دیارترین سەرکردەكانی حەماس کە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون

شەیری بکە لە:
دیارترین سەرکردەكانی حەماس کە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون

بەشێک لە سەرکردە کوژراوەکانی حەماس

ئاڤا نیوز

 

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ئیسرائیل چه‌ندین سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی كردووه‌ته‌ ئامانج و به‌شێكیانی كوشتووە.


وێنە گەورەکە: ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی و دیارترین کەسایەتی سیاسی ناو بزووتنەوەی حه‌ماس بە مووشەکێکی ئیسرائیلی به‌ره‌به‌یانی  31 ی ته‌مموزی 2024 له‌ شوێنی نیشتەجێبوونی له‌تارانی پایته‌ختی ئێران کرایە ئامانج و خۆی و پاسەوانێکی کوژران .

 


ڕاگه‌یێنراوی فه‌رمی: بزووتنەوەی حەماس بەرەبەیانی 31 ته‌مموزی 2024 هەواڵی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی ڕاگەیاند و ئاشكرایكرد ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی  بەرەو دەوحەی پایتەختی قەتەر دەگوازرێتەوە و ڕۆژی دواتر لە مزگەوتی ئیمام محەمەد بن عەبدولوەهاب دوای نوێژی هەینی، نوێژی مردووی لەسەر دەکرێت پاشان لە گۆڕستانی لە لوسیل بەخاک دەسپێردرێت.

 

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیزانیت: ئیسرائیل له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی بزووتنەوەی حه‌ماسه‌وه‌ له‌  1987 دا سەرکردەکانی دەکاتە ئامانج، لە نێو فەلەستین و لە دەرەوەیدا و دیارترین سەرکردەکانیش ئه‌مانه‌ن :

 
سەڵاح شه‌حاته‌:
 لە شوباتی ساڵی 1952 لە کەمپی پەنابەرانی شاتی لە کەرتی غەززە لە دایک بووه‌، بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی لیواکانی قەسسام دادەنرێت، یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس بوو، لە تەمموزی 2002دا، به‌هێرشێکی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی  له‌شاری غەززە كوژرا، له‌گه‌ڵ 18 کەسی دیكه‌ له‌خانه‌واده‌كه‌ی دیارترینیان هاوسەرەکەی بوو.


شێخ ئەحمەد یاسین :
لە ساڵی 1938 لەدایکبووە ، لە ساڵی 1988 بووە سەرۆکی ڕێکخراوی حەماس، لە 22ی ئازاری  2004 دا به‌سێ موشه‌ك له‌هێلیکۆپتەرێكی ئیسرائیلییەوه‌ كرایه‌ ئامانج و كوژرا.


عەبدولعەزیز ڕه‌نتیسی :
دوای شێخ یاسین لە 22ی ئازاری 2004 سەرکردایەتی بزووتنەوەکەی گرتە ئەستۆ، دوای کەمتر لە مانگێک له‌ دەستبەکاربوونی ، لە 17ی نیسانی 2004، به‌ مووشەکێک له‌کۆپتەرێکی ئیسرائیلیه‌وه‌  ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکەی کرا لە شاری غەززە كوژرا.


نزار ڕایان :
یەکێک بوو لە سەرکردە سیاسی و سەربازییە باڵاکانی حەماس، لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2009 به‌مووشه‌كێكی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر ماڵەکەی لە کەمپی جەبەلیا لە باکووری کەرتی غەززە كوژرا .


ئەحمەد جەعبه‌ری :
لە ساڵی 1960 لە کەرتی غەززە لەدایک بووە، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2012 لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی لە شاری غەززە کوژرا.


ساڵح عاڕوری :
لە ساڵی 1966 لە شارۆچکەی ئاڕورا لە نزیک شاری ڕامەڵڵا لەدایک بووە، لە سه‌ره‌تای 2024 دا لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی کە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی نووسینگەی حەماسی لەبه‌یروتی پایتەختی لوبنان کردە ئامانج، کوژرا.

 

ئەیمەن نۆفه‌ل :
یەکێکبوو لە دیارترین سەرکردە ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکانی بزووتنەوەی حەماس، لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023 بەهێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی لە کەمپی پەنابەرانی به‌ریج لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەدا کوژرا.

 
جەمیلە شه‌نتی :
لە ساڵی 1957 لە کەمپی پەنابەرانی جەبەلیای فەلەستینی لە باکووری کەرتی غەززە لە دایکبووە، یەکەم سه‌ركرده‌ی ژن بوو لە مەکتەبی سیاسی حەماسدا، لە ساڵی 2013 وەک وەزیری ژنان لە حکومەتی حەماس له‌ کەرتی غەززە ده‌ستبه‌كاربوو، لە هەڵمەتێکی ئیسرائیلیدا لە 18ی تشرینی یەکەمی 2023 كه‌ ماڵەکەی لە شاری غەززە کوژرا.

 

ڕائید عەتار :
 ڕۆژی 21ی ئابی 2014 لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە ماڵەکەی لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کردە ئامانج کوژرا.

 

ئیسماعیل هەنییە :
لە ساڵی 2007ەوە وەک سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە کاری کردووە و لە ساڵی 2021دا  بۆ دووەمجار لەسەریەک وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس هەڵبژێردرایەوە، له‌ 31 ته‌مموزی 2024 دا لە تارانی پایتەختی ئێران كوژرا.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: