دوو سیناریۆ بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك لە ئارادایە

شەیری بکە لە:
دوو سیناریۆ بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك لە ئارادایە

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز 

 

ئەو 30 ڕۆژەی وەك مۆڵەت بە لایەنە براوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك درابوو بۆ ئەوەی لەسەر دانانی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك بگەنە ڕێككەوتن، نیوەی خەریكە تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتن. ئەندامێكی ئەنجوومەنەكەش دوو سیناریۆ بۆ ئاڤا نیوز ئاشكرا دەكات.


وێنە گەورەكە: زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و دوو هەفتە بەسەر یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە تێپەڕدەبێت، چەند جارێكیش سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەكانی ئەنجوومەنەكە كۆبووەتەوە، بەڵام هێشتا لایەنە براوەكان لەسەر دانانی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگار نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.


بۆچی گرنگە: كورد زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی بەدەستهێناوە، چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگارە، كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەدەستیداوە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئێوارەی ڕۆژی 11-7-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا، دواتر كۆبوونەوەكە هەڵگیرا و لایەنەكان ڕێككەوتن لە ماوەی 30 ڕۆژدا پۆستەكانی پارێزگاكە یەكلایی بكەنەوە.


بەبێ عەرەب و توركمان ناتوانین پارێزگارێكی كوردی سەربەخۆ لە كەركووك هەڵبژێرین
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی چوارشەممە 24-7-2024 سەردانی لێپسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی كرد و هەڵوەستەیان لەسەر چەند پرسێكی هەنووكەیی كرد، لەنێویاندا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك.

بە گوتەی بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەرین "بەبێ عەرەب و توركمان ناتوانین پارێزگارێكی كوردی سەربەخۆ لە كەركووك هەڵبژێرین، بە ڕێككەوتن بە تەنیا لەگەڵ لایەنێك ناتوانین حكومەتی خۆجێیی پێك بهێنین".


پارێزگاری كەركووك بە حیزبێك یەكلایی نابێتەوە
لە بەرامبەردا جەعفەر شێخ مستەفا، لێپسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی ڕایگەیاند: "پارێزگاری كەركووك بە حیزبێك دانانرێت، كەركووك پێكهاتەی كورد، عەرەب و توركمانی تێدایە. دەبێت هەموو ئەمانە بەشداربن لە حكومڕانی و بە لێكتێگەیشتنی هەموو لایەك پارێزگارێك دابنرێت".

جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشی گوت كە "یەكێتیی ڕژدە لەسەر ئەوەی پارێزگارێك دابنرێت و یەكێتی بێت، چاوەڕێی ئەوە دەكرێت ئەنجامەكەی چۆن بێت، بە ڕای هەموو لایەك بڕیارێ لەسەر دەدرێت".


پارێزگار دەبێت بۆ فراكسیۆنە عەرەبییەكان بێت
فراكسیۆنە عەرەبییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پێداگریی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركووك دەكەنەوەو پێیانوایە ئەوان "نوێنەری شەرعین و ئامادەین دانووستان لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بكەین وەك گەورەترین فراكسیۆنی ئەنجوومەنەكە".


هەر لە دوای ئەو هەنگاوی فراكسیۆنە عەرەبییەكان، محەممەد شیاع سوودانی سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنەكەی ئاگادار كردەوە سبەی پێنجشەممە بۆ كۆبوونەوە  لەگەڵی بگەنە بەغدا.

ڕەعد ساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند:" ئەمڕۆ بەفەرمی ئاگەدار كراینەوە سبەی بە مەبەستی كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكوەزیران بچینە بەغدا بێ ئەوەی هۆكاری سەردانەكە بزانین".


سیناریۆی دیالە لە كەركووك دووبارە دەبێتەوە؟
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نەیتوانی پارێزگارێك بۆ شارەكە دابنێت لە ڕۆژی 24-04-2024، ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیاریدا، موسەنا تەمیمی وەك پارێزگاری دیالە لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە، تا پارێزگاری نوێ دیاری دەكرێت و سوێندی یاسایی دەخوات.


ئەحمەد ڕەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە پشكی بەرەی توركمانی بە درووی زانی سیناریۆی پارێزگای دیالە دووبارە ببێتەوە و بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "دوو سیناریۆ لەبەردەم یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووكە، سیناریۆ لاوازەكە ئەوەیە سەرۆكوەزیران كەسێك بۆ پۆستەكە دەستنیشان بكات، سیناریۆ بەهێزەكەش ئەوەیە ڕاكان جبووری لە پۆستەكەی بمێنێتەوە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ".


بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسەش دوای ئەو ماوەیە، ئەو ئەندامەی بەرەی توركمانی پێیوابوو، ئەو پرسە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تاوەكو دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان.
ئەحمەد ڕەمزی، پێداگریی پارتەكەی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی پارێزگاكە كردەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئەوە نییە دوو ساڵ پۆستەكە لای كورد بێت و دوو ساڵ لای عەرەب بێت و ساڵێكیش لای توركمان بێت، "چونكە لە ڕابردوو پۆستەكە لەلای كورد بووە، لە 2017وەش لای عەرەبە، بۆ ئەمجارە توركمانیش مافی خۆیەتی پۆستەكە وەربگرێت".

 

باكگراوند: ڕۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق كرا، كورد لە كەركووك توانی لە كۆی 16 كورسی، حەوت كورسی (یەكێتی پێنج كورسی و پارتی دوو كورسی) لەگەڵ كورسییەكی كۆتا بەدەستبهێنێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: