ڕێبەر ئەحمەد داوایەک لە وەزیری بەرگریی تورکیا دەکات

شەیری بکە لە:

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ وەڵامی پرسیارەکانی ئاڤا میدیا دەداتەوە

ئاڤا نیوز

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزیری بەرگریی تورکیا دەکات سەقامگیری بۆ سنوورەکان بگەڕێنرێتەوە و هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان کەمبکرێنەوە.

چیرۆکی سەرەکی: لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئێوارەی دوێنێ لە بەغداوە گەیشتە هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە یەشار گولەر، وەزیری بەرگریى تورکیا لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

لێدوانی فەرمی: لە وەڵامی پرسیاری کوردستان حەسەن، پەیامنێری ئاڤا میدیا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان، ڕێبەر ئەحمەد گوتی: "کۆبوونەوەیەکی باشمان کرد. سەردانێکی زۆر گرنگ بوو لە کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیاردا. باسی پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنقەرە کرا. لە سەردانیشیدا بۆ بەغدا باسی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا کراوە، بۆ ئەوەی بەرەوپێش بچن و سەقامگیرییەکی باشتر لە سنوورەکان هەبێت".

بابەتە ستراتیژییەکان: لە وەڵامی ئەو پرسیارەی داوای چی کراوە بۆ ئەوەی کێشەی سنوورەکان چارەسەر بکرێن؟ وەزیری ناوخۆ گوتی: "داوامان کرد هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان کەمبکرێنەوە. سەقامگیری بۆ سنوورەکان بگەڕێتەوە. چیتر هەرێمی کوردستان وەکو شوێنێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە دەرەکییەکان بەکارنەهێنرێت". ڕەتیشی کردەوە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوانیان واژۆ کرابێت.


بۆچی گرنگە: بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە و شەڕ و پێکدادانی بەردەوام لەنێویاندا لە ناوچە سنوورییەکان بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک، سەدان گوند چۆڵکراون  و ڕاستەوخۆش کاریگەریی کردووەتە سەر ئاسایش و کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان.


باکگراوند: هەر ئەمڕۆ لە هەولێر، یەشار گولەر بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: