کۆدی نهێنیی حەشدی شەعبی؛ چیرۆکی دەستپێکردنی جەنگێکی نوێ لە عێراق

شەیری بکە لە:
کۆدی نهێنیی حەشدی شەعبی؛ چیرۆکی دەستپێکردنی جەنگێکی نوێ لە عێراق

سەرچاوەی وێنە: گێتی

ئاڤا دیجیتاڵ

 

لە 27 ە مین ڕۆژی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، پێشهاتێکی نوێ لە عێراق ڕووی دا. دەستەی حەشدی شەعبی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و بە کۆبوونەوەی نائاسایی ناویبرد، لەو کۆبوونەوەیەدا کە زۆرینەی سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئامادەی بوون، عەبدولعەزیز محەممەداوی ناسراو بە (ئەبو فەدەک) هەواڵی جەنگێکی نوێی بە گوێی عێراقییەکاندا دا.

 

ئەبو فەدەک، سەرکردەیەکی پێشووی کەتائیبی حیزبوڵڵایە لە عێراق، کەسایەتییەکی بڕیارسازە لەناو گرووپە چەکدارەکان، هەندێک بە جێگرەوەی ئەبو مەهدی موهەندیس دایدەنێن، کە ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی 2020 لەگەڵ قاسم سولەیمانی هەردووکیانی کوشت.

 

برووسکەیەک جەنگێکی دیکەی تووشی عێراقییەکان کرد

 

ئەبو فەدەک، بە برووسکەیەکی سەربازیی ڕۆتینیی گوتی "حەشدی شەعبی ڕۆژی دووی تشرینی دووەمی 2023 دەچێتە دۆخی لەناکاو". ئاماژەیەکی دیکەشی وەک کۆدی نهێنی بەکارهێنا: "دۆخەکە لە ناوچەکە هەستیارە، ئەوەی ڕوودەدات پشت دەبەستێت بەو پابەندییەی لەسەری ڕێککەوتووین".

 

چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە و لایەنەکانی لە ڕۆژی 28 ەمینی شەڕی غەززەوە دەرکەوت، کاتێک حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان گوتاری دا و بەبێ ئەوەی رۆڵی "مقاوەمەی لوبنان" لە جەنگەکەدا ڕوون بکاتەوە، بڕیاری عێراقییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان بە "حەکیمانە و ئازایانە" ناوبرد.

 

لەو ساتەوە گرووپەکانی نزیک لە ئێران، لە عێراق بوونە سەری ڕمەکە و بەرەی غەززە بەڕووی عێراقییەکاندا کرایەوە، لەکاتێکدا حکومەتێکی نوێ لە عێراق چێژی لەوە دەبینی هێزێکی سیاسی نوێی هەیە و بودجەیەکی 450 ملیار دۆلاری لەبەردەستدایە.

 

دەرکەوتنی مقاوەمەی ئیسلامی

 

دوای چەند ڕۆژێک لەوەی حەشدی شەعبی باری نائاسایی ڕاگەیاند، گرووپێک دەرکەوتن بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق" گوتیان دەست بە پڕۆسەی تۆڵەسەندنەوە دژ بە ئەمریکییەکان دەکەن لە عێراق و سووریا، دوای ئەوەی ئەمریکایان بە پشتیوانی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە تۆمەتبار کرد.

 

لە 17 ی تشرینی دووەم، ئەو گرووپە بە ئامانجگرتنی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدیان ڕاگەیاند، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای بەغدا، ئەویش لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، ئەوەش یەکەم هێرش بوو بەپێی ڕاگەیێنراوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە بەستیانەوە بە "تۆفانی ئەقسا" ئەو ناوەی حەماس بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاری هێنا و ئەبو فەدەک جەختی لێکردەوە.

 

ونبوونی ئەبو فەدەک


دوای ئەو هێرشە، ئەبو فەدەک لەبەرچاو ون بوو، هەرچەندە سەرەتا ئەو باری لەناکاوی ڕاگەیاند، لەوکاتەوەی ئەو ون بووە بەدیاریکراوی لە 29ی کانوونی دووەمی 2024ەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 160 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.


بنکەکانی عەین ئەسەد و هەریر، دوو گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکان دوای بنکەی بەلەد، کە ئەمریکا لە ساڵی 2015ەوە بۆ هێرشی دژ بە داعش بەکاریان دەهێنێت و لە ساڵی 2018 فراوانی کردن.

 

هێرشەکان تەنیا لە عێراق نەبوون، بەڵکو بنکە ئەمریکییەکانی لە سووریاش لەم ناوچانە گرتەوە، ئەوانیش تەنەف، کێڵگەی کۆنیکۆ، شەدادی، مالیکییە، ڕەکبان، ئەبو حەجەر، تەل بیدۆ، قەریە خەزرا و ڕومێلانن.

 

ڕاگەیێنراوەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەریخست سێیەکی هێرشەکان بەر هەردوو بنکەی عەین ئەسەد و هەریر لە عێراق کەوتوون، هێرشی یەکەم ناوی لێنرا "میراتگرەکان"، بەڵام دواتر لە تەلەگرام ناوەکەیان گۆڕی بە ڕاگەیێنراوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"  دواتر ئەو ناوە بۆ سەرجەم هێرشەکان بەکارهێنرا.

 

لە میراتگرەکانەوە بۆ مقاوەمەی ئیسلامی

 

میراتگرەکان پێش "تۆفانی ئەقسا" تەنیا پەیوەندییان بەو هێرشانەوە هەبوو کە بۆ سەر ئەمریکا بوون، ناوێکی بزووتنەوەیی لکێنراوبوو بە گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە، نەیدەویست لەخۆی دەربچێت بەهۆی هاوسەنگییە سیاسییەکان و شەرمەزارنەکردنی هێزە شیعەکان کە هەندێک پابەندییان لەگەڵ حکومەت هەیە. ئەمەش بەگوتەی یەکێک لە فەرماندە ناوخۆییەکانی گرووپە چەکدارەکان کە قسەی بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت کردووە.

 

بەرەی "مقاوەمە" مووشەکی کەم کاریگەریان لە ڕێگەی درۆنەوە بەکاردەهێنا، هەندێک جاریش هێرشەکانیان چڕ دەکردەوە، مووشەکی دوورمەوداشیان بەکاردەهێنا لەنێوان هێرشێکی بەهێز و لاوازدا چەند هەفتەیەکی دەخایاند، هەندێک جاریش دەگەیشتە مانگێک، بەڵام لەدوای ئەوەی حەشدی شەعبی باری لەناکاوی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی دەستەکە لەژێر ناوی حکومەتدا دامەزراوە، زۆربەی هێرشی دژ بە ئەمریکییەکان لە عێراق "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە ئەستۆی گرتن.

 

بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان "مقاوەمەی ئیسلامی" هەریەک لە گرووپەکانی (نوجەبا،کەتائیبی حیزبوڵڵا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا) دەگرێتەوە، دوای ئەوەی ئەو گرووپانە ڕایانگەیاند نایانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن و بەشێوەیەکی کاتیی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکا ڕادەگرن، ئەم زانیارییانەش لە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی دزەیان کردووە.

 

ئێستا قورسە جیاوازی بکرێت لەنێوان ئەو هاوپەیمانییەی کە سەرکەوتوو بوو لە پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی لە تشرینی دووەمی 2022 لەگەڵ گرووپە چەکدارە شیعەکان.

 

ئەو گرووپە چەکدارانە لەڕووی پێکهاتەوە ڕۆڵێکی قورس و قووڵ دەبینن، چونکە هەژموونێکی زۆریان هەیە لەناو حەشدی شەعبیدا، ئەو دەستەیەی لەژێر چەتری حکومەتدایە و حەسانەی مەزهەبیشی هەیە، بەبێ ئەوەی ئامادەبوونێکی ڕاشکاوانەیان هەبێت لە دەزگاکانی حکومەتدا  بە کورتییەکەی "هیچیان نییە لەدەستی بدەن".

 

گرووپەکان چۆن کەوتنە باری لەناکاو؟

 

پێش دوو هەفتە لە دەرکەوتنی ئەبو فەدەک و ڕاگەیاندنی باری لەناکاو، ئەفسەرێکی عێراقی بە پلەیەکی مامناوەندەوە کە لە هەواڵگریی حەشدی شەعبی کاردەکات، لە سووریاوە گەڕایەوە بۆ باشووری عێراق، لەڕێگەدا ئەفسەرێکی دیکە پەیوەندی پێوەدەکات و دەیخاتە دۆخێکی نوێوە. ئەو ئەفسەرە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت گوتوویەتی "گرووپە عێراقییەکان چوونە باری لەناکاوەوە بەبێ ئەوەی ڕێنمایی بکرێن وەک ئەوەی هەموویان تینووی شەڕ بن، ڕەنگە بە ڕێکەوت نەبێت دواتر ئێرانییەکان دەستیان کرد بە هاتووچۆی بەغدا و "پەیامی بەپەلە" یان هەبوو، بەدیاریکراوی ئەو تینوێتی شەڕە لەناو کایەی سیاسی گرووپەکانیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دروست بوو".

 

لە هەفتەی یەکەمی "تۆفانی ئەقسا"، ئێرانییەکان چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکان کرد. ئەو ئەفسەرە دەڵێت: "پێیان گوتین ئێمە بەشێکین لە ئێران و هێزەکانی لە ناوچەکە، ئێوە دەستی گورز وەشاندنن بۆ پاراستنی ڕەوتی شیعە، ئێستا بەتەنیا کاتی ئازادکردنی ئەقسا نییە، بەڵکو کاتی حوکمکردنی دەوڵەتانی ناوچەکەیەو ئەمە کاتێکی زێڕینە بۆ ئێوە".

 

یەکێک لەو بەرپرسە ئێرانییانە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ گرووپەکان گوتوویەتی "ئەگەر تاران پێگەکەی لە ئەنبار دەبوو، لە چەند ڕۆژێکدا قودسمان ئازاد دەکرد".

 

ئەنبار پارێزگایەکی سوننەنشینە، سنوورێکی درێژی لەگەڵ سووریا هەیە، بیابانێکی گەورەی درێژبووەوەی هەیە، چەند ساڵێک مەیدانی چالاکییەکانی قاعیدە و پاشان داعش بووە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ڕزگارکردنی لە ساڵی 2017 لەدەست داعش، گرووپە شیعەکانی حەشدی شەعبی چوونە ئەو ناوچەیە بە ناوی پاراستن و ڕێگریی لە گەڕانەوەی "تیرۆریستان".

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: