ململانێی پێکهاتەکانی کەرکووک بۆ پۆستی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی
- هەواڵ
- 10 کانوونی دووەم
پەیکەری پێشمەرگە
ئاڤا نیوز
پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، بووەتە باسی گەرمی هاووڵاتییان؛ ڕۆژانە لە چایخانە و شوێنە گشتییەکان باس باسی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری شارەکە.
ئەحمەد حەدیدی، هاوڵاتییەکی عەرەبە و ترسی لەدەستدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی هەیە کە زیاتر لە شەش ساڵە لای ئەو پێکهاتەیە. ترس ئەوانیشی گرتووەتەوە و دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت ئەو پۆستە لای خۆمان بمێنێتەوە، ساڵانێکی زۆر لای کورد بوو، هیچ دەسەڵاتێکی بۆ عەرەب نەهێشتبووە، ئەگەر ئەم جارە ئەو پۆستە لا ئێمەش نەمێنێت هیوادارین ئەوەی دێتە سەر کورسییەکە، جیاکاری نەکات".
ئەوەی بووەتە چەقی ململانێی نێوان پێکهاتەکانی کورد و عەرەب، بەرەی تورکمانییە و ئەوانیش ئامانجییان وەرگرتنی کورسییەکەی پارێزگارە، بۆیە هەر لایەنێک ڕازی بێت بە پێدانی کورسییەکەی پارێزگار، تورکمانەکان ڕوو لەو لایەنە دەکات.
هیدایەت فەتحوڵڵا، هاووڵاتیەکی تورکمانە و لەبارەی پۆستی پارێزگاری شارەکەوە دەڵێت: "لە ڕابردوودا ئەو پۆستە لای هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەب بووە چی دەبێت ئەگەر ئەمجارە بە پێکهاتەی تورکمان بدرێت".
داواکاری سەرەکیی تورکمانەکان پۆستی پارێزگارە و پێیانوایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ ڕۆڵێکی لە دابەشکردنی پۆستەکان نابێت. قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی دەڵێت: "خۆمان بە شایستە دەزانین پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرین، چونکە کورد لە پاش ساڵی 2003 تاوەکو 2017 ئەو پۆستەیان لابووە، لەو کاتەوەش پارێزگارێکی عەرەب ئیدارەی شارەکە دەدات. کەرکووک شاری برایەتی و پێکەوەژیانە بۆیە مافمان هەیە لەم قۆناغەدا ئیدارەی ئەم پارێزگایە بدەین".
یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان کە زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، ترسی لە کۆبوونەوەی عەرەب و بەرەی تورکمانی هەیە و ڕێککەوتنیشیان لەگەڵ ئەو لایەنە بە قورس دەبینێت.
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئاسان دەزانێت و دەڵێت: باکگراوندی سیاسی ئێمە، پەیوەستە بە خاک، نەتەوە و ناسنامە. عەلی قەڵایی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک - سەڵاحەدین پێیوایە، کورد، عەرەب و تورکمان سێ باکگراوندی سیاسی جیاوازیان هەیە، بەڵام عەرەب و تورکمان لە رووی باکگراوندی سیاسییەوە لەیەکەوە نزیکن. دەشڵێت: "بۆ تورکمانەکان بابەتەکە کێشەیەکی ئیدارییە و بۆ عەرەبەکانیش عێراقیبوونە".
پێکھاتەی عەرەب کە پێشتر پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان لا بووە، بە تووندی دەستیان بە کورسییەکەی پارێزگارەوە گرتووە، هەموو هەوڵێکیشیان بۆ پاراستنی ئەو پۆستەیە لە بەرژەوەندیی خۆیان، بەڵام "دواجار بڕیاری کۆتایی لای ئەوان نییە".
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سیاسیی عەرەب دەڵێت: "کەرکووک شارێکی جیاوازە لە تەواوی شارەکانی دیکە، چونکە تاوەکو ئێستا متمانەی نەتەوەیی نییە". دەشڵێت: "ئەگەر سەرکردە باڵاکانی عەرەب پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان بە کورد بەخشی، ئەوا دەبێت بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن و شەقامی عەرەبیش لێیان تووڕە دەبێت".
پارتی دیموکراتی کوردستان، گومانی لە ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، سکاڵای لەسەر ئەنجامەکان تۆمار کردووە و دەڵێن: "چاوەڕوانی ئەنجامی سکاڵاکەین".
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی گومانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە و دەڵێت، "ئێستا هیچ لایەک بە تەنها ناتوانێت بڕیار لەسەر کەرکووک بدات و دەبێت ڕێککەوتن بکرێت، پێشووتریش لە یاساکەدا نووسرابوو کە دەبێت ڕێککەوتن بکرێت، واتا بەرنامەکە دیارە کە بەرنامەی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی کەرکووک نییە".
ئاسۆی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک روون نییە و پێ ناچێت بە ئاسانی یەکلایی بکرێتەوە، سەرجەم پێکهاتەکان هەوڵی بە دەستهێنان کورسییەکەی پارێزگار دەدەن، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە "کە هیچ لایەک بێ ئەوی دیکە، ناتوانێت گرێکوێرەکە بکاتەوە و کورسییەکەی پارێزگار مسۆگەر بکات".
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کورد حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسی ئەنجوومەنەکەیان بە دەستهێناوە.
عەبدوڵڵا ئازاد
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 40 خولەک لەمەوپێش
حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی سەرژمێری درێژکردەوە
- بیروڕا
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی وەک باوک و خەمخۆر هۆشداری دا
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
21 تشرینی دووەم
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
21 تشرینی دووەم
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
20 تشرینی دووەم
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- هەواڵ
- 20 تشرینی دووەم
دیمەنی چۆڵبوونی شەقامەکانی شاری هەولێر
- هەواڵ
- 20 تشرینی دووەم
سەرژمێری له گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر