفی لێكۆڵینەوە دەكات

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی مێرفی، ئەو ژنە لەشفرۆش نەبووە، بەڵكو پاككەرەوە بووە، هەروەها ڕاپۆرتێكی هەواڵی ئاشكرا كرد كە دەڵێت وەرگری گوێچكەكە ناوی گابی بووە. مێرفی ژنێكی بە ناوی گابرێل دۆزییەوە، بەڵام ئەو كاتە تەمەنی تەنیا 18 ساڵ بوو، زۆر گەنج بوو بۆ ئەوەی ببێتە لەشفرۆشێكی تۆماركراو.

 

بەدوایدا دەڕۆن

مێرفی شوێنپێی نەوەكانی گابی كەوت، گەیشت بەو ڕاستییەی  كە لە ڕاستیدا گابی وەك خزمەتكارێك لە خانەكەدا كاری كردووە بۆ ئەوەی پارەی تێچووی پزیشكی بداتەوە دوای پێوەدانی سەگێك كە تووشی هاریی كردووە. هەروەها گابی لە كافێیەكدا كاردەكات كە ڤان كوخ بە بەردەوامی سەردانی دەكرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەكی نزیكتر لە نێوان ئەو دوانەدا.

 

ڤان كوخ لە شووقەكەی دەركرا

لە شوباتی ساڵی 1889 - دوو مانگ دوای بڕینی گوێی - دراوسێكانی ڤان كوخ لە ئارلێس داواكارییەكیان دەستپێكرد بۆ ئەوەی ئەو هونەرمەندە لە ماڵ و ستۆدیۆكەی دووربخرێتەوە.


دەرئەنجام
هەموو ئەو چیرۆكانەی كە بیستراون دەربارەی ئەوەی كە ڤان كوخ گوێچكەی بۆ كچێك بڕیوە لەپێناو خۆشەویستیدا هەمووی ناڕاست بوون و ڕاستییەكە ئەوەیە، تەنیا وابەستەبوونێك بووە و هیچ خۆشەویستییەكی خەیاڵی بوونی نەبووە، لەگەڵ ئەوەی ڤان كوخ باری دەروونی زۆر زۆر خراپ بووە و تووشی نەخۆشییەكی دەروونی زۆر قوڵ بووە و ترس و تۆقاندنێكی زۆر لەناخیدا هەبووە، هۆكاری سەرەكی ڕووداوەكەش هێشتا نەزانراوە، بەڵام هەموو ئەوانەی كە بیستراون ئەمە ڕاستترینیانە.

 

ڤان كوخ كێیە

ڤینسێنت ڤان كۆخ نیگاركێشێكی هۆڵەندییە، لە 30/3/1853 لە هۆڵەندا لە دایك بووە، باوكی قەشە بووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ژیانی دروست كردووە و وای كردووە پەروەردەیەكی ئایینی و نموونەیی هەبێت، كە دواتر ئەم پەروەردەیە لەسەر ژیانی واقیعیی ڤان كۆخ ڕەنگی دایەوە.

سەرەتای كاركردنی ڤان كۆخ لەگەڵ مامیدا بوو، لە دامەزراوەیەكی بازرگانیی هونەری. ماوەیەك لە لقی لاهای ئەو دامەزراوەیە مایەوە، پاشان چووە لقی لەندەنی ئەو ڕێكخراوە. لە لەندەدن خانمێكی بە ناوی ئۆرسۆلا لۆیەر ناسیی، كە پێی سەرسام بوو و خۆشەویستیی خۆی بۆ دەربڕی، بەڵام خانمە ئینگلیزەكە ڤان كۆخی ڕەت كردەوە.

 

ڤان كۆخ ساڵیكی پڕ لە نەهامەتی و باری دارایی خراپی بەسەر برد

دوای ئەم ڕووداوە، ڤان كۆخ ساڵیكی پڕ لە نەهامەتی و باری دارایی خراپی بەسەر برد، پاشان پەیوەندیی كرد بە خوێندنگەیەكی خوێندنی هونەر كە تیۆی برای یارمەتیی دارایی دەدا. لەو ماوەیەدا ڤان كۆخ كچێكی بە ناوی كی ناسیی، كەوتە داوی خۆشەویستییەوە، بەڵام دیسان ئەم خاتوونەش ڤان كۆخی ڕەت كردەوە، ئەمەش گەورەترین نسكۆی ژیانی بوو. 

لە ژیانی هونەرییدا، ڤان كۆخ گرنگییەكی زۆری بە جووتیارەكان دەدا و زۆرینەی كارەكانی باسی ژیان و وردەكارییەكانی ژیانیان بووە.
ساڵی 1887 لە پاریس قۆناغێكی نوێ بوو لە ژیانی ڤان كۆخ وەك هونەرمەندێك، بەڵام دیسان ساڵیكی شكستهێن بوو بۆی لە ڕووی سۆزداری و جەستەییەوە، ڤان كۆخ بڕیاری‌ دا لەگەڵ تیۆی برای بگەڕێتەوە تاكو ژیانی كەمێك باشتر ببێت.

لە ماوەی زستانی خەمهێنەری ساڵی 1887 بۆ 1888 لە پاریس، ڤان كۆخ زیاتر دوودڵ بوو، ڕەنگە ماتەكانیش زیاتر دەستیان بەسەر وێنەكانیدا گرت، دیسان ڤان كۆخ تیۆی برای جێ هێشت.

 

تووشی جۆرێك لە نەخۆشیی دەروونی بوو

لە 23ی كانوونی یەكەمی ئەو ساڵەدا، ڤان كۆخ تووشی جۆرێك لە نەخۆشیی دەروونی بوو؛ بە گوێزانێكی ڕیشتاشێن گوێی چەپی خۆی بڕی. كاتێك پۆلیس بەمەی زانی، ڕاستەوخۆ ڤان كۆخ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

کۆچی دوایی کرد

ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە، بەرواری 27/7/1890، ڤینسێنت ڤان كۆخ دەمانچەیەكی لەگەڵ خۆی برد و چووە ناو یەكێك لە كێڵگەكانی نزیك پاریس، لەوێ فیشەكێكی بە سەر دڵی خۆیەوە نا. بەڵام لەوێدا نەمرد بەرەبەیانی 29ی هەمان مانگی ساڵی 1890، ڤان كۆخ كۆچی دوایی كرد.
 كڵێسای كاسۆلیكیی ئپفێرس ڕەتی كردەوە ڕێگە بدات ڤان كۆخ بە خاك بسپێردرێت، لەبەر ئەوەی خۆی كوشتووە. بەڵام شارەوانی شاری مێری ڕازی بوو بە بەخاكسپاردنی ڤان كۆخ لە شارەكەیاندا.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: