41 ساڵ بەسەر ئەنفالی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت

شەیری بکە لە:
گرافیکی ئاڤا نیوز

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی ئەنفالی بارزانییەکانە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەشت هەزار بارزانی ئەنفال کران و تاوەکو ئێستاش ڕووفاتی هەموویان نەدۆزراوەتەوە، حکومەتی عێراقیش قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی نەکردووەتەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: لە ڕێککەوتی 31-07-1983 و 41 ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، ڕژێمی بەعس لە هەڵمەتێکدا هەشت هەزار بارزانی لە مێردمنداڵ، گه‌نج، پياو و پير لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی قوشتەپە، بەحرکە، دیانە و هەریر دەستبەسەر کرد و بۆ بیابانەکانی خوارووی عێراق گواستەوە و زیندەبەچاڵیانی کرد.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: وێرای ئەوەی تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان لە عێراق بە جینۆساید ناسێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ قەرەبوویەکی کەسوکاری قوربانییەکانی نەکردووەتەوە، وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بۆ قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان بەردەوام دەبن.

 

ژمارەکان وادەڵێن: بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا بە سێ قۆناغی ڕووفاتی بارزانییەکان هێنراونەتەوە، قۆناغی یەکەم ساڵی 2005، قۆناغی دووەم ساڵی 2014 و قۆناغی سێیەم ساڵی 2022 بوو، تاوەکو ئێستا تەنیا ڕووفاتی 696 ئەنفالکراوی بارزانی گەڕێنراونەتەوە. 

 

درێژەی ڕاپۆرت...


وێڕای ئەوەی 41 ساڵ تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا برینی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالی بارزانییەکان ساڕێژ نەبووە و دەیان ڕووفاتی قوربانییان لە بیابانەکان ماون و نەگەڕێنراونەتەوە و ساڵانەش لەو یادەدا كار و پیشه‌ی ده‌یان ژنی ناوچەی بارزان هه‌ڵڕشتنی فرمێسكه‌كانیانه‌ به‌ دیار ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ی له‌ ئه‌بوغرێب بۆیان هاتووەته‌ و داوای گەڕاندنەوەی ڕووفاتی سەرجەم قوربانییانە بۆ زێدی خۆیان و دووبارە بەخاکسپاردنیان.

 

ئەنفالی بارزانییەکان چۆن دەستیپێکرد؟


سەرەتای شاڵاوەکانی  ئەنفال دژ بە هەشت هەزار بارزانی دەستیپێکرد، ڕژێمی بەعس لە دەستپێکی تاوانەکەیدا بارزانییەکانی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی نیشتەجێکرد و دواتریش لە بەرەبەیانی ڕۆژی 31-07-1983، لە شاڵاوێکی 12 ڕۆژەدا و بە سێ قۆناغ گاردی ماریی عێراق دەستی دایە هه‌ڵمه‌تێكى ڕه‌شبگيری بارزانییەکان و هەشت هەزار کەس لە پیاوی پیر و گەنج، هەر لە تەمەنی 9 ساڵی هەتا 90 ساڵی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی قوشتەپە، بەحرکە، دیانە و هەریر بەشێوەیەكی نامرۆڤانە بۆ بیابان و زیندانەکانی باشووری عێراقی گواستنەوە و  بە دڕندەیی كۆمەڵكوژی كردن.

 

حکومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکانی نەکردووەتەوە


کۆمەڵکوژی بارزانییەکان تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە، هەر ئەمەش وای کردووە لە 03-05-2011 شانبەشانی تاوانەکانی دیکەی وەک ڕاگواستنی زۆرەملێی کوردانی فەیلی و هەشت قۆناغەکەی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، تاوانی کوشتن و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکانیش لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بە تاوانی جینۆساید بناسێرنێت، لەو بارەیەوە ئەیاد کاکەیی، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی شاڵاوەکانی ئەنفال بۆ ئاڤا نیوز گوتی: ئێمە لە عێراق چەند یاسایەکمان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی ڕژێم، بەفەرمی دوو تاوانی بەرامبەر بارزانییەکان بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێنراون ئەوانیش ڕاگواستنی زۆرەملێ و بێسەروشوێنکردنیان، بەڵام حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک دەستی بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبردووە و هیچ هەنگاوێکی لەو بارەیەوە نەناوە.

 

هێشتا بەشێکی زۆری ڕووفاتی بارزانییەکان لە بیابانەکان ماون


بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان، تاوەکو ئێستا سێ قۆناغی هێنانەوەی ڕووفاتی بارزانییەکان هەبووە، ئەوانیش قۆناغی یەکەم ساڵی 2005 بوو کە 503 ڕووفات، قۆناغی دووەم ساڵی 2014 بوو کە 93 ڕووفات و قۆناغی سێیەم ساڵی 2022 بوو تێیدا 100 ڕووفات گەڕێنرانەوە، بەمەش تەنیا ڕووفاتی 696 ئەنفالکراو هێنراوەتەوە، هێشتا ڕووفاتی زیاتر لە حەوت هەزار بارزانی لە خوارووی عێراق ماون.

 

هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوە ڕووفاتەکان بەردەوامن


وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وێڕای بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکان، تاوەکو ئێستا عێراق بەرپرسیاریەتی یاسایی هەڵنەگرتووە و داوای لێبووردن و قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و بارزانییەکانی نەکردۆتەوە، ئەوان وەک وەزارەتی شەهیدان لەسەر هەوڵەکانیان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و گەڕان و هەڵدانەوەی گۆڕەکان و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی قوربانییان بۆ زێدی باو باپیرانیان بەردەوام دەبن.

 

بارزانییەکان سەرەتای شاڵاوی ئەنفال بوون


ئەنفالی بارزانییەکان، دەستپێکی شاڵاوێکی گەورەتری حیزبی بەعس بوو کە بۆ لەناوبردن و قڕکردنی نەتەوەیەک دەستیپێکردبوو و لە نێوان ساڵانی 1980 و 1988 بەڕێوەچوو و چەندین ناوچەی جیاوازی باشووری کوردستانی گرتەوە و تێیدا زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی ئەنفالکران، جگە لەوەش نزیکەی چوار هەزار و 500 گوند و شارۆچکەش ڕووخێنران، سەرجەمی ئەو تاوانانەش بە بەڵگە سەلمێنران و لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگەکانی تاوانباران لە سەرانی بەعس وەک بەڵگە دانپێدانی لەسەر کراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: